مەرگی ئۆپۆزسیۆن لە كابینەی نوێی حكومەتدا

12/02/2019

هەردی ئەحمەد

لە سەروبەندی گەرموگوڕێ كۆبونەوەی لایەنەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ و هەوڵی جدی لایەنی براوە بۆ دروست كردنی حكومەتێكی فرە حیزبی بنكە فراوان ، دوبارە بونەوەی هەمان سیناریۆی كابینەی هەشتی حكومەتی هەرێمە بۆ نەمانی ئۆپۆزسیۆنێكی كارا لە گۆڕەپانی سیاسی و حوكمڕانی هەرێمی كوردستادا

سەرباری زۆری داواكای و پاكێجی لایەنەكانی تر و سوربونی حیزبی براوە و یەكەمی هەڵبژاردن (پارتی دیموكرات)  لە هەوڵدان بۆ قەناعەتپێكردنیان ئاماژەن بۆ ئەو ڕاستیەی كە ویستەكە بەئاڕاستەی لە گۆڕنانی ئۆپۆزسیۆن و لاوازكردنی دەندوكی لایەنەكانی وەك گۆڕان و كۆمەڵە ،  نەك حكومەتێكی خزمەتكاری فرە ڕەنگی فرە لایەن 

ئەم پێداگریەی پارتی بۆ هاوبەشی لایەنەكانی تر لە كابینە نوێ دوای ئەوە دێت كە پێنج ساڵی  پڕ قەیرانە دروستكراوەكانی كابینەی هەشتی بە سود و قازانجی خۆی بەڕێكرد  بەوەی كە بەهێزتر لە هەڵبژاردنی ڕابردوو ئەم هەڵبژاردنە توانی ٥% زیاتری دەنگی لایەناكانی بە بەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە لەگەڵ ئەوەشدا جێنفوزی لە ناوچەكانی خۆی زیاتر پێ قایمتر كرد و ڕێژەی كورسیەكانیشی لە ٣٨ گەیاندە ٤٥ 

خۆ پارتی بە كورسی كۆتاكانەوە دەتوانێت حكومەتی تاك لایەنی پێك بهێنێت بەڵام بێ هاوبەشی یەكێتی هیچی پێناكرێت و ویستیشی نیە ئەو سەركێشیە بكات  چونكە بۆی ناچێتە سەر و سەركەوتوو نابێت ، كەوایە  هەوڵەكانی پارتی بۆ هاوبەشی پێكردنی لایەنەكانی تر  دوو مانا لەخۆ دەگرێت ، سەركەوتنەكان  دەبنە دەستكەوت بۆی و لە شكستەكانیش هاوبەشن  
بەم سیناریۆیەش ڕۆحی ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی كوردستان هەر بە زیندووی لە گۆڕ دەنرێ ، مەترسیەكی گەورەش دەخاتە بەردەم ڕەخنەگران و دەنگی ئازاد

 بۆیە دەبێت لایەنەكان وردتر لە داهاتوی خۆیان و هاوڵاتیان و كابینەی نۆ و پڕۆسەی حوكمڕانی بڕوانن گەر نا   ئایندەی هەرێم لە حكومەتێكی بێ ئۆپۆزسیۆنیدا مەرگی زیاتری ئەوان و باڵا دەستی زیاتر دەبەخشێت  بە پارتی دیموكرات.

هەردی ئەحمەد 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی