کیبۆرد بەشەرتی کردار

14/02/2019

مەجید ساڵح

لە کوردەواریدا ئیدیۆمی "دەمە چیت لێ کەمە" بەکار دێت بۆ ئەو کەسانەیلە پێناوی بوون بە پاڵەوان و دەرکردنی ناوبانگی قسە دەکەن و کرداریان نییە، پێ دەجێ لەمەولا بە هۆی پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیا زۆربوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، بە ناچاری ئەو ئیدیۆمە بگۆڕین بۆ "کیبۆرد چیت لێ کەمە"..
مرۆڤی دنیای سایبەر لە کورتترین ماوەدا دەتوانێ لە رێگەی کیبۆردی مۆبایل و ئایپات و کۆمپیوتەرەکەیەوە ناخی دڵی خۆی و جۆری بیرکردنەوەکانی بگەیەنێتە زۆرترین خەڵک و لە بەربڵاوترین شوێندا بڵاوی بکاتەوە..
بەڵام وەک قسەکردنی بێ کردار هیچی لێ سەوز نابێ، نووسینێکیش خاوەنەکەی هەنگاوی پراکتیکی نەنێ بۆ جێبەجێ کردنی، بێ فەڕ و بێ کەڵک دەبێ..
کۆمەڵگای کوردی پڕە لە کەمو کوڕی، هەمووشمان قسەی لەسەر دەکەین و لەسەری دەنووسین، بەڵام کوا رۆژێک لە رۆژان هەستاوین بە دروستکردنی رێکخراو و کۆمەڵە بۆ چارەسەرکردنیان.. هەر بۆ نمونە لەم ماوەیەدا کوشتنی سەگ و پشیلە و کەر و ئاژەڵە بێ خاوەنەکان بوەتە مایەی نووسینی چەندین وتار و پۆستی فەیس بووک، بەڵام نەمانبینی لە شارێک لە شارەکانی کوردستاندا رێکخراوێک یان کۆمەڵەیەک بۆ پاراستنی ئەو ئاژەڵانە دامەزرێ..
وتاری زۆر نایاب لەسەر بەرتەسک بوونەوەی ئازادی و گرتنی چالاکوانەکان دەنووسرێت و بەهەزاران لایک و کۆمێنت و دەستخۆشی بۆ خاوەنەکانیان دەچێ، بەڵام نە خاوەنی نووسینەکان و نە ئەوانەشی ئەو لایک و کۆمێنتانە دەکەن ئامادە نین ببنە ئەندام لەو رێکخراو و کۆمەڵانەی بۆ رێگرتن لە نەمانی ئازادی و دیموکراسی دامەزراون، لە دوورەوە دەنووسن، بەڵام لە خۆیان ناگرن بچنە بەردەم ئەو دامودەزگایانەی کە ئەرکی بەرتەسک کردنەوەی ئازادییان پێ سپێردراوە ..
دەرباز بوون لەم دۆخە کاری گروپی و سەبری ئەیوب و دەستبەردار بوون لە قسەی زلی دەوێ.. بە پاڵەوان کردنی ئەشخاسی بێ کردار دەرئەنجامەکەی هەر ئەمەیە کە لە کوردستاندا دەگوزەرێ..
لە کاتی خۆپیشاندانەکانی حەڤدەی شوباتدا کۆمەڵێک پەرلەمانتار بە بیانووی ئەوەی پەرلەمان کۆتایی هاتووە و لەمەولا شەقام دەکەن بە پەرلەمان، ئیستقالەیاندا، بەهەزاران چەپلە و دەستخۆشیان بۆ رۆیی، ئێستا لەکوێن؟ لە ٢٠١٢ەوە بۆ یەکجاریش لەسەر شەقامەکاندا نەبینرانەوە!!
ئەوەی ئۆرۆپای گەیاندوەتە ئەو رادیەی کە هەموو هاوڵاتیانی جیهانی سێیەم حەوت شاخ و حەوت بەحر دەبڕن بۆ ئەوەی لەوێ بە پەنابەر وەرگیرێن، خەباتێکی خۆێناوی و دوور و درێژی هاوڵاتیانی ئەوێ بووە بۆ گەیشتن بە خۆشگوزەرانی و ئازادی، لەوێ قسەوکردەوە یەک بوون.. لێرەش تا پرەنسیپی "دەمە چیت لێ کەمە" و "کیبۆرد چیت لێ کەمە" زاڵ بێ، هیچ لەمەسەلەکە ناگوڕێ، وەک سیزیف هەر بەردەکە دەبەینە لوتکەی شاخەکە و پێمانی گلۆر دەکەنەوە بۆ خوارەوە.

مەجید ساڵح

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی