مووچەخۆرانی هەرێم بۆچی بە گومانن

14/02/2019

هیوا سەید سەلیم

بودجەی ئەمساڵی عێراق هەموو رێوشوێنە یاسایەكانی لە پەرلەمان و تەنانەت لە حكومەتیش تێپەراند،  لە نێو ئەو بودجەیەشدا پشكی هەرێمی كوردستان لە مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە بە روونی جێگای بۆ كراوەتەوە و بڕیاریشە لە مانگی یەكی 2019 بچێتە بواری جێبەجێكردن.
ئەوەی ئەمجارەیان بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە میزانیەی ساڵ گرنگە،  ئەوەیە كە بەغدا پرسی مووچەی ئەوانی نەبۆستۆتەوە بە پرسی نەوت و ئەو كێشانەی كە ساڵانێكە لە نێوانی حكومەتی ناوەند و هەرێمی كوردستاندا هەیە.
دوای پەسندكردنی بودجەی ناوەند بەشێك لە پەرلەمانتارانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێن:  بەغدا تۆپەكەی هەڵداوەتە گۆڕەپانی حكومەتی هەرێم، بۆیە واچاكە هەرێم پابەند بێت بەو خاڵانەی كە دەكەوێتە ئەستۆی بە تایبەت هەناردەكردنی ئەو بڕە نەوەتەی كە پێویستە حكومەتی هەرێم لە رێگای سۆمۆڕادەستی بەغدای بكات كە بریتیە لە 250 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.
جگە لەو داوایەی كە هەموولایەك لە هەرێمی دەكات،  پرسێكی تریش بۆتە رۆژەڤی باسی لایەنە پەیوەندیدارەكان،  ئەویش هەڵگرتنی دەسبەجێی پاشكەوتی مووچەیە لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان.
شایانی باسە ئەو ژمارانەی كە سەبارەت بە داهاتی ئەمساڵ بڵاودەكرێنەوە بە تایبەت ئەو بڕە پارەیەی كە لە بەغداوە بۆ هەرێم دێت،  هیچ بیانوێك لەبەردەم حكومەتی هەرێم ناهێڵێتەوە كە چیتر درێژە بە سیاسەتی پاشەكەوتی مووچە بدات، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو پێشەوەچوونانەش سەبارەت بە چارەسەری قەیرانی دارایی،  هێشتا مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان هەر بە گومانن.
مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو ئەزموونە تاڵەیان لەگەل حكومەتی هەرێم گومان دەكەن كە حكومەت پاشەكەوتی مووچە هەڵگرێت و قەرزی رابردوویان بۆ بگێڕێتەوە، بۆیە لەسەر حكومەتی هەرێم پێویستە كە ئەو گومانانەی لای مووچەخۆران درووست بووە بڕەوێنێتەوە،  وە لە ئێستاوە رێوشوێنی هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوت بگرێتەبەر.
خۆ ئەگەر حكومەتی هەرێم بەو كارە هەلنەستێت و درێژە بە سیاسەتی زاڵمانەی پاشەكەوت بدات،  یان لەژێر ناونیشانی تر درێژە بەو سیاسەتە بدات،  دەبێت مووچەخۆرانی هەرێم ئەو زوڵمە قەبوول نەكەن و هەموو جۆرە فشارێكی خۆیان ئەنجام بدەن.
جاران ئەگەر دەوترا با قووتی خەڵك نەخرێتە نێو ململانێ سیاسیەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، ئەوا ئێستا بەغدا هەنگاوێكی باش هاتۆتە پێش و ململانێكان بەرەو چارەسەر دەچن، بە چارەسەر بوونی ئەو كێشەیەش هەرێم هیچ بیانوێكی نامێنێت، پارەیە هەیە، نەوتە نرخەكەی بەرزە، شەری داعش نەماوە، كە جاران ئەمانە بیانووبوون بۆ سەپاندنی پاشەكەوت بەسەر مووچەخۆران.
  بۆیە دەبێت بەرپرسانی هەرێم لەوە تێبگەن لە چەند ساڵی رابردوو خەڵكی كوردستان  بە گشتی و مووچەخۆران بەتایبەتی قوربانی زۆری سیاسەتەچەوتەكانی ئەوانیان داوە،هەر ئەوەش وایكردووە خەڵك هەمیشە لە حكومەتی هەرێم بە گومان بێت، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە ئەو گومانانەی لای مووچەخۆران درووست بووە ئەوان بیرەوێنەوە.
هیوا سەید سەلیم

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی