هەرێمی کوردستان تاکەی دەمێنێ؟ هەرێم لەنێوان پوکانەوەو بەردەوامی دا

10/02/2019

دڵشاد ئەنوه‌ر


.
پێش ئەوەی بێمە سەر باسکردنی ئەو ئەگەرەی، گەر هێزە شیعیەکان کاری لە سەر بکەن ، ئەوا هەرێم دەکەوێتە بەر مەترسی داروخان ، کەمێک دەچمەوە دواوە و ئاماژەیەکی کورت بە سەردەمی داعش و ١٦ ی ئۆکتۆبەر دەکەم .
.
هەموو خەڵکی کوردستان ئەوە دەزانن ، دوو حیزبەکە و بەرپرسەکانیشیان باش دەیزانن ، گەر وڵاتانی ئیقلیمی و وڵاتانی نێودەوڵەتی نەهاتنایەتە خەت، دەسەڵاتی تەمەن چارەکە سەدەی هەرێم ، نەیدەتوانی بەر بە پێشرەوی رێکخراوێکی تەمەن دوو ساڵی وەکو داعش بگرێت.
.
کاتێک داعش بەرەو هەرێم دەهات، بەرپرسانی پارتی و یەکێتی لەبری ئەوەی دان بە لاوازی و حیزبی بوونی هێزەکانیان بنێن ، لە بری ئەوەی لە خۆیان بپرسن ئەوان بە قایمە ٤٠٠ هەزار پێشمەرگەیان هەیە ، بەڵام لە سەنگەرەکاندا بۆ ٥٠ هەزار پێشمەرگەی فیعلی بوونی نیە؟
دەیانگوت : چەک و تەقەمەنی پێویستیان بۆ بەرەنگاری ئەو رێکخراوە نیە ، لەکاتێکدا داعش هەر بی ئێن تی و تەقینەوە شەڕی دەکرد و زۆربەی تەقینەوەکانیشیان لە دەبەی بانزین و سابون و بزمار دروست دەکرد.
.
یاخود لە ١٦ ی ئۆکتۆبەردا ، گەر هەل و مەرجی نێو دەوڵەتی رێگەی بدایە ، هیچ لەمپەرێک لەبەردەم هێزە عێراقیەکان دا نەبوو بۆ ئەوەی تا زاخۆ برۆن ، راستە لە پردێ بەریان پێگیرا و لە سحیلاش پێشمەرگە رووبەروویان بوویەوە ، بەڵام ئەوەی عێراقی راگرت، گڵۆپی سوری دەرەوە بوو نەک شەڕێکی چەند کاتژمێری.
.
دەمەوێت ئەو دوو ڕوداوەی سەرەوە بکەمە بەڵگە بۆ ئەوەی هەرێم تا ئێستا هەل و مورجی نێو دەوڵەتی رایگرتووە ، نەک توانای نێوخۆیی و هێزی حیزبی.
.
هەرێم، خاوەنی توانایەکی مرۆیی باشە، خەڵک و پێشمەرگەی ئازای هەیە ، خاوەنی سەرخان و ژێرخانی ئابوریەکی وایە تا بۆ لەسەر پێی خۆ وەستان سودی لێ ببینرێ، بەڵام کێشەکە یەکێتی و پارتین، کێشەکە بەرپرسانی ئەم دوو حیزبەن کە:ئەوەی باش بێت بۆ ئەم میللەتە توخنی ناکەون و ئەوەشی خراپە بێت لێی ناگەرێنەوە.
.
ئەم دوو حیزبە خەڵکیان لە مەبدەئو قەناعەت داماڵی ، ئەوەی ئینتیما بێت لای خەڵک نەیانهێشت، ئومێدەکانیان زیندە بەچاڵ کرد، چونکە دەبینن ئەوانەی باسی شۆرش و کوردایەتی و دەوڵەت دەکەن ، نغرۆی گەندەڵی بوون ، شەو و رۆژ خەریکی نەوت و قاچاخچێتی و دەرمان فرۆشی و خراپەکارین، شتێک نەماوە بەناوی یەکریزی ناوخۆیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی .
.
هەرێمێک خاوەنی هێزی نیزامی و نیشتیمانی نەبێت، خەڵکەکەی بروا و ئینتیمایان نەمابێت ، حیزبەکانی خەریکی ڕاوی بەرژەوەندی و بەرپرسەکانیشی سەرقاڵی قاچاخچێتی بن ، بێگومان مانەوەشی هەر لەسەر کات وەستاوە ، کوردەواری دەڵێت "ئەم کەڵەکە تڕێ ، رۆژێک هەر دەڕووخێ "
.
مەترسیە گەورەکە !
.
ئەوانەی سەرەوەم وەکو پێشەکیەک باسکرد ، ئەوەی مەبەستمە ئاماژەی بۆ بکەم و بە مەترسی دەزانم ، ئەم چەند دێڕەی خوارەوەیە.
یەکێتی و پارتی بەردەوامن لە ڕووتاندنەوەی وڵات و خراپەکاری، هیچ متمانەیەک لەنێوان خەڵکی کوردستان و دەسەڵاتی سیاسی هەرێم دا نەماوە .
خەڵک جاران ئومیدی بە هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی هەبوو ، ئیستا متمانەی بەوانیش نەماوە و لەوان جیایان ناکاتەوە ، چونکە ئەوانیش هەم ناتوانن ببنە بەدیلی یەکێتی و پارتی و بە جۆرێکی جیاوازتریش ڕاوی بەرژەوەندی دەکەن.
وڵاتانی دەوروبەر و هێزە عێراقیەکانیش جوان دیراسەی نەمانی متمانەیان لە نێوان خەڵکی کوردستان و سوڵتەی سیاسی هەرێم دا کردووە ، ئەزانن خەڵک چەند لە حیزبی کوردی و بەرپرسەکانی بێزارە، بێگومان ئەوان دەستەوەستان نابن و لە داهاتودا پلانیان بۆ ئەمە دەبێت .
ئەوان دەتوانن ئەم بێ متمانەیی و بێزاریەی خەڵک کە گەیشتوتە ئاستێک ، خەڵک داوا دەکات بەغدا خۆی موچەی فەرمانبەران دابەش بکات و نەیداتە دەست پارتی و یەکێتیەوە ، بقۆزنەوە و هەرێمی پێ بپوکێننەوە.
لە هەڵبژاردنی پێشوتردا ، لیستەکەی عەبادی و حەکیم لیستیان لە کوردستان هەبوو، ئەوان بە دەم خەوەوە نەهاتبوون ، بەپلانەوە هاتبوون ، بەڵام خەڵک ئیستیجابەی بۆیان نەبوو، دەنگی پێنەدان،چونکە ئەوکات هێشتا متمانە بە هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی کەم تا کوت مابوو.
.
بێگومان خەڵکی کوردستان بەهۆی نەمانی متمانەی بەهێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی و نەمانی ئومێدی گۆڕانکاری ، خیاری تری لەبەردەم نەماوە ، بۆیە دوور نیە لە داهاتودا گەر هێزە شیعیەکان و عێراق پلانی بەشداری کردنی بەهێزی لە هەڵبژاردن لەهەرێم هەبێت ، خەڵک دەنگیان پێبدات ، خۆ ئەگەر دەنگیشیان هێنا ، ئەوان گۆران نین ، تا کاک مەلا بەحتیار پێیان بڵێت ( ئێمە دوو کورسیشمان هەبێت خاوەن هێزین ).

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی