چۆن لەچین تێبگەین؟

12/02/2019

سەردار عەزیز

چین چیدی تەنها ناوی وڵاتێك نیە، بەڵكو ئاماژەیە بۆ دیاردەیەك، كە لە هەناو سەدەی بیستەوە دێت و هەوڵ دەدات سەدەی بیست و یەك لە قاڵب بدات. چین ئەمڕۆ هێزە، سەرمایەیە، خەونە، هەروەها مۆدێلێكە بۆ حوكمداری و ژیار. تەنها بیر لەم ژمارەیە بكەرەوە: لە ساڵی ١٩٧٨ كاتێك چین بڕیاری دا كە چەند ناوچەیەكی كەناراوەكانی بكاتەوە بە ڕووی سیستەمی سەرمایەداریدا، ژمارەی دانیشتوانی چین یەك ملیار بوو، ژمارەی ئەوانەی كە داهاتیان لە دوو دۆلار كەمتربوو لە ڕۆژێكدا، نزیكەی نۆ سەت ملیون كەس بوو. لە هەر دە چینی نۆیان هەژاربوون، ئەمڕۆ ئەم ژمارەیە تەواو بە پێچەوانەیە، ژمارەی ئەوەی كە هەژارن لە چین یەك لە دەیە. شایانی باسە كە بڕی دوو دۆلار لە ڕۆژێكدا وەك پێوەرێكی جیهانی دادەنرێت بۆ هەژاری.

ئەمڕۆ چین دەیەوێت لە هەموو بوارێكدا كێبڕكێی زلهێزەكانی دونیا بكات. پرسەكە ئەوەیە كە ئایا ئەم جۆری كێبڕكێیە چۆنە و چۆن كاریگەری لە سەر دونیا جێدەهێڵێت و چۆن كاریگەری دەبێت لە سەر ناوچەكەی ئێمە. 

چین لە ژیانی ئێمەدا ئامادەیە. زۆربەی كاڵاكانی ژیاری ڕۆژانەی ئێمە چینین. ئەوانە كە تەمەن و یادەوەرییان هەیە، دەڵێن چین بە هەمان شێوازی یاباندا دەڕوات. سەرەتا كاڵای یابانی وەها دەبینرا كە سیمبولی خراپیە. بەڵام پاشان ژاپۆن بوو بە نمونەی چاكی و باڵایی. چینیش بە هەمانشێوەیە. ئەمجارە كە لە كوردستان بووم، زوو زوو لە زاری خەڵكێكی زۆرەوە ناوی هواویم دەبیست. 
عێراق بڕی یانزە لە سەتی پێداویستی نەوتی چین دابین دەكات. كۆمپانیا چینەیەكان هەر لە باشورەوە هەتا كوردستان لە بواری نەوتدا كاردەكەن: لە گەڵ سۆمۆ و كۆمپانیا بیانیەكان و هەروەها هەرێمی كوردستاندا گرێبەستیان هەیە. چین هەتا بێت زیاتر ئارەزوی نەوتی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات، چونكە زیاتر نەوتی شیرینە. نەوتی شیرین بەمانای ئەوەی بری بەنزینی زۆرە.

چین لە پەیوەندی بە دونیاوە چەند خەسڵەتێكی هەیە، بە كورتی لێرەدا ئاماژەیان پێئەدەم و لە داهاتوودا زیاتر بە درێژی لەم بوارەوە قسە ئەكەم. 

یەكەم، چین هەوڵدەدات كە لەو جێگاو بوارانەدابێت كە ئەمریكا و ڕۆژئاواییەكان فەرامۆشیانكردوە، یان ئەگەر بكرێت هاوبەشیان بێت، وەك لە كەرتی نەوتدا لە عێراق دەیبین كە هاوكاری كۆمپانیا ڕۆژئاواییەكانە. ئەم جۆرە مامەڵەیە بۆ ئەوەیە كە چین نایەوێت توشی روبەرووبونەو و كێشە ببێت. هەروەها وەها خۆی دەردەخات كە هەڵكشانی بە هیچ شێوەیەك زیان بە سیستەمی لیبرالی جیهانی و هەژەمۆنیەتی ڕۆژئاوا ناگەیەنێت. لەم ڕوەوە تێز و تیورە زۆرن، لە داهاتودا باسیان دەكەین.

دووەم، چینیەكان دەیانەوێت وەها دەربكەون كە ناسیاسین. ئەم ناسیاسی بوونە لە دوو ڕوانگەوە سەرچاوە دەگرێت: یەكەم خۆ بە دوورگرتن لە كێشە، دووەم، لەو باوەڕەوە كە ئابوری بنەمای سیاسەتەو ئەگەر پەیوەندی ئابوری باش بێت ئەوا پەیوەندی سیاسی باشی لێدەكەوێتەوە. دیارە پەیوەندی نێوان ئابوری و سیاسەت لە ئاستی جیهانیدا ئاڵۆزە. لە ڕۆژئاواش تێزی ئەوەی كە ئابوری باڵادەستی هەیە بە سەر سیاسەتدا دەمێكە قسەی لە سەر دەكرێت بە تایبەت تێزە كاریگەرەكەی كارل پۆلانی، لە كتێبی وەرچەرخانی مەزن. بەڵام چین لەم ڕووەوە ناتوانێت بۆ ماوەی درێژخایەن بەردەوام بێت لە ئاستی عەمەلیدا. ڕەنگە بۆ ماوەیەك لە ئاستی گوتاردا درێژە بەم دیدە بدات.

سێیەم، چین كاتێك دەوڵەمەند و بەهێز دەبێت ئەوا خواستی تری دەبێت، ئەوەی كە ئیلیزابێپ ئیكۆنۆمی ناوی ناوە شۆرشی سێیەم، لە ژێر سایەی شی ژیاوپینگدا. ئەم خواستانە خۆی لە خۆ بینین لە هاوسەنگ بە ئەوانیتر، بیركردنەوە لە پەیداكردن ون بونیادنانی هیزی سەربازی، پەنابردن بۆ ناسیونالیزم لە ئاستی ناوخۆدا: كە خۆی لە یەكگرتووی ناوەوە و نەیارێتی بۆ دەرەوەدا دەبینێتەوە. بەڵام چین توانای شەڕی نیە. ئەگەر ناچاری شەریش بكرێت ئەوا شەڕ بۆی ئاسان نابێت. بەڵام ترسی گەورەی چین لەوەوە نایەت كە ركەبەری دەكرێت، بەڵكو ئەو ناتوانێت جێگرەوەی ئەمریكا بێت لە ئاستی جیهاندا، بۆیە لاوازكردنی ئەمریكا، دەرئەنجام دەبێتە هۆكاری لاوازی چین. بەڵام چین دەیەوێت خۆی وەك ركەبەر دەربخات هەتا ئەو ئاستەی كە ئەمریكا پەرچەكرداری نابێت. تەنها بۆ نمونە: ئۆباما ڕێزی چینیەكانی دەگرت، ئەوان ڕێزیان نەدەگرت. ترەمپ ڕێزی چینیەكان ناگرێت، بەڵام چینیەكان بەردەوام داوای لێدەكەن كە بە نهێنی بكەوێتە دانوستان بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان. بەڵام ترەمپ ئەگەر هەرشتێك لە میدیادا نەبێت لای ئەو هیچ قیمەتی نیە. بۆیە ترەمۆ دەیەوێت بەبەرچاوی هەموانەوە ناچاریان بكات. 

بە مانایەكی تر چین بەرهەمی ڕۆژئاوایە وەك هەندێك دەڵێن سیستەمێكی لینینی بازاڕە. شایانی باسە ئەزمونی چین ئەوەی دەرخست كە سۆشیالیزم باشترین بنەمایە بۆ سەرمایەدارییەكی دڕندە.

سەردار عەزیز

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی