دارەدارەی یەكێتی..!

13/02/2019

كه‌مال ره‌ئوف

 یەكێتی نیشتمانی گفتوگۆكان بەئاراستەی هەستانەوەی لەبەرامبەر پارتی دەبات بەرێوە. ناوەرۆكی گفتوگۆكان و پێداگری یەكێتی لەسەر گەرانەوەی هاوسەنگی و شەراكەتی راستەقینە، هەرچەندە ئیعترافێكی راشكاوانەی ئەو حزبەیە بە شكستی مامەڵەی پێشووی لەگەڵ پارتی، بەڵام ئەم دارەدارەی ئێستا دەیكات، پارتی توشی شۆك كردوە. پارتی بەنیاز بوو لەپێكهێنانی حكومەتی هەرێم، تۆڵەی 16ی ئۆكتۆبەرو شكستی وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار لەیەكێتی بكاتەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەوەی ئێستا وەك كارتی گوشار لەگفتوگۆكان بەدەست یەكێتییەوە هەر ئەو دوو خاڵەیە. 


  پارتی دیموكرات چونكە بەهەڵە حساباتی زۆری لەسەر پرۆپارتییەكانی ناو یەكێتی كردبوو، هەروەها بەهۆی ئەوەی هەر لەسەرەتاوە بەهەڵە داشەكانی خۆی بۆ پێكهێنانی حكومەت و كارا كردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم جوڵاند، هەرچەندە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، جیاوازی نێوان كورسییەكانی پارتی و یەكێتی دوو هێندە زیاترە، كەچی لە گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت گیری بەدەست هاوپەیمانە دێرینەكەیەوە خواردوە و ناتوانێت بەئاسانی تەجاوزی بكات.


  هەڵەكانی ئیدارەو حوكمرانی كوردستان و دوركەوتنەوە و فراوان بوونی نێوان لایەنەكانی كوردستان، لۆژیكی گەرانەوەی بۆ بەغداد كردوەتە ئەمری واقیع، یەكخستنی تەعریفەی گورگی و رادەستكردنی حساباتی داهاتی فرۆكەخانەو سنورییەكان، مللدان بە رادەستكردنی نەوت بە عێراق و پشتبەستن بە پارەی بەغداد بۆ پێدانی موچە، ئەوانە بەشێك لەو شكۆیانە بوون كە پێشتر لایەنە دەسترۆیشتوەكان، شانازی نەتەوەیی و سیاسیان پێوە بەستبووەوە. ئێستا دوای زیاتر لە چوار مانگ هەڵبژاردن، شانازی ئەوەیە بتوانن پێكەوە حكومەت پێكبهێنن و كۆبوونەوەی پەرمان بكەن. شانازی ئەوەیە بتوانن لەگەڵ لایەنە عەرەبییەكان دانیشن و گفتوگۆ لەسەر كێشەكانیان بكەن، شانازی ئەوەیە لەناوچە كوردستانیە كێشە لەسەرەكان، هێزی پێشمەرگە چەند كیلۆمەترێك بەرنە پێشەوە بازگەی هاوبەش پێكبهێنن لەگەڵ هێزەكانی عێراق.


پارتی تائێستا دەیەوێت سەبری ئەیوب پیشانی دارەدارەكەی یەكێتی بدات، ئەو تا ئەو خاڵە لەگەڵ یەكێتی دەچێتە پێشەوە، پارسەنگی حوكمرانیەكەی بۆ راگرێت، وەلی لە دوای 31 ئاب و گرتنەوەی هەولێر، پارتی بروای بەشەراكەتی هاوبەشی یەكێتی نەماوە، بۆیە ئێستا هەرێم گەراوەتەوە چوار گۆشەی یەكەم، یان دەبێ یەكێتی بەو بەشە رازی بێت كە پارتی بۆی دیاری دەكات، یان ئەوەتا دوو ئیدارەی لەبەردەرگایەو دەبێت پارتیش وەك ئەمری واقیع ئەو دۆخە تازەیە قبوڵ بكات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی