عەبدوڵا عۆجالانمان لە زیندان ناسی

15/02/2019

دانا رەشید

کەسایەتیەکی شویعی عێراقی لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی رابوردو وتویەتی ( زیندان ویستگەی ئیسراحەتە بۆ کەسانی بەرگریکار ) واتە ئەوەی کە دوژمن لێێ دەترسێ حیزبەکە نی یە بەڵکو کەسەکەیە ، ئەوەی کەسایەتیە سیاسی و بەرگریکارەکەش حسابی بۆ ناکات ، دوژمنەکەی نی یە بەڵکو زیندانی دوژمنە ، بەو پێودانگەی کەسانێ دژی زوڵم و ستەم و ئەوانەی دەبن بە خۆرێک بۆ ئومێدی میلەت ، ئیدی نسرمی و نسێی کونجی زیندان ساردی ناکاتەوە ، بەڵکو زیندان دەبێتە کوانوی وانەی شۆرشگێری ، 
تۆ بروانە ، هەتا سەرۆک ئاپۆ لە دەشتی بیقاع لە سوریا سەرکردایەتی هێزەکانی پێکاکای دەکرد ، بۆ ئێمە سەرۆکی حیزبێک بوو کە لەسەر بنەما توند و کۆنکرێتیەکانی بیری مارکسیەت دانرا بوو ، ئەوەی کە ئیتر دەبێ بەستەڵەکی بشکێنرێت ، بە موهاتەرات و دەزگای راگەیاندنی باشور فریومان خواردبوو ، کە ئەوان بیرکردنەوەیان جەهەنەمی یە ، بۆیە بە بەهەشتی پڕ درۆو گەندەڵی ئەمان سڵاواتمان لێ دەدا ، بە مێژوی پڕ دوو بەرەکی و پڕ لە خاک فرۆشیمان دەوت لەبەیک ، وەلی کاتێ عۆجالان بەو دیمەنانەی کە بینرا چۆن درایە دەست خوێنرێژانی دەسەڵاتی تورک ، ئیدی درۆکانی باشور ساڵ دوای ساڵ زەقتر دەبونەوە و راستی وانەکانی زیندان پتر تیشکی دەهاویشتە دەرەوە، 
بە تەواوەتی بیرمە چۆن لە ئەوروپا کوردانی باکوری دنیایان خرۆشاندبوو ، دەمان بینی چۆن کچان و کورانی خوێنگەرم گریان بەر دەدایە جەستەی خۆیان ، مانیان دەگرت ، ئەمما کە کار لە کار ترازا ئیدی دەبێ بیرێکی تری لێ بکرێتەوە ، بۆیە هەر زوو پێکاکا بە گشتی پەیرەو و بەرنامەی کاری خۆی گۆڕی ، رایگەیاند بەرخودان درێژەی دەبێ ، سەرکردایەتی لە پێ‌ش زیندانی سەرۆک ئاپۆ گۆردرا بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی .
راوێژکاری ئەڵمانیا ئەو کات ( گێردهارد شرۆدەر) کاتێ سەرۆک ئاپۆ گیرا لێدوانی داو وتی ( ئەڵمانیا نە تورکیایە و نە کوردستان ، دەبێ کوردەکان دان بە خۆیاندا بگرن ، هەر کەسێ شەرو پشێوی بنێتەوە ، ئێمە رادەستی دەسەڵاتی تورکیای دەکەینەوە ) ئەم لێدوانە دوو حەقیقەتی لەخۆ گرتبوو ، یەکێکیان تاڵ و ئەوی تر شیرین ، شیرینەکە ئەوەیە کە بە رەسمی راوێژکاری ئەڵمانیا دانی نا بە وڵاتێکی داگیرکراو کە ناوی کوردستانە ، کە خۆی هەر وتنی کوردستان وەک ئەوە وایە تورکیا ژەهر خواردوو بکرێت ، بەو پێودانگەی دەلێ ( ئەڵمانیا نە کوردستانە نە تورکیا ) واتە لە ناو تورکیا کوردستان وجودی هەیە ، ئەمەش بۆ تورک وەک عەزابی قەبر وایە، دوەم ئەو راستی یە تاڵە ، ئەوەیە کە هەمیشە کوردوو کێشە رەواکەی دەبێت بە ژێر دەست و پێ بەرژەوەندی دەوڵەتانی زلهێزەوە ، کە پێم وایە لە ئێستادا تا رادەیەکی زۆریش ئەم هاوکێشەیە گۆرانکاری بەسەردا هاتوە ، کورد ئەگەر ژیر بێ باکە بە ئاراستەی شیراعەکەی ئەم دێت ، 
ماندێلا ، هەتا لە دەرەوەی زیندان بوو ، شۆرشگێرێکی بیری مارکسی توند رەو بوو ، بروای بە کوشتن و لە ناو بردنی دوژمن قایم بوو ، وەلی کە چوە زیندان ئیدی زیندان بەو پێودانگەی وێستگەی ئیسراحەتی سیاسیە شۆرشگێرەکانە ، گۆررا بۆ قوتابخانەی وانەی راستکردنەوەی هەڵە فکریەکان ، ساڵ دوایت ساڵ خۆری قوتابخانەی زیندانی ماندێلا دڕی بە تاریکی دەدات ، تا ئەو رۆژەی ماندێلا وەک سەرۆک کۆماری باشوری ئەفەریقا پێشوازی ل کرا ، 
سەرۆک ئاپۆ دروست هەمان تێروانیە ، ئەوا ٢٠ ساڵ تێپەری ، زیندان پەیام بۆ قەندیل دەنێرێت ، قوتابخانەی زیندان شارەکانی کوردستانی کرد بە قەڵای بەرخودان، دەمیرتاش و هاورێکانی شیشی زیندان لێان دەترسێ ، دەسەڵاتی تورک زۆر جار مەجبوری گفتوگۆ دەبێ لە زیندان . چونکە سەرۆک بوون بریتی نیە لە جامانەو پشتێنی گرێ گرێی خێڵەکیانە ، بریتی نی یە لە خۆ سەپاندن بە ناوی کورد بوونەوە ، ئەکرێ لە زینداندا سەرۆک بی ئەوەیە شەرعیەتی شۆرشگێری ، 
رەنگە ئێستە دەسەڵاتی تورکی فاشست ، بیر لەوە بکەنەوە ، چۆن بە سەرۆک ئاپۆ بڵێن ، فەرموو جەناب ئازادی چاوەروانە پێشوازیت دەکات.
ئیدی کورد بوون ، زیندان و کوژران و راونان نابێ 
ئیدی کورد بوون سەخت نابێ و راکردن لێێ تاوان بێ 
ئیدی کورد بوون ، دەبێتە ئەو شانازیە ، کە نەوەی داهاتوی کورد وانەکانی دەخوێنێ ، ئەوێ رۆژێ کوانوی وانەکانی قوتابخانەی زیندان ،تارکی شەق و پەق کرد .لەسەر دیوارەکانی زیندانی سەرۆک ئاپۆ دەنوسرێ ، ئەوێ رۆژێ سەرۆکێک هاوشێوەی ماندێلا بێرەدا گوزەری کرد . 
ئیرە زیندانی ئیمرالی یە.

دانا ڕەشید

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی