وڵاتە یەکگرتووەکانی کوردستان

10/02/2019

کامەران قازی

                                       
کەم نەتەوە ھەیە وەک نەتەوەی کورد:

ئازارێکی وا درێژخایەن و ئەشکەنجەیەکی ئاوا رۆحی درابێت و بە توندی و لە ھەموو سەردەمەکاندا، بەڵایەنی کەمەوە سێ ئابووری، سێ کلتوری دڵڕەقی ، بووبێتنە پاڵپشتی سێ لەشکری دڕندە کە ئاگری لە ژیان و مان و سەرزەویی ئەم نەتەوەیە بەردابێت، کلتوری پیاوانەی داگیرکەران کە گۆشکراوە بە رەگەزپەرستییەکی کوێرانە، تەنانەت کاری گەری لەسەر ژنانی نەتەوە سەردەستەکانیش کردووە و زۆر جاران ھاوبەشی چالاکانەیان ھەبووە لە ئۆپەراسوێنە سەربازییەکاندا، یا لە نووسین و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانیاندا، تەواو وەک پیاوانی نەتەوەکانیان بیریان کردۆتەوە، ئەوەیان لە یاد چووە کە ژنانی نەتەوەی کورد کە ھاوڕەگەزی خۆیانن، جگە لە بندەستی پیاوان، زۆرترین زوڵم و کوشتن و ئەشکەنجەیان بەدەستی براو پیاوەکانی ئەوان کە سەربازانی داگیرکەرانی کوردستانن، چەشتووە. 

لە حاڵێکدا دەبینین کە ژنانی چالاکوانی نەتەوە سەردەستەکان لە کوردستان، بەدەنگ هەموو ئازاری ژنانی دنیاوە دەچن و خۆپیشاندانیان بۆ دەکەن و لە بارەیانەوە دەدوێن، بەڵام ‌کڕ بوون و کەڕ بوون و لاڵیان هەڵبژاردووە کە مەسەلەکە هاتبێتە سەر شێرەژنانی ستەمدیدەی ئەم نەتەوە بندەستە.

ئەمە ناشرینترین قۆناغی ژیانی نەتەوەکانی ئەم ناوچەیەیە بە تایبەتی و مرۆڤایەتییە بەگشتی، لە کۆڵۆنییەکی نێودەڵەتی وەک کوردستاندا، ھەموو  ھەوڵەکان دراوە کە ناسنامە و کەسایەتی تاکەکانی کورد، ون بکرێت و بگۆڕدرێت و بچوک بکرێتەوە بە جۆرێک کە تاکی کورد شەرمەزاربێت لە کورد بوونی خۆی و (سەربەرزبێت بەوەی کە زمانی یەکێک لەو نەتەوە سەردەستانە بەباشی فێر ببێت:

 لە کاتێکدا کە بیرمەندی مەزن، مامۆستا مەسعود محەمەد دەڵێت: زمانی فارسی، لەهجە ڕەسمییەکەی زمانی کوردییە، قسەی ئەو حجەتی تەواوە).

ھەمیشە سیستەمە سەربازییە، ئابوورییە، کلتورییە دڕەکە، ئەوەی بەگوێماندا داوە کە زمانی ئێمە زمانێکی ناوچەیی و بێتوانا و نزمترە لە زمانی نەتەوەسەردەستەکان وئەمەش لە ناوچەکانی کوردستاندا وەک یەک نەبووە، بۆ نمونە لە باکوری کوردستان، بە شێوەیەکی سستماتیک کار بۆ لە ناوبردنی کلتوری کوردی کراوە بەتایبەتی ( زمانی کوردی) .

بێگومان سیستەمە سەربازییە داگیرکەرەکە، ویستویەتی کە بەربەستێک دروست بکات لە نێوان منداڵان و باوانیاندا، کە بە زۆری زمانی تورکیان نەزانییوە، بۆ ئەم مەبەستەش، پەنایان بۆ ھەموو ئامێرەکان و شێوازەکان بردووە:

 وەک ئەوەی کە مامۆستاکان لە کوردستان بە زۆری تورک بوون، کاتێ منداڵێک بەیانیان دەچوو بۆ قوتابخانە مامۆستا کە وەک جەندرمەیەک رەفتاری دەکرد، بەر لە ھەر شت، بە منداڵەکەی دەوت : زمانت دەربێنە بزانم بە تورکی قسەت کردووە یان بە کوردی، لە کام جێگای ئەم سەر زەوییەدا مامۆستا بەو جۆرە رگەزپەرستانەیە لەگەڵ منداڵێکی ساوادا ڕەفتار دەکات و بۆ ھەتا ھەتایە ترسێکی شاراوە لە رۆحیدا دەچێنێت؟! نموونە زۆرە و ئەو مێژووە پڕ لە ھاوارە بێدەنگە دەبوو وانەیەکی گرنگی ھەموو قۆناغەکانی خوێندن بایە، بەڵام ئێمە بیرەوەریدانمان فرە لاوازە و کەمترین  دەرس و ئەزموون لە قۆناغەکانی شکستمان وەردەگرین.

ئەوە حاڵی دوژمنانمان کە لەوە باشتریان لێ چاوەڕوان ناکرێت، ئەی ئێلیتی خۆمان کە خۆی بە پێشڕە و زانای ھەموو بوارەکان دەزانێت، لەو ھەموو کەناڵ و میدایا  و ماسمیدیا زۆرانەوە، چ کارێکی ریشەی و کۆنکریتی کردووە لەسەر گۆڕێنی زەین و بۆچوونی دانیشتوانی باشووری کوردستان؟! ئێمە ھەروەک داگیرکەران دەیانەوێت، بە خوشک و براکانی رۆژھەڵاتمان دەڵێین ( ئێرانی ) ھێشتا زەینی خۆمان لەو نەخشە دابەشکراوەی کە دوژمن لە رۆح و مێشکماندا چاندوویەتی پاک نەکردۆتەوە و سەرتایەک بۆ ھەنگاونانی جدی دەست پێبکەین.

 لە یادمە کاتێ لە شاخ بووین، گوێم لی دەبوو، بە تەوسەوە دەیان وت کە ( کوردەکانی تورکیا!!!! ) تازە وان لە( ئەیرەقیب) دا، وەک ئەوەی کە رۆشنبیرانی!!! سلێمانی، ئەستێرەی مەریخ و مانگیان فەتح کردبێ، نەمان زانی کە ئەوان بەڕاستی لە ڕەگ و ڕیشەوە، رەقیبیان ناسیوە و شیکاریان بۆ کردوە و رێگەکانی بەرەنگاربوونەوەیان داڕشتوە و نەک لە باکوری کوردستان بەڵکو لە ھەموو ئەوروپادا، جڵەوی دەستپێسخەرییەکان بەوانە ، دنیا لە دسپلین و توانای داھێنان و نوێبوونەوەی بەردەوامیان واقی وڕماوە، بۆیە  دەبوو پێش بەم بزووتنەوەیەی کوردایەتییە بگرن و لە پلانێکی جیھانیدا یەکێک لەسەرکردەکانی شۆڕشی ڕیشەیی نەتەوەکەمانیان کردە ئامانج و پێیان وابوو کە دەتوانن بەر بەم زەریا خرۆشاوە بگرن. 

ئێلیتی ئەم دەڤەرە، فرە ناوچەیی و سنووردار بیردەکاتەوە و بەھەر بەھانەیەک بووە دەیەوێ ئەو ژەھرە لە مێشکی خەڵکدا بڕیژی کە ئێمە ( چوارپارچەکەی کوردستان) ناتوانین ھەرگیز یەکبگرینەوە و جیاوازیمان زۆرە، ئەڵبەتە ئەم دەردە تەنیا لە سلێمانی بلاو نەبۆتەوە، من لە ھەندێ لە کوردە رۆشنفکرەکانی!!! رۆژھەلاتیشم بیستووە، لە باتی دوژمن بەم جۆرە رەواییان داوە بە داشکردنەکەمان : 

بە منیان دەووت : کاکە کوردستان وەک باوکێکە چوار کوڕی ھەبێت، کورەکان ژنیان ھێناوە و ھەرکەس چۆتە سەرماڵی خۆی، بڕوانە ئەم خورافاتە بنجگرتووەی ھۆشی ئیلتی سەرکردە و پێشڕەو، ئەگەر کورد ھەمووی ھەزارکەس بوونایە و زمانیان نەبایە و ھەر بەئیشارەت داوای مافی خۆیان کردبایە، دەبوو ئێمە وەک ئینسان رێز لە خواستەکانیان بگرین و مافی هەڵبژاردنی چۆنێتی  ژیانی خۆیان ھەبایە...

ئێستا ئێمە ھەزار نین و ملێۆنانین و لاڵ نین و قسە ئەکەین!!! ناوچەی سکۆنە لە سوید، ھیچ سویدییەک لەزمانیان حاڵی نابیت، نەمان بێنی ئێلیتی رۆشنبیری سویدی رۆژێک باس لەوە بکەن کە سویدییەکان و سکۆنەییەکان جیاوازی زمانیان ھەیە و دەبێت جیا ببنەوە، بۆ وایان نەووت؟ چونکە ئەوان بەراستی بیریان رۆشنە و نیشتمان و نەتەوەی خۆیان خۆشدەوێت.

 وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەسەر بناغەی جیاوازی زۆر گەورە دروست بووە، دوو شار نادۆزییتەوە لە ھیچ وڵاتێکی دنیادا جیاوازیان نەبێت. 

بناغەکە( جیاوازەیە) نەک (وەک یەکی)، کلتورە جوانەکان لە جیاوازییەوە دروست بوون دەنا ھەموویان یەک جۆر دەبوون و ئەوەش دەبووە ھۆی خەمۆکییەکی سەرتاسەری جیھانی.

 خوشکێکی بەڕیزی ڕۆژهەڵاتیم کە دەرهێنەری سینەماییە  باسی  ڕەنگ و فۆرمێکی ئایندەی بۆ کوردستان دەکرد ئەویش ( وڵاتە یەکگرتووەکانی کوردستان) بوو، کە پێموایە مەبەستی لەوە بوو کە لە ئێستادا ھەر پارچەیەک دەتوانێت بە شێوازی گونجاو ھەوڵ بۆ فیدرالییەت و بە ھەرێم بوون بدات، کە ھێدی ھێدی رێخۆشکەر دەبن بۆ نزیک بوونەوە و نەھێشتنی سنوورە دەستکردەکان و تێکەڵبوونەوەی کلتورەکە، پاکبوونەوەی زەینمان لە خڵتەی کلتوری داگیرکەران کە ھەمیشە بەو جۆرە وەسوەسەی کردووین، کە ئێمە ( ئێرانی و عیراقی و سوری و تورکین).

ئێمە ( میدیا ) ین و لەسەر زەوی خۆمان، هەزاران ساڵە دەژین، و ئەو خاکەی ئێستا ناوی ئێرانە بەشێکی بچوکی قەڵەمڕەوی ( میدیا) ییەکان بووە، ئەوە دروستە.

 ئەم کارەش وەک ھەموو کارەکانی تر دڵسۆزی و زانایی دەوێت تا بتوانین لە ڕیشەوە گۆڕانکاری لە رۆحی تاکەکانی کوردا بکرێت.

 باکور و خۆرائاوای کوردستان، بە ئەزمونیکی گرنگدا تێدەپەرن کە چاوەڕوانی گەورە و سەرکەوتنی مەزنیان لێدەکرێت و دەتوانن ببنە سەرمەشق بۆ بەشەکانی تری کوردستان لە زۆر ڕووەوە، کە گرنگترینیان کارکردنە بە جدی و ھەوڵدانە بۆ گۆرانکاری ریشەیی لە زەین و رەفتاری تاکەکانی کوردا بە ئاراستەی کوردستانی بوون...        


کامەران قازی 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی