ئەو بەدیلانەی دەست پارتی ناكەون!

09/02/2019

ئیبراهیم عەباس

دوا ساتەكانی سەرۆكایەتی بارزانی هێندە قورس لەسەری شكایەوە، هەموو ئەو ریسەی لێكرایەوە خوری كە بۆ بەهێزی پارتی و خانەوادەكەی چنیبووی، چونكە لێكەوتەكانی ریفراندۆم بۆ پارتی و بارزانی مۆتەكەیەكی ترسناك بوون و سەرئەنجام ئەوەی بارزانی چاوەروانی ئەكرد روویدا و خۆی ناردایەوە ماڵەوەو دەرگای سەرۆكایەتیەكەشی داخراو و كۆتایی هات، بەڵام ئەوەی كۆستی خودی بارزانی و پارتی خست، رووداوەكانی ١٦ ئۆكتۆبەر بوون، ئەو رووداوانەی زۆر حەز ئەكەن وەكو خیانەت بناسرێن.

مانۆرەكانی پارتی و بارزانی لە دوای لەدەستدانی نیوەی خاكی كوردستان، لەبازنەیەكی بچوك خولیان ئەخوارد ئەویش ئەوە بوو هەرێمی كوردستان بگەڕێتەوە دۆخی دوو ئیدارەیی و مەسعود بارزانی بێ ركابەر بكرێتە میرنشینی ناوچەكانی هەولێرو بادینان، بەڵام هەر زوو ئەمریكییەكان ستۆپیان بەو هەنگاوانە كردو پارتی ناچاربوو لەگەڵ واقیع مامەڵە بكات. بەڵام چۆن مامەڵەكردنێك، كە بۆ خودی بارزانی جۆرێك بوو لە خواردنەوەی ژەهر، چونكە بەهیچ جۆرێك ئەوەشیان بۆ نەچووە سەر كە نەوەی دووەمی تاڵەبانی، كە بارزانی و پارتی حەز ئەكەن وەكو خیانەتكاری بینان ناسێنن، لە مامەڵەی خۆیان دووربخەنەوە، چونكە بەهاوكاری دۆستە نێودەوڵەتی و عیڕاقی و هەرێمایەتییەكان، ئەم گروپە توانیان حزبەكەی خۆیان لە هەیمەنەی پارتی بپارێزن و لە قۆناغی سەپاندنی د. بەرهەم ساڵح بە سەرۆك كۆمار، هێندە سەركەوتووبن، دەرفەتی مانۆڕێكییان بۆ پارتی نەهێشبووە، تا ئەو جێگایەی ئێستا بە ٤٥ كورسی پەرلەمانیشەوە پارتی ناتوانێت بێ شەراكەتی پەنجا بە پەنجا، كابینەی تازەی حكومەت رابگەیەنێت.

هەنگاوەكانی بارزانی لەم سێ مانگەی دوای هەڵبژاردنەكان روونن كە بەهەر نرخێك بێت باڵا دەستی لە حكومەت بكات و كابینەیەكی زۆرینە پارتی بۆ مەسرور بارزانی كوڕی دەستەبەر بكات، بۆ ئەوەی لەم رێگایەوە لە چوار ساڵی داهاتوو رێگە لە داڕمانی پێگەی حزبەكەیان بكات، بەڵام یەكێتی یان وەكو پارتی ناوی ئەنێت (لاهورەكانی ناو یەكێتی) لە مانۆڕی بەهیزدان و ئەمە بەو نرخە هەرزانەی پارتی داوای ئەكات ئەستەمە دەستەبەر بێت، ئەگەر دەستەبەری مەحاڵ نەبێت.

كەواتە ئەی ئەو بەدیلانە چیین بەدوایدا گەڕاون هەر نەیان دۆزییەوە؟ بەدیلی فێڕدانە دەری یەكێتی یان وەكو پارتی كاری بۆ ئەكرد زاڵبوونی زیاتر بەسەر حوكمڕانیدا لە ئامادەگی نەوەی دووەمی تاڵەبانی كارێكی ئاسان نییەو فشاری زیاتری پارتی لەم پرسە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆ بەكراوەتر ئەهێڵێتەوە، هەموو ئەو رێگایانەشی لە چوار ساڵی رابردوو عەمدەن كاری لەسەر كراوە بەم هۆیەوە مووچەی مووچەخوارانیان پێكرد بەنیووە، ستۆك بوون و گەر ئەولەویەت و یەكەم هەنگاوی حكومەتەكەی مەسرور بارزانی هەڵگرتنی پاشەكەوتی زۆرەملێی مووچە نەبێت، دەبێتە كۆسپێكی گەورە لەبەردەم سەرۆك وەزیرانی نوێ. 

لەم قۆناغە باڵادەستبوونەوەی پارتی دوورە لەواقیع و ناچارە لەگەڵ یەكێتی رێكبكەون و بەشە بودجەو پارەی نەوت برایانە دابەش بكەن، ئەمەش جۆرە عەزابێكی ترە بۆ پارتی چونكە ئەزانێت هەتا یەكیتی پارەی لەبەردەستدا بێت، پاریزگاری لە پێگەكەی خۆی دەكات، چونكە بەو پارەیە گەشەی زیاتر بە هێزە چەكدارەكانی ئەكات، ئەو هێزە چەكدارانەی لە ١٦ ئۆكتۆبەر بینیمان، هەردوو هیزەكە تەنها بۆ پاراستینی خۆیان و حزبەكانیان مووچەو نانیان پێ ئەدەن.

ئیبراهیم عەباس

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی