ناتەواوە تەواوکەرەکانی یەکتر

15/02/2019

سەلام مارف

لە پانتایی فکری کوردیدا، هەردوو لایەنی فکری ئایینی و رەخنەی فکری ئایینی وەک دوو ناتەواوی تەواوکەری یەکتر کار دەکەن. مەبەست لە ناتەواوی ئەو دۆخەیە کە فکرێک لە خۆی دەگرێت، بەڵام ناگاتە ئاستێکی کامڵ. ناتەواوی دۆخی فکرێکە کە لە جەوهەردا کۆتایی هاتووە، بەڵام لە فۆڕمدا بەردەوامە و سەرقاڵی جوینەوەی خۆیەتی.

رەخنەی فکری ئایینی، بەشێوەیەک لە شێوەکان رەنگدانەوەی ئەو تێزە فکرییە ئایینییە کە وەک جۆرێک گوتاری زاڵی ئایینی خۆی خستۆتە روو، کێشەی ئەم جۆرە فکرەیە زاڵبوونەکەی نییە، بەڵکو تەنها و یەکلایەنەکەیشییەتی. لە راستیدا ئێمە سەروکارمان لەگەڵ نزمترین ئاستی فکرێکە کە خراوەتە روو. مەبەست لەوەیە، ئەگەر هەندێک جار یان لە دۆخێکی تایبەتی مێژوویدا، وەک جۆرێک هەڵگری پەیام خۆی خستۆتە روو، بەڵام ئەمڕۆ فکری ئایینی هەڵگری هیچ جۆرە پەیامێک نییە و تەنیا لە رێگای بەکارهێنان و بەرخۆریییەوەیە کە ئەتوانێت بەردەوام بێت، ئەم فکرە نە هەڵگری لۆژیکە، نە هەڵگری تێڕوانینێکی قوڵە، بەڵکو لە ئاستێکی ئەوەندە سەتحیدایە، کە مومکین نییە کەسی رەقیب نەبێتە قوربانی جەنگ لەگەڵ ئەو ئاستە سەتحییەدا، تەنانەت ئەگەر بە سەریشیدا زاڵ بێت.

گوتاری ئایینی، دیوی دووەمی سادەییەکی بیرکردنەوەیە، کە بەسەر پانتایی فکری ئێمەدا سەپاوە، دەکرێت نیشانەکانی ئەم سەپاندنەش لە سادەترین شیکردنەوەیدا لە ئاستی دەربڕین و بەهانەهێنانەوەکاندا ببینرێتەوە. گوتاری ئایینی پشت بە وتن و بەردەوام دووبارەکردنەوە دەبەستێت، بەواتایەکی تر، گوتارێکە نە گریمانەی هەیە و نە ئامادەیە ئۆباڵی ناکامڵییەکەی خۆی لە ئەستۆ بگرێت. ئەرکی ئەم گوتارەش، بە پلەی یەکەم، بەشدارییەکی راستەوخۆیە لە گومڕاکردنی فکری و هێشتنەوەی ئەو بارەی کە وەک واقعییەتێکی جێگیر وەرگیراوە. کێشەی ئەم گوتارە تەنیا لە سادەیی و هەژارییەکەیدا نییە، بەڵکو لەو دەستکراوەییەیدا کە بۆ بەخشینی سادەیی و سەتحی و هەژاریی فکری ئاوەڵای کردووە، بەراستی تا دواین ئاستەکانی دڵفراوانی، ئەم گوتارە دڵفراوانە، دەبەخشێت و بەردەوامیشە لەم بەخشینە، بێ ئەوەی لێی کەم بکات و بێ ئەوەی کەموکوڕی بۆ دروست بێت، رێک وەک میوەکانی بەهەشت کە لەدەم و ساتی خواردنیاندا دووبارە دەبنەوە..
بەڵام، لەبەرامبەرشدا، گوتاری رەخنەی ئایینی، کە بەجۆرێک لە جۆرەکان وەرگری بەخشندەیی لایەنە سادە و هەژارییەکەی گوتارە سەرەکییەکەیە، خۆی سەتحی و هەژارە. لەم حاڵەتەدا ئەو ناتەواویانە یەکتر تەواو دەکەن، چونکە بێ بوونی رەقیبێک هیچ نەبەردێک بوونی نابێت.

هەروەک چۆن گوتاری باوی ئایینی، بێ گریمانەیە و هەڵگری هیچ لۆژیکێک نییە، بەهەمان شێوەش گوتاری رەخنەیی ئایینی لە فۆڕمە باوەکەیدا هەمان تایبەتمەندی دووبارە کردووەتەوە، تا سەرەنجام بووەتە قوربانی وەرگرتن و کاردانەوەی خێرا.
ئەگەر گوتاری ئایینی، تەنیا لە وڕێنە و دووبارەکردنەوەدا دەژی، کە ئەمە هەڵگری سیفەتی بیرکردنەوە باو و جێگیرەکانە، ئەوا گوتاری رەخنەیش ناتوانێت لەم دووبارەکردنەوە بێ بەش بێت. بە دەربڕینێکی تر، ئەم گوتارە ئایینیە ناتوانێت ئەرگی رەخنەیی خۆی رۆشن بکاتەوە، بۆیە لە بری ئەوەی ببێتە گوتارێکی رۆشنگەی و دژە ستەمگەری، خۆی دەبێتە گوتارێکی ساد و سواو.

رەخنەی گوتاری ئایینی، تەنیا دەرخستنی لایەنە خورافییەکانی ئەو گوتارە نییە، چونکە خورافات تەنیا سیفەتێکی ئایینی نییە، بەڵکو روونکردنەوەی ئەو ئەرکەیە کە خورافات لە دۆخێکی تایبەتدا پێی هەڵدەستێت. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم رەخنە ئایینیە خۆی هیچ گریمانەیەکی نییە، بۆیە ناتوانێت ئەو ژینگە یان ئەو قۆزاخە تێپەڕێنێت کە بیرکردنەوە باوەکە بۆ فەراهەمکردووە.

رەخنەی گوتاری ئایینی، ئەتوانێت لە یەک حاڵی سەرەکیدا کورت بکرێتەوە: ئایین وەک هەر کایەیەکی تر ئایدیۆلۆژیایە و ئەرکی هەر ئایدیۆلۆژیایەکی باویش لێڵکردنی بەرچاوی ئێمەیە بۆ نەبینین و دەستڕانەگەیشتن بە حەقیقەت. راستییەکی تاڵە، کە ناچارین بیڵێین، گوتاری ئێستای رەخنەی ئایینی بەهەمان شێوەی گوتارە ئایینەکە، خۆی ئایینگەرایە و خزمەتگوزارێکی سادە و ساکاری سیستەمێکی جێگیرە، هێشتا بێتوانایە لە دۆزینەوەی فۆرمێکی تری ژیان ، تەنانەت پەی بە ئەرکی خۆیشی نەبردووە، رێک وەک بڵێین لە دۆخێکی سەرەتایی نامۆیدا دەژی.

سەلام مارف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی