كاك بەختیار، كێشەكە چەند مەسئوولێكی دز نییە، بەڵكو سیستێمێكی دزو وێرانكەرە!

16/02/2019

سەلام عەبدوڵڵا

مەلا بەختیار: (هەندێك لە مەسئوولەكان كەم بدزن، خۆشگوزەرانی خەڵك زیاد دەكات)

ئەم وتەیەی كاك بەختیار بە دەیان هەزار جار وتراوە لەلایەن بەرپرسی ئەم حزب و ئەو حزب و هەر یەكێكیان بە مەبەستێكەوە و بۆ ئاراستەكردنی كۆمەلگەَ بەرەو سیاسەتەكەی خۆی(خۆیان)، ئەم جارەیان كاك بەختیار دەریبڕی، بەڵام پرسیارەكە ئەمەیە: ئایا خراپی و بارگرانی خەڵك بەوە باش دەبێت(هەندێ مسئوول كەم بدزن) ؟

نەخێر و بەو پەڕی راستگۆییەوە ئەڵێم ئەم جۆرە لێدوانانە بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵك و بەلارێ بردنیانە و راستییەكەی لێرەیە كە هیچیان ئامادە نەبوون بیڵێن: 

رێككەوتنی زۆربەی حزبەكانی كوردستان و عیراق پاش لەناوبردنی دیكتاتۆریەت لە 2003وە پاشان بە گۆڕان(لە سەردەمی نەوشیروان) و یەكگرتوو و كۆمەڵیشەوە لەسەر پەیڕەوكردنی بەرنامەی لیبرالیزمی نوی و بازاڕە ئازادەكەی بە رەتەچەی صندوقی دراو و بانقی جیهانی هۆی سەرەكی ئەم باروودۆخەیە .


لێرە چەند خاڵێك دەخەمە روو لەسەر  بۆچوونەكەی بەختیار: 
1 ـ چەند مسئوولیك دزی بكەن یان نەكەن هیچ لە ستەمكاری كرێبەستی كاتی، بە ئەهلیكردنی خزمەتگوزاری تەندرووستی و پەروەردە و ئاو و كارەبا و بازرگان و دەرمان و پاڵاوگە ...هتد، ناگۆڕێت. هیچ لە پشتگوێ خستنی بیمەی كۆمەڵایەتی ناگۆڕێت، هیچ لە راگرتنی دامەزراندنی دەیان هەزار ئەكادیمی ناگۆڕێت.   
2  ـ دزی و گەندەڵكاری بە بەرچاوی وەزارەتی دەرەوە و بانقەكانی وڵاتانی ئۆروپا و  ئەمریكا رێكخراوە و خۆشیان تێدا بەشدارن، چونكە بڕی پارە كە گەیشتە سەدان ملیون و ملیارد دۆلار دەبن بە ژمار لە بانقەكان و كۆمپانیا و خانوبەرەی رانبەهاكان).
3  ـ   (یەكێتی نیشتمانی كوردستان)یش وەك حزبە دەسەڵاتدارەكانی تر بەرپرسە لەم ستەمكاریە كە بەڕێزیان یەكێكە لەبەرپرسە لەبەرچاوەكانی ئەو حزبە. نزیكەی 28 ساڵە بەبەرچاوی خۆشیانەوە  بەرپرسەكانی ئەو حزبە بوون بە بازرگان وخاوەن خانوبەرە و كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت و فەرهودكردنی زۆربەی كەرتە گشتیەكان. نەدەبوو ئێوە هەر لە سەرەتاوە رێگری بكەن لەو فەرهودكردنە ؟نەدەبوو بایەخ بە چاككردن و باشكردنی كەرتە گشتیەكان بدەن؟
4  ـ  "خۆشگوزەرانی" لە وڵاتەكانی ئۆروپا بەستراوەتەوە بە كەڵەكەكردنی سەرمایەی سەرەتایی، مۆنۆپۆڵكردنی بازرگانی سەرتاپا فرتوفێل و ستەمكار و دارایی و چەكسازی ...هتد،  كە موستحیلە پاش 1000 ساڵی تریش دەرفەتی وا بۆ حكومەتێكی كوردستان هەڵكەوێت. خۆشبەختانە مێژوو لە دڕندایەتی حكومەتەكانی ئۆروپا بەشی كوردستانی نەدا. ئەو بەناو خۆشگوزەرانیە  خوێنی ملیونان مرۆڤی جیهانی سێ و هێزی كاری ئۆروپاییشی لێدەچۆڕێت .
5 ـ دەبوو كاك بەختیار ئەگەر دەیەوێت هەڵویستێكی نوی َ دەرببڕێت، ئەوا سەرەتا لە حەشاماتی خاوەن كۆمپانیا و پاڵاوگە و خانوبەرەكان دووركەوێتەوە و راشكاوانە لە دژی سیاسەتی ئابووری لیبرالیزمی نوێ هەڵویست وەربگرێت. 
6  ـ ناكرێت پاش ئەو وتەیە هێشتا هەر سوور بیت لەسەر ئەوەی كە بەڕێزیان     

لە ٧/٢/٢٠١٩ ، دەڵێن(لە ژیانما ئەوەندەی لەخەمی یەكێتیدا بووم، لەخەمی خۆمدا نەبووم و بۆ خزمەتكردنی یەكێتیش ھیچكاتێك نە ھەستم بە ماندوێتی كردووەو نە ھەستیشی پێدەكەم.) .

ئەی یەكێتی وەك حزب بەشداری سەرەكی نەبووە لە دامەزراندنی حكومەتەكەی بریمەر تا ئێستا و چەندین كەس لە بەرپرسە گەورەكانی بە پۆلیسی نهێنی بریتانیا و ئەمریكا  بەستراونەتەوە؟

ببورە، كێشەی هێزی كار لە هەرێم بە كەمكردنی دزی ئەم و ئەو مسئوول چارەسەر ناكرێت و لەوانەیە  ئەو رستەیە دەیان جار لە لایەن نەوشیروان موستەفا وتراوە كە هەر خۆیشی دەمڕاستی توند ڕەو بوو بۆ فەرهوودكردنی كەرتە گشتیەكانی خەڵك.
7 ـ كاك بەختیار ئەڵێ ( ئێمە ئێستا عەداڵەتمان نیە)، وەك بڵێی دوێنی عەدالەتمان بەسەر باریبێت!
8 ـ كاك بەختیار ئەڵێ ئەبێ بیگۆڕین، بەڵام پێمان ناڵێ چۆن ، ئەترسم وەك گۆڕانەكەی كابرا بێت!
9 ـ نەك تەنها لە ئۆروپا ، لێرەش سەرەڕای هەژاری زۆر، بەڵام تا رادەیەك بەهۆی هاریكاری كۆمەڵایەتی ، نەمبیستووە یەكێك لەبرساندا مردبێت.
10 ـ لەلای كاك بەختیار، كوردستان قۆناغی رزگای نیشتمانی تەواو بووە و ئیستا قۆناغی  (خۆشگوزەرانیه)، ئاخر بە فەرمانێكی بەغدا هەرچی دەروازە و فرۆكەخانە و موچە و چەك هەیە .. .هتد كێشەی زۆر قورسیان تێكەوت.   
"خۆزگەم" بەو رۆژنامەنووس و"نۆشنبیرانە" كە دەستیان دایە چەپڵەرێزان!

تەنها رێگای هەرەوەزی ئازاد نەجاتمان دەدات!

سەلام عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی