گوتراوە گەورەکان: ئازادیی چییە؟ وەڵامی جۆرج ستیوارت میل

11/02/2019

مەریوان وریا قانع



ھەر لە دێڕی یەکەمی کتێبی ”دەربارەی ئازادیی“ ەوە، جۆن ستیوارت میل ئاشکرای دەکات کاتێک باس لە ئازادیی دەکات باس لە چ شتێک دەکات، میل دەنووسێت ”بابەتی ئەم نووسینە ئەو شتە نییە کە ناوی ئازادیی ئیرادەیە“، بەڵکو ” ئازادی مەدەنیی، یان کۆمەڵایەتییە: ئەمەش مانای ناسینی سروشت و سنوری ئەو دەسەڵاتەی کە دەکرێت بەشێوەیەکی شەرعی لەلایەن کۆمەڵگاوە بەسەر تاکەکەسدا پیادەبکرێت“ (ل١). لە یەکەم دێڕەوە میل پێماندەڵێت ئەو باس لە ئازادیی وەک دیاردەیەکی ناوەکیی، سایکۆلۆژیی یان ناسایکۆلۆژیی ناکات، ھەروەھا خۆی بەو شێوە پرسیارانەوە سەرقاڵناکات کە دەپرسن ئایا مرۆڤ بوونەوەرێکی ئازادە یان ئاراستەکراوە؟ ئایا ئیرادەی ئازاد چییە؟ یان تا کوێ و تا چەند ئەم ئیرادەیە ئازادە؟ ئەوەی میل دەیەوێت بیزانێت ئەوەیا ئایا کۆمەڵگا کەی و تا چەند بۆی ھەیە دەستبخاتە ناو ژیانی تاکەکەسەوە؟ کەی ئەم دەستخستنە ناو ژیانی تاکەکەسەوە شەرعییە و کەی ناشەرعیی؟ ئەی تاکەکەس چەند و تا کوێ ئازادە؟ ئایا ئازادیی مەدەنیی و ئازادیی کۆمەڵایەتیی لە کوێدا دەستپێدەکەن و لە کوێدا کۆتاییاندێت؟
وەک دەبینین میل جیاکارییەکی سەرەکیی دەکات لەنێوان تاکەکەس و کۆمەگادا و پرسیاری ئازادیش دەبەستێتەوە بە پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگا و تاکەکەسەوە. کۆمەڵگا وەک خاوەنی دەسەڵات و ئازادیش وەک موڵکی تاکەکەس. میل پێیوایە بەشی ھەرە سەرەکیی و دیاری مێژووی مرۆڤ ململانێی نێوان ئازادییە لەلایەک و دەسەڵات لە لایەکی دیکەوە. ھاوکات میل جیاوازییەکی بنەڕەتیی و گرنگ لە نێوان ئەو ململانێیە لە سەدە کۆنەکان و لە سەدە تازەکاندا دەکات، بەتایبەتی جیاوازیی نێوان ململانێکە لە دونیای کۆندا بە بەراورد بە سەدەی نۆزدەھەم کە سەدەیەی ھاتنەکایەیەکی بەرچاوی دونیای مۆدێرنە. بە بۆچوونی میل ململانێی سەدە کۆنەکان لەسەر ئازادیی لە نێوان ھاوڵاتیان و حکومەت، یان ھاوڵاتیی و حوکمڕاناندا بووە. ئازادیی لەم قۆناغەدا مانای پاراستنی ئینسان بووە لە جەور و ستەمی حوکمڕانە سیاسییەکان، ئەوانەی کە دەسەڵاتداربوون(ل ٥ - ٦). بەڵام لە کۆمەڵگا مۆدێرنەکاندا ململانێکە لە نێوان تاکەکەس و حکومەتدا نییە، بەڵکو لەنێوان تاکەکەس و کۆمەڵگادایە، بەتایبەتی لەنێوان تاکەکەس و”ستەمگەریی زۆراینە“دایە (ل ٨-٩). 
لەدیدی میلدا ترس لە ستمەگەریی زۆرینە، وەک شێوەکانی تایبەتی ستەمگەریی لەسەر ئەوە بەندە کە دەتوانێت خۆی تێکەڵ بە کارکردنی دەسەڵاتە گشتییەکانی دەوڵەت و دەزگاکانی حوکمڕانی بکات. واتە خۆی بکات بە بەشێک لەو دەسەڵاتە گشتییەی کە حوکمی ھەموو کۆمەڵگا دەکات(ل٩) بەمەش ھێز و فشارەکانی خۆی بەڕادەیەکی ترسناک گەورەبکات. لەم دۆخەدا کۆمەڵگا خۆی، کۆمەڵگا وەک یەکەیەکی دەستەجەمعی و گشتیی، لە پەیوەندیدا بە تاکەکەسەوە، دەبێت بە ستەمگەر و رۆڵی ستەمگەرێک دەبینێت. میل ڕای وایە ستەمگەری زۆرینە، یان گۆڕانی کۆمەڵگا خۆی بە ستەمگەر، زۆر لە ستەمی سیاسی ترسناکترە. چونکە ترسناکی دیکتاتۆریەتی زۆرینە لەوەدایە کە مەودایەک بۆ ڕزگاربوون و ئازادبوونی تاکەکەسەکان ناھێڵێتەوە و ”بەشێوەیەکی قووڵ“ و ھەمە لایەن دەستدەخاتە ناو ”وردەکاریی و تەفاسیلەکانی“ ژیانیان. ئەوەی لێرەدا دەستی بۆدەبرێت و دەچەوسێنرێتەوە ”دونیای ناوەکیی و ڕۆحی ئینسانەکانە“. بۆیەبۆ ئەوەی ئازادیی تاکەکەس لە کۆمەگا مۆدێرنەکاندا دەستەبەر بکرێت، خۆپاراستن لە ستەمگەریی پادشا یان دەسەڵاتدار بەتەنھا بەس نییە، بەڵکو پێویست بە خۆپاراستن لە ستەمگەریی ڕا و بۆچوون و ھەست و نەستی زۆرینە و باڵادەستەکان دەکات “ ل٩.
ھاوکێشەی ئازبوون لە بنەڕەتەوە ھاوکێشەیەکی سادەیە، چەندە ڕووبەری دەستتێوەردانەکانی کۆمەڵگا لە ژیانی تاکەکەسەکاندا بچووک و سنووردار بێت، ئەوەندە ڕووبەری ئازادیی گەورەتر و فراونترەوە. چەندە ڕووبەری ئەو دەستێوەردانانەش گەورەبێت، ھێندە ڕووبەری ئازادیی بچووکتر و سنووردارترە. ئازادیی لەم ڕوانینەدا مانای ئازادبوون لە ڕێگر و بەربەستە جیاوازەکان، لەو شتانەی سنوور بۆ ئازادیی مرۆڤ دادەنێن. 
ئەو وێنەیەی میل لەم ڕوانینەدا بۆ ئازادیی بۆ تاکەکەسی دروستدەکات وێنەی کەسێکی سەربەخۆ و عەقڵانیی و کامڵە. وێناکردنی مرۆڤە وەک بوونەوەرێکی پۆزەتیڤ و چاکەکار. تاکەس پێویستی بە چاوساغیی دەوڵەت و کۆمەڵگا نییە پێیبڵێت ئەو کێیە و پێویستە چی بکات. بۆیە نابێت یاسا و بەھا و نۆرمەکانیان بەو شێویەبێت کە بتوانن دەستوەردەنە ناو ژیانی تاکەکەسەوە. ئەوەی دەشێت سنوور بۆ ئازادیی تاکەکەس دابنێت مەسەلەی”ئازارنەدان و زیاننەگەیاندن“ە بە کەسانی تر.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی