رۆژئاوا و یەک رێگا

09/02/2019

ئاسۆ حاجی

لەوە دەچێ قەندیل لە یەک رێگا زیاتری نەهێشتۆتەوە کە ئەویش تەنها دەچێتەوە دیمەشق،واتا رێکەوتن لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد.
پەکەکە بە هەموو شتێک رازیە تەنها رێکەوتن نەبێ لەگەڵ حیزبە کوردیە رکابەرەکانی لە رۆژئاوا هەروەها رێگری کردن لە گەڕانەوەی پێشمەرگەی رۆژئاوا (لەشکری رۆژ) بۆ رۆژئاوای کوردستان.
ئەمەریکا بە راشکاوی بە ئیلهام ئەحمەدی هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات گووتوە کە پێویستە بڕیارێک بدەن و رێگایەک هەڵبژێرن،ئەمریکا بۆ پاراستنی ئەزموونی رۆژئاوا و باکوری سوریا  دوو مەرجی هەیە،یەکەمیان بڕینی پەیوەندیە لەگەڵ قەندیل و دوورکەوتنەوەیە لە دیمەشق هەروەها دەرچوونی هەموو ئەو سەرکردە و شەڕڤانانەیە کە خەڵکی سوریا نین ، دووەمیان رێکەوتنە لەگەڵ لایەنە کوردیەکان و دروست کردنی ئیدارەیەکی هاوبەشە.
ئەگەر پەیەدە ئەو دوو کارە نەکات ئەوە تورکیا لە سەر سنوورە و ئەمەریکا رێگری لە هێرشکردنی ناگرێت و لەگەڵ تورکیا رێک دەکەوێت بۆ ئەوەی رێگری لە زیاتر فراوان بوونی ئێران بگرێ.
ئەمەریکا هەوڵی زۆری داوە بۆ ئەوەی پەیوەندیەی لە ساڵانی 2011 تا 2013 لە نێوان تورکیا و پەیەدە هەبوو بژیێنێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش دانیشتن لە نێوان دەزگای میت و پەیەدە هەبووە لە چەند رۆژی رابردوو بەڵام لەوە ناچێ بە ئەنجامێکی باش بگات.
پەیەدە لە سەر ئاستی سەرکردایەتی ئێستا توشی لێکترازان بووە و بە سەر دوو ئاراستە دابەش بووە.
ئاراستەیەکیان پاڵپشتی لە بۆچوونی ئەمەریکا دەکا و لەگەڵ ئەوەدایە کە پێویستە رۆژئاوا لەلایەن کوردانی سوریا بەڕێوەببردرێن و هەوڵ بدرێ پەیوەندی لەگەڵ تورکیا دروست بکرێ و گومان و مەترسیەکانی بڕەوێندرێنەوە، ئەو باڵە لەلایەن شاهین چێلۆ سەرۆکایەتی دەکرێ کە خەڵکی کۆبانێ یە و ئە دامی سەرکردایەیی پەکەکەیە و بۆ ماوەیەکی درێژ لە کەسە هەرە نزیکەکان بووە لە عەبدوللا ئۆجەلان و چەند ساڵێکیش بەرپرسی رێکخستنەکانی پەکەکە بووە لە ئەوروپا، شاهین لە ناو خەڵکی رۆژئاوا خۆشەویستە و پاڵپشتی هەیە، ماوەی ساڵێک زیاترە لە ناو یەکێک لە بنکە سەربازیەکانی ئەمریکا لە نزیک رەققە دەمێنێتەوە و لەگەڵ فەرماندە سەربازیە ئەمریکیەکان بزاڤ دەکا.
ئاراستەی دووەم تەواو گرێدراوی قەندیلن و هەر جۆرە دوور کەوتنەوە و پەیوەندی بڕین بە خیانەت دادەندرێ، ئەو باڵە زیاتر کار بۆ ئەوە دەکات لەگەڵ دیمەشق رێکبکەون و ئێران و روسیا نێوەندگیریان بکەن،ئەو باڵە لەلایەن سەبری ئۆک و نورەدین سۆفی سەرکردایەتی دەکرێن، نوردەین سۆفی خەڵکی رۆژئاوایە بەڵام سەبری ئۆک کە باڵاترین دەسەڵاتی رۆژئاوای لە دەستە و ئەو بەرپرسی دەستەی سەرۆکایەتی رۆژئاوایە کە شاهین چێلۆ و نوردەین سۆفی ئەندامن تێیدا.
ئەزموونەکانی پێشووتری پەکەکە لە رۆژئاوا و باکوری کوردستان ئەوەمان پێ دەڵێ کە دۆخی رۆژئاوا بەرەو ئالۆزی زیاتر دەچێ یان ئەوەتا پەیەدە بە رازی بوون بە هەموو مەرجێکی حکومەتی سوریا بە رادەست کردنەوەی رۆژئاوا کۆتایی بەو ئەزموونە دێنێ،یان ئەوەتا مێژووی کەوتنی عەفرین لە قامشلو و کۆبانێ دووبارە دەکاتەوە.

ئاسۆ حاجی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە