رێککەوتن و ھاوکاری یان تەسلیم بوون ؟

13/02/2019

ئارێز عەبدوڵڵا


رێککەوتن و ھاوکاری نێوان یەکێتی و پارتی یان ئەو دوو حزبە و حزبەکانی تر بۆ ئەم قۆناغە گرنگە، بەڵام لە ئەنجامی گفتوگۆکان دەرکەوت کە پارتی نایەوێ لە پێناوی ھاوکاریکردن و بەیەەکەوە بەرێوەبردنی وڵات لەگەڵ ھیچ لایەنێک رێک بکەوێ، ئەمە لەلایەک و لە لایەکی دیکەش نەیتوانی لەماوەی یاسایی بەبێ یەکێتی حکومەت پێک بێنێ. کەواتە بەپێی یاسا دەبوو پارتی رێگە بۆ قەوارەی دووەم چۆڵ بکا تاکو ھەوڵی پێکھێنانی حکومەت بدا. بەپێی مەسئولیەتی سیاسیش دەبوو بۆ بەرژەوەندی گشتی بە ھەر نرخێک بوایە رێک بکەوێ، بەڵام بەداخەوە. لەجیاتی ئەوەی کە ئەمڕۆ حزبی یەکەمە دەبوو سینگی فراوانتر و مێشکی کراوەتر و مەیدانی  گەورەترکردبا، دەیەوێ بە شێوازی خۆی چی دەوێ ئەوە بسەپێنێ. کاتێک مرۆڤ بیر لە دیدی پارتی دەکاتەوە کە دەڵێ ھەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێندراوەکان و بەغدا سێ دۆسیەی لێک جیاوازن تێ دەگا کە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان و رێککەوتن لە پێناوی ھەڵومەرجێکی باشتر نیە، بەڵکو دەیەوێ لایەنەکان تەسلیم بن و برا گەورەیی لێ قبول بکەن، بەبێ ئەوەی رەچاوی بۆچوونی جیاواز و بەرژەوەندی ئەوانەی تر بکا. ئەمڕۆ ئۆباڵی سەرشانی پارتی گەورەیە ئەگەر بەراستی نەیەتە مەیدان ئەوا بارودۆخەکە بە ئاقارێکدا دەڕوا کە کەس ھیوای بۆ ناخوازێ. ھەر رێککەوتنێکش بەو پێداگرییەی ئێستای پارتی بکرێ تەنانەت ئەگەر حکومەتیش پێک بھێندرێ ئەوا ھەرگیز قەیران و کێشەکان چارەسەر ناکات، بۆیە باشتر وایە پارتی و یەکێتی و ئەوانی تریش بیر لە رێککەوتنێکی تری پێویست بۆ خەڵکی کوردستان بکەینەوە نەک سەپاندنی سیاسەت و ئیرادەی تاقە لایەن کە ئەزموون لە مەیداندا شکستەکەی نیشانداوە.

ئارێز عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی