چی تریش یاساغە؟

13/02/2019

سامانی وەستا بەكر

بڕیارێكی درەنگ وەختی وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە قەدەغەكردنی چەكی قورس و دەستكردپێكردنی ھەڵمەتی كۆكردنەوەی ئەو جۆرە چەكانە ھەروەك ئەوەی كە باوە  شەقامی لە نێوان پشتگیر و دژ وە دەستخۆشیكەر و ڕەخنەگرا دابەش كردووە.

خۆ ئەگەر لە بڕیارەكە ووردبیتەوە ھەست بە سیاسی بوونی ئەكرێ، ئاخر چەك ھەر چەكە و ھەمووشی بۆ كوشتنی مرۆڤەكان دروست كراون ئیتر قورس و سوك و گەورەو بچوك بەواتای چی!؟
 
نەبیستراوە مرۆڤێك بە فیشەكی دەمانچە گیان لەدەست نەیاو بەناچاری ئەبێ تۆپی پێوەنرێ! یان چەكی گەورە مەترسیدارترە لە سەرژیانی ھاوڵاتی لە چەكی بچوك!

ئاخر ھێندەی مرۆڤەكان لەناو خێزان و خێڵ و كۆمەڵگەی جیھانی سێھەمدا ئەبنە قوربانی ڕق ق كینەو تۆڵەكردنەوەی ھەڵگرانی چەكی بچوك ڕوبعی ئەوە یان تا ئاستی دەگمەن بوون نەبوونەتە قوربانی چەكە گەورە و قورسەكان.

لێرەوە ئەگەیتە ئەو بڕوایەی كە دەركردنی جۆرە بڕیارێك لەم جۆرە لە وەزارەتی ناخۆوە ھەناسەیەكی سیاسی پێوە دیارە و خاترگرتنێكی زۆری تیابەدی ئەكرێ چونكوم تا ئێستاش لەكاتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەكانا ھەردوو پارتی دەسەڵاتدار لەبری نامیلكەی بەڵێن و پەیمان و ڕێفۆرم بڵاوكردنەوە چەك دابەش ئەكەن بۆ كڕینی دەنگی عەشیرەت و خێڵ و بنەماڵەو كەسانی ناسراوی سەربازی و گەنجانی كاڵ فام.

ئاخر چیتر لەوە ئاسانتر بوو كە بڕیارەكە گشتگیر بوایەو ھەموو جۆرە چەكێك و كۆی چەكھەڵگرانی بگرتایەتەوە و ڕێگەی بۆ ھیچ پاساو ڕوونكردنەوە و ئاسانكردنێك بۆ بەكارھێنانی ئەم داھێنانە مرۆڤ كوژە نەھێشتایەتەوە، ھەڵبەتە لە ڕۆژئاواش بە ھەندێ ھۆكاری پەسەندو قبوڵ كراو خەڵكانێكی زۆر كەم ھەن كە مۆڵەتی چەك ھەڵگرتنیان ھەیە بەڵام بە شاراوەی نەك بە ئاشكرا بە جۆرێك كە ببێتە تێكدانی زەوق و مەزاجی خەڵكی.

لەڕاستیا خۆ ئەوەی كە یاساغ و خەتەرە و ھەڕەشەیە لەسەر ژیانی مرۆڤەكان تەنھا چەكی جۆراو جۆر نیە بەڵكو ئەوەی كە كێشەیە خودی بەكارھێنەرەكەو تێگەشتنێتی بۆ ھێزو ماف و ڕووبەڕووبوونەوەو گفتوگۆو ھەڵچوون و وەڵامدانەوەی ھێرشی زووبان و تێگەشتن و تێڕوانین لە شەرەف و خۆ بە خاوەنكردنی ڕەگەزی مێینەو چۆنیەتی دامركانەوەی تووڕەی و قودرەتی خۆ كۆنتڕۆڵ كردن و دانبەخۆداگرت بە واتایەكی تر ئاستی تێگەشتوویی و بیرڕۆشنی و دنیابنی كەسی چەك ھەڵگر ھەڕەشە دروست ئەكات نەك خودی چەكەكە چونكە چەك ئامێرێكی مردووە و بەكارھێنەر بڕیاری جوڵەو كەوتنەكاری ئەدات.

ئەگەر بە لۆژیك تەماشای بابەتەكە بكرێ ھەموو ماڵێك چەقۆو چەند لیترێك نەوت و شقارتەو چەرخ و گوێزان و كارەبای تیایە و لە بازاڕدا بە ئاسانی دەرمانی بەسەرچوو كڤالیتی نزم و ژەھراوی بوو دەستئەكوێ.

دیاردەی گڕگرتن بەھۆی خراپی جۆری كڤالیتی نەوت و نەپاڵاوتنی بە شێوەیەك كە ھاوتای ستاندەرە جیھانیەكان بێت و خراپ بەكارھێنانی نەوت لەلایەن خودی مرۆڤەكان لەكاتی ھەڵچوون و ھەرەسدا.

خراپی شەقامەكان و نەبوونی ھێما و یاساكانی ھاتووچۆو تیژڕەوی شۆفێرەكان و گوێنەدانی شۆفێر بە ژیانی خۆی و شۆفێران و خەڵكانی پیادەو ئاژەڵ و سروشت.

ژەهراوی بوونی مێشكی تاكەكانی كۆمەڵگە بە خەبەری خراپ و دژ  و ناڕاست و بێ بنەماو سەرچاوەی دیار و دوور لە ئتنیكی كاری ڕۆژنامەوانی كە ڕۆژانە لە مێدیای جیاجیاوە بڵاوئەكرێنەوە و كاریگەری نێگەتیڤ لەسەر ڕەفتارو هەڵس وكەوتی تاكەكانی كۆمەڵگە دروست ئەكەن و سەرەنجام خیتامێكی خراپی لێئەكەوێتەوە.

بەكارهێنانی نازانستی و زیادەڕەوی كردن و بابەتی زۆرو بۆر لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان كە ئەمەیان خودی مرۆڤەكان لێی بەرپرسیارن، ئاخر لە ڕاستیا ئەمڕۆ بەواتا تەقلیدیەكەی شتێك نەماوە بەناوی كۆمەڵگەوە بەڵكو ئەوەی هەیە (فەیس كۆمەڵ)ە، ئینستا و سناپ، توویت...هتد كاتێ مرۆڤەكان بە كلیكێك بلیتێكی ئەو دنیا بێ بنە ئەبڕن لەماوەی چەند خولەكێكا تەواو مەزاجی كەسەكان سەروبن ئەبێ ئەگەر خودی خۆت سنور بۆ بەكارهێنان دانەنێی.

نزیكی ناوچە پیشەسازی و كارگە گەورەو بچوكە بەرھەم ھێنەكان و نەبوونی فیلتەر بۆ دوكەڵ كێشەكان و پانتایەكی ستاندارد لە سەوزای و كەمی درەخت و ڕێپێدان بە بەكارھێنانی ٪‏٩٠ زەوی بۆ دروستكردنی خانووبەرە ئەمانەو چەندین بابەتیتر كە نەك بە یاسا ڕێگری لێنەكراوە بەڵكو ئاسانكاریشی بۆ كراوە كە كۆی ھەموو ئەوانەی لەسەرەوە ناویان ھێنراوە ئەگەر ھێندەی چەك ڕاستەوخۆ ھەڕەشەنەبن لەسەر ژیانی مرۆڤەكان ئەوا لەماوەی درێژخایەنا ھێندەی چەك و زیاتریش ئەبنە ھەڕەشە.

كەواتە وێڕای دەستخۆشێ لە وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئەو بڕیارە زۆر درەنگ كەوتووەی بەڵام گرنگتر ئەوەیە كە حكومەت لەڕێی وەزارەتی ڕۆشنیری دەزگاكانی و پیشەسازی و بەڕیوبەرایەتی ھاوتوچۆ و ژینگە...ھتد ساڵانە چەندین جار ھەڵمەتی ھۆشیاركردنەوە بكات و زانیاری تەواو لەسەر خراپ بەكارھێنانی ھەریەك لەوانەی لەسەرەوە و چەندین بابەتی تریش بڵاوبكاتەوە چونكە كاتێك كۆمەڵگە ھۆشیاربێ چەكەكان خۆیان بێدەنگ و پەراوێز ئەبن.

سامانی وەستا بەكر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی