بیرکردنەوە لە شوێن: بیرکردنەوەی شوێنیی

14/02/2019

سەردار عەزیز

بیرکردنەوەی شوێنی، جۆرێکە لە بیرکردنەوە کە لە دونیای ئێمە و دەوروبەرماندا بە ئەستەم بوونی هەیە. ئێمە بە زۆری وەها جۆش کراوین کە لە میانەی کاتدا بیربکەینەوە. دیارە دەبێت ئەوش بڵێم کە بیرکرنەوەی کاتی-ش، وەک پیویست گەشەی نەکردوە. کۆمەڵە چەمکێکی زۆر هەیە لە بواری بیرکردنەوەی کاتیدا لە دونیای ئێمەدا باسی لێوە نەکراوە. 
بیرکردنەوەی شوێنی یانی چی؟ هەموو شوێنێک کە ئێمە تیایدا دەژین بەرهەم هێنراوە، ماڵ، گەڕەک، شار، چاخانە، شوێنی کار، شەقام هەتا وڵات و نیشتمان و تیرەتۆری. کەواتە یەکەم، بنەمای بیرکردنەوەی شوێنی ئەوەیە کە هیچ شوێنێکی سروشتی بوونی نیە. هەموو شوێنێک ناوی هەیە، سنوری هەیە، خاوەنی هەیە، کە لە گەڵیدا هێز و تیرەتۆری و پەیوەندی دادەڕێژێت.
دووەم، شوێنەکان تەنها وەک جێگایەکی فیزیکی بونیان نیە، بەڵکو هەمیشە سیمبوڵ و ڕۆڵی تایبەت بە خۆیان هەیە. میشێل فۆکۆ ئەمە ناودەنێت هیترۆتۆپیا، بەمانای جێگایەکی تر . زۆر جێگا هەن بۆ ئەوەی بمانگەیەننە جێگای تر: مزگەوت، تەکێ، بارەگا، نوسینگە. 
سێیەم، شوێنەکان دەبنە لە قاڵبدەری شوناسی کەسەکان، کەسێک لە کەناڵێکەوە دەردەکەوێت، لە چوارچێوەیەکی تایبەتدا دەردەکەوێت، لە ژێر لۆگۆیەکدا، بە زمان و خیتاب و ئاراستەی تایبەت. وشەیەک لە کەناڵێک مانایەکی جیاوازی هەیە، لە هەمان وشە لە کەناڵێکی تر. 
چوارهەم، زۆرشوێن هەن ناشوێنن: وەک فرۆکەخانە، فڕۆکە، تێرمیناڵ، کەشتی. ناشوێن هەروەها بە مانای نەبوونی توانای پەیوەست بوون یان تێگەیشتن لە ئەو شوێنەی کە تیایدای. وەک بەختیار عەلی ناوی دەنێت، زۆربەی کوردەکانی هاندەران لە کوردستانن لە هاندەران، لە جێگایەکدا لە دەرەوەی شوێن، وەک ئیدوارد سەعید باسی دەکات. ئەمەش هۆکارێکی گەورەیە لە یوتوپیایی بوونی مرۆڤی غەریبدا.
بەڵام لە گەڵ گەشەی تەکنەلۆجیدا شوێنی نوێ هاتوەتە ئاراوە، شوێنی ڤێرچواڵ (ئیفترازی). مرۆڤەکان نیشتەجیی فەیسبوک و تویتەر و پانتاییە هاوشێوەکانی تری .
مرۆڤەکان لە جێگاکاندا بە جیواز ڕەفتار دەکەن، بیردەکەنەوە، مامەڵە دەکەن. شوێنەکان بەردەوام وەها دادڕێژرێن کە یادەوەری مرۆڤەکان ئیدارە بدەن، کاتێک بە شارێکدا دەڕۆیت، پەیکەر دەبینیت، کە میتۆدێکە بۆ ئەوەی پێت بڵێت کە دەبێت چیت لە یادبێت، چیت لە بیرنەچێت. لە ئەنجامدا چۆ هەڵسوکەوت بکەیت. بە هەمانشێوە ناوەکان، ڕەنگەکان، نەخشەکان. 
بەڵام گەر لە ئاستی تاکەکەسی بچینە دەرەوە: ئایا لە جێگایەکی وەک کوردستاندا، چۆن بیردەکەیتەوە؟ ئەوەی من هەستی پێدەکەم، جێگایەکی وەک کوردستان لە ئاگایی گشتیدا بوونی نیە. ئەمە بەشێکە لەو پرۆسە ئاڵۆزەی کە نزیکەی سەدەیەک لەمەوپێش ڕۆژئاواییەکان لە میانەی پرۆسەی کۆلۆنیالیدا هێنایان بۆ وڵاتی ئێمە. پێش ئەوروپاییەکان نەخشە نەبوو، سنور نەبوو حکومەت نەبوو. حکومەت تیرەتۆری دروست دەکات. دروستکردنی تیرەتۆری پرۆسەیەکی ئاڵۆزە لە پێکەوە گرێدانی خەڵک لە گەڵ خاکدا بە باڵادەستی حکومەت لە میانەی هێزەوە. عێراق هەمان کێشەی هەیە. پێکەوە نوسان نیە لە نیوان خەڵک و خاک و حکومەتدا. تێڕوانین لەمە پاڵنەری ئەوەبوو کە چەمکی پانتایی یان تیرەتۆری جڤافتی هەڵبژێرم، وەک چەمکێک بۆ تێگەشتن لە پرسی خاک لە عێراقدا، لە بەرامبەر نەهاتنەئارای چەمکی یان واقیعی تیرەتۆری دەوڵەتیدا. بیرمەندی فەرەنسی هێنری لێڤیبفیر تیرەتۆری دەوڵەتی بە تیرەتۆری ئەبستراکت ناو دەبات. ئەم جۆرە تیرەتۆرییە بەرهەمی توندوتیژی و شەڕە، پانتاییەکە کە دەوڵەت وەک تابلۆراسا مامەڵەی لە گەڵدا دەکات. تابلوراسا بە مانای ئەوەی وەک کاغەزی سپی وەهایە هەرچیەکی بوێت لە سەری دەنوسێت.
لە ئاستی گەردونیدا شوێن دەبێتە جێگایەکی شل، هەتا بێت زیاتر وەک شمەکێک مامەڵەی لە گەڵدا دەکرێت. بە جۆرێک دوفاقیەکی سەیر لە ئارادایە، لە کاتێکدا کە شوێن دەکرێتەوە بەرووی مرۆڤەکاندا، بەڵام لە هەمانکاتدا جۆری جیاواز لە بەربەست و سنور و رێگری و خاوەندارێتی دێتە ئاراوە. 
مرۆڤ هەتابێت بە رووی زەویدا دەڕوات بەبێ ئەوەی ڕەگ دابکوتێت، ئەمە تیورەی ژیل دۆلۆز و گواتاری بوو لە چەمکی رایزۆمدا. بە مانای ئەوەی وەک هەرێز لە ئاستی روکەشدا بە ڕەگێکی کورتەوە بکشێ. ئەمە کۆتایی میتۆدی دارە، کە ڕەگ دابکوتیت لە جێگایەکدا و بچیتە قوڵایی و ئیتر نەچیت بۆ هیچ کوێ. 
بیرکردنەوەی شوێنی بیرکردنەوەی جیاوازە لە ئاستی میتۆد و بینین و مامەڵە و تێگەیشتنەوە. لە چەند هەفتەی داهاتوو لە خانەی بیری روسی لە شاری لەندەن ناوچە جێناکۆکەکان وەک چەمکێک بۆ خوێندنەوەی عێراق بە کاردەبەم لە دیدی خوێندنەوەی شوێنەوە.

سەردار عەزیز

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی