مادۆرۆ.. شوفێری پاسێكی ترسناك

11/02/2019

هونەر تۆفیق

ماوەیەكە فەنزویلا ، لەیەك كاتدا دوو سەرۆكی هەیە . سەرۆكی پەرلەمان خوان غوایدۆ بە پشتیوانی ئەمریكا خۆی بەسەرۆكی كاتی وڵات ناساندووە ، لەهەمان كاتدا نیكۆلاس مادۆرۆ سەرۆكی هەڵبژێردراوی خەڵكە ، بەڵام ناكۆك و نەیاری ئەمریكایە .

مادۆرۆ لە شوفێری پاسەوە بۆ سەندیكای كرێكاران ، لەوێوە بۆ ئەندام پارلەمانی و هاوبیربوون لەگەڵ هۆگۆ شافیزی دژە ئەمریكا و دواتر بۆ سەرۆك كۆماری بولیڤاری . سیمون بولیڤار باوكی شۆرشی بولیڤاری ( كۆلۆمبیا - فەنزویلا ) لەسەدەی هەڤدەیەمدا شۆرشی ئازادی باكووری ئەمریكای لاتینی دەستپێكرد . نەوەی دووەمی شۆرشی بولیڤاری لە ئەمریكای لاتیندا ، فیدل كاسترۆ و چەی گیڤارابوون . نەوەی سێهەمیان هۆگۆچاڤیز و مادۆرۆن .

مادۆرۆ سیاسەتی وڵاتەكەی لە بەردەوامی و درێژكراوەی شۆڕشی بولیڤاریدا دادەڕێژێت كە لەبری ئیسپانیا ، ئەمریكا بە داگیركاری ئابووری و سامانی نەوتی فەنزویلی دەناسێنێت .

ئەمریكا فشارێكی ئابووری سەختی خستۆتە سەر فەنزویلا كە بەهای دراوەكەی (بولیڤار) نۆملیۆن خاڵ دابەزیوە . بە وێرانە ترین ئابووری لە جیهاندا دادەنرێت .

شوفێری پاسەكەی فەنزویلا - مادۆرۆ ، بەسەر ڕێگایەكی ترسناكدا ڕێدەكات . میحوەری هاوپەیمانی ئەسەد - سوریا ، كە پێكهاتەی ڕوسیا ، چین ، ئێران ، توركیایە پشتیوانی لە مادۆرۆ دەكەن . ڕوسیا هەڕەشە لە ئەمریكا دەكات ، كردەی سەربازی لەدژی فەنزویلا - مادۆرۆ ، ئەنجام نەدات . هاوپەیمانەكانی ئەمریكاش سورن لەسەر شەرعی بوونی سەرۆكایەتی خوان غوایدۆ ، كە خۆی وەك سەرۆكی فەنزویلا دامەزراندووە . 

سوپا پشتیوانی مادۆرۆیە و ڕوسەكان یارمەتی سەربازی سوپائەدەن . ئەمریكاش پشتیوانی ئۆپۆزسیۆنە و هاندەری خۆپیشاندانە بەردەوامەكانی لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆنە . 

لێخوڕنی ئەو پاسەی مادۆرۆ بەهەر ڕێگایەكیاندابێت بێ قوربانی ڕێناكات . لەهەركام لەڕێگاكانەوە پاسەكەی بەڕێبكەوێت ئەگەری وەرگەڕان یان بەژێرەوەكردنی خەڵكی هەیە لە سوپا و خەڵكی مەدەنی .

لە ئێستادا ڕووی جەنگە چاوەڕوانكراوەكەی ئەمریكا لە فەنزویلایە . نزیكە لە دووبارەكردنەوەی هەمان سیناریۆكەی سوریا لە فەنزویلادا . دۆناڵد ترامپ لەماوەی دوو ساڵی سەرۆكایەتیەكەیدا جەنگێكی تایبەت بەخۆی نیە ، ئەو جەنگانەی سوپای ئەمریكای تیادا بەشدارن پاشماوەی جەنگی سەرۆكەكانی پێشووی ئەمریكان . ئەگەر لە عادەتی هەر سەرۆكێكی ئەمریكی كە جەنگێكی تایبەت بەخۆی هەیە ، پێدەچێت جەنگەكەی ترامپ فەنزویلابێت ، دژ بە شوفێری باسە ترسناكەكەی كۆماری بولیڤار .

هونەر تۆفیق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی