بەختەوەری و نوخبەی حوکمڕان

09/02/2019

فەرمان عەبدول‌رەحمان

ئەریک وارنەر لە کتێبە نایابەکەیدا (جوگرافیای بەختەوەری) باس لە پەیوەندی جوگرافیاو بەختەوەری مرۆڤەکان دەکات لەو کتێبەدا وارنەر دەڵێت چیدیکە جوگرافیا بەرپرس نیە لە بەختەوەرکردنی ئینسان بەڵکو سیستمی حوکمڕانی و ئەو ژیانەی کە سیاسەت و دەسەڵات دروستی دەکەن بەرپرسی یەکەمن لە فەراهەمکردنی ئاسودەیی و بەختەوەری ئینسانەکان..

ئەریک وارنەر نمونەی فنلەنداو ئایسلەنداو قەتەرو نامیبیاو سینگاپور دەهێنێتەوە کە هەریەکێکیان هێمان بۆ جوگرافیایەکی سەخت و تاقەتپڕوکێن کە سروشتەکەیان هاوکارن بۆ بێ تاقەتکردنی ئینسان بەوپێیەی لە فینلنداو ئایسلەندا کەشێکی ساردی بەستەڵەکی و لە قەتەرو نامیبیاش کەشێکی گەرم و وشکی بیابانی و لە سینگاپوریش کەشێکی شێداری ئیستیوائی بونیان هەیە بەڵام بەهۆی بونی دەسەڵاتێکی کارامە و حوکمڕانییەکی سەرکەوتوو، بەختەوەری بووەتە سیمای ژیانی مرۆڤەکانی ئەو کومەڵگایانەی..

بە پێچەوانەوە چەندین وڵاتیش هەن کە خاوەنی جوگرافیایەکی جوان و سروشتێکی دەوڵەمەندیشن بەڵام لەبەرئەوەی نوخبەیەکی فاشیل حوکمی دەکەن و دەسەڵات نغرۆی فەساد بووەو بەختەوەری لەو وڵاتانەدا بووەتە شتێکی مەحاڵ بۆ ئینسانەکان لە نمونەی ئەو وڵاتانە لوبنان و بیلاروسیاو فەنزەویلاو زیمبابۆی.. جا بە فیعلی نوخبەی حوکمڕان و دەسەڵاتداران ماکی هێنانی بەختەوەرین بۆ کۆمەڵگەکەیان تۆ تەماشا بکە هەریەکە لە فەنزەویلاو زیمبابوی دوو وڵاتی دەوڵەمەندو دوو جوگرافیای جوانن بەڵام شکستی حوکمڕانەکانیان و رۆچونی دەسەڵات لە زەلکاوەکانی فەساددا چۆن ئابوری ئەو دوو وڵاتەی داتەپاندووە..

هەر کاتێک تێزەکانی ئەریک وارنەر دەخوێنمەوە هەرێمی کوردستانم بیر دەکەوێتەوە هەرێمێکی جوان سروشتێکی دەوڵەمەند بەڵام چۆن لەسایەی نوخبەیەکی حوکمڕانی فاشیل و بێ بەهرەو فاسید میللەتێک بە ئێستاو ئایندەشیەوە بووەتە مەسخەرەی دەستییان.. تۆ سەیری ئەو دەموچاوانە بکە لە مەکتەبی سیاسی جوت حیزبەکە ۲۸ ساڵە وەک کابوسێکی ناشرین دووبارە دەبنەوەو دووبارە دەبنەوە ئەوەشی بڵێی بەهرەو سەلیقەی حوکمڕانی نیانە ئاخر ئاسودەیی چۆن بەرجەستە بێ لە کاتێکدا ۲۸ ساڵە چەند دەموچاوێکی ناشرین نەخشەی حوکمڕانی و بناغەی حکومەتت بۆ تەشکیل بكەن.
فەرمان عەبدول‌رەحمان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی