گۆڕان‌و پارتی دەسپێكی سازان‌و كۆتایی ترازان

10/02/2019

هونەر رەسوڵ ئەحمەد

لەچەندساڵی رابردوودا بەدیاریكراویش لەدەسپێكی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم كەوابریاربوو چوارساڵی ئارام بۆهاوڵاتیان فەراهەمبكرێت و فراوانی بنكەی حكومەتەكەش بكرێتە سەرەتایەكی تر بۆ دەسپێكی قۆناغێك كەتیایدا هەموان شانبدەنە بەر سەختیەكانی، موزایەدەی سیاسی و ململانێی پارتی و گۆران هەموو شتێكی پێچەوانەكردەوە، كەلەسایەی ناكۆكیەكانی هەردوولا، نەك هەرنەتوانرا چوارساڵی ئارام فەراهەمبكرێت، بەپێچەوانەوە دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستانیان بە قۆناغێك گەیاند، كە پەرلەمانی كوردستانیش وەك دامەزراوەیەكی گرنگ و شەرعی دەرگاكەی بەرووی سەرۆكەكەیدا داخراو، ئەو وەزیرانەشی بەركەوتەی بزووتنەوەی گۆران بوون بارگەو بنەیان پێچایەوەو لەپایتەختی هەرێمی كوردستان وەدەرنران. 

هەڵبەت هیچ پاساوێك نیە بۆداخستنی پەرلەمان یان هەردامەزراوەیەكی تری گرنگ، چونكە وەك چۆن گۆران لەوقۆناغەدا شەری تایبەتی كردە بنەما، پارتی و كاردانەوەكانیشی تەواو حیزبی و تایبەت بوون،واتا هەنگاوەكانی گۆران و پەرچەكرداری پارتیش دووروی دراوێك بوون و دووئاراستەبوون كەبارگاوی بوون بەململانێی حیزبی و درێژكراوەی رووداوەكانی پێشتر بوون، كەسەرەنجام تەنها ئەزمونی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی بوونە قوربانی.

لەئێستاشدا كەقۆناغە بەبەراوورد بەرابردوو هیچ گۆرانكاریەكی تیادا بەدی ناكرێت، بزوتنەوەی گۆران لەگەڵ بەردەوامی نیگەرانی دەنگدەرانیشی، بریاری داوە بەهەرنرخێك بێت بەشداری كابینەی نوێەمی حكومەتی هەرێم بكات، بەشداری گۆران خواستێكە كەئیدی بریاری كۆتایی لەبارەوە دراوەو سەرجەمی ئەو گفتوگۆ كراوەو داخراوانەشی لەم بارەیەوە دەكرێن، تەنها بۆ جوانتركردنی وێنەی بەشداریەكەی گۆرانە، ئەگەرنا هەرچەندە دەنگی نارەزایەتی لەناو بزوتنەوەكەدا زیاتریش بێ،هێشتا ناتوانێ ئەو قەناعەتە لای ئەوبەشەی گۆران بگۆرێت كە بریاربەدەستی كۆتایین و هیچ فشارێكیش ناتوانێت ببێتە هۆی پێداچوونە بەبریارەكەیان.ئەمە لەكاتێكدا واقعی سیاسی هەرێمی كوردستان بەجۆرێكە بەشداریكردن یان نەكردنی گۆران هیچ لەهاوكێشە سیاسیەكە ناگۆرێت، وەك چۆن بەشداری كۆمەڵی ئیسلامیش(كەخواستێكی زۆر لای سەركردایەتیەكەی هەیە بۆبەشداری) هیچ قورساییەك بۆحكومەتەكە دروست ناكات، جگەلەوەی هەندێك سەركردەو كەسی نزیك و تایبەت لەورێگەیە دەتوانن بخرێنە سەركار، ئەزمونی بەشداری (گۆران وكۆمەڵی)ش لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم ئەوراستە زیاتر دەسەلمێنێت كەدوای جێهێشتنی كابینەی هەشتەمیش، ئێستاش كاروبارەكانی حكومەت وەك خۆیانن و هیچ كەلێنێكی گەورەی ئەوتۆ دروست نەبووە كەببێتە هۆی ئەوەی هەنگاوەكانی حكومەت پەكبخات.

لەراستیدا بەشداری گۆران و چۆنیەتی بەشداریكردنیشی ئەوەندە گرفت نیە، ئەوەندەی بۆچی و چی دەكات لەحكومەتدا گرنگە، چونكە مەعلومە گۆران كەنیوەی دەنگەكانی لەدەست داوەو رێژەی كورسیەكانی بۆ 12 كورسی پەرلەمانی دابەزیووە،بۆكابینەی داهاتووی حكومەتیش  لاوازترو بێ كاریگەرتر بەشداری دەكات، هەموو ئەوانەشی لەناوگۆراندا واقعەكە وەك خۆی دەبینین وەڵامی ئەو پرسارە جدیەیان لایە، كاتێك گۆران بە24 كورسی پەرلەمانیەوە نەیتوانبێت بەردێك بخاتە سەربونیادی حكومەت،بەبەشداریەكی تری ناكاریگەرەوە چی دەكات لەحكومەت ؟ ئەمەجگەلەوەی هێشتا رونیە ئەزمونی كابینەی هەشتەم دووبارەدەبێتەوە یان نا؟ چونكە ئەم سەرەتایەی ئێستا دەبینرێت هەمان وێنەكانی ئەوساتەن كە رێكەوتنی گۆران و پارتی تیایدا لەدایك بوو بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام دواتر هەمووان ئەوەیان بینی ململانێی تایبەت بۆدەسكەوتی بچوكی حیزبی، حكومەتی هەرێمی كوردستانی بەرەوكوێ پەلكێشكرد، كە لەوكاتەشدا ئەگەر بەشداری كارای یەكێتی و بریاری دروستی سەركردایەتیەكەی نەبوایە، چارەنوسی حكومەتەكە بەرەو لەناوچوون دەرۆیشت، بەڵام یەكێتی وەك ئەركێكی گرنگ، توانی سارێژی زامی قوڵی قۆناغەكە بكات وشانبداتەبەر ئەو سەختیانەو دواجاریش حكومەتی لە كەوتن و هەڵوەشاندنەوە پاراست، كەبێگومان یەكێتی لەو كاتەدا بەو هەنگاوەی ئەو راستیەی زیاتر سەلماند كە واقعی پێگەی یەكێتی یەكسان نیە بە واقعی پێگەی پەرلەمانی، وەك چۆن ئەمە بۆ گۆرانیش پێچەوانەكەی راستە، چونكە ئەگەر پێگەی پەرلەمانی بنەمای كاریگەری و رۆلبینین بێت، دەبوو كابینەی هەشتەمی حكومەت دوای گۆران كۆتایی هاتبا،یان یەكێتی وەك هێزێك كەلەو قۆناغەدا تەنها خاوەنی 18 كورسی پەرلەمانی بوو بەرپرسیاریەتی بەركەوتبا و بەبارتەقای كورسیەكانی رۆڵی هەبوایە،بەڵام سەختی قۆناغەكەو جەنگی داعش و هەنگاوەكانی بۆپاراستنی ئەزمونەكە،ئەوەی دەرخست كە پێگەی پەرلەمانی و واقعی پێگەی سیاسی دووبایەتی جیاوازن و بۆ ئەم قۆناغەش دەبێت ئەو راستیە لەبەرچاوبگیرێت و شەراكەتی راستەقینە بنەمابێت،چونكە هێشتا روننیە داهاتووی پەیوەندیەكانی گۆران و پارتی بەچی دەگات و تاكەی و تاكوێ بەیەكەوە دەبن؟كەبێگومان بەسازان دەست پێدەكەن و بەترازان كۆتایی دێت.

هونەر رەسوڵ ئەحمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی