ڕوویەكی تری كۆنفرانسی وارشۆ

16/02/2019

کامەران قازی

بۆ من سیاسەتی حوكومەتەكان گرنگ نییە، من، وەك كوردێك، وەك  تاكی نەتەوەیەك كە وڵاتەكەی داگیر كراو و دابەشكراوە، هەرگیز ناتوانم وەك بە ناو ڕۆشنفكرێكی!! نەتەوەی سەردەست  بۆ مەسەلەكان بڕوانم، جا جەنگ بێت، یا ئاشتی ، یا كۆنفراسێك ، تا دەگاتە فیلمێك و نووسینێك و...هتد، ئەمە بۆ من ڕۆشن و ئاشكرایە و بۆتە پرانسیپێك بۆ ڕوانینم لە ڕوودا و و كێشەكان.
 
لە باڵای بەرزی ئازاری خۆمەوە، ئازار و خەمی هەموو نەتەوە داگیركرا و و دابەشكراوەكان دەبینم، لە حاڵیكدا نەتەوەكەم  لە هەموو نەتەوەكان، بە ئازارتر و ستمەدیدەترە، تۆ بەدەست یەك حوكمەتەوە دەناڵێنی، من هاوارم لەدەستی چوار دەسەڵاتە كە خاڵی هاوبەشیان زۆرە لە فكر و هەڵوێستدا لەگەڵ تۆ و ئەوەی دەیڵێیت و دەینووسی.

بۆیە هەر دەلاقەیەك، هەر تروسكەی ڕۆشناییەك، بتوانێ، بیەوێ و هەوڵ بدات، سەبارەت بە ئازاری نەتەوەكەی من، بڵێ یا كارێ بكات، یا یەكێك لەو داگیركەرانەم، ڕسوا بكات و كارێكی دژە مرۆڤیان لە قاو بدات، بۆ من جێگای خۆشحاڵییە، چونكە من لە پشتی وشەكانی ڕۆشنفكرانی بە ناو ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتانەی بەشێك لە نەتەوەكەی منیان داگیركردووە و زوڵمی لێدەكەن، هەمان سیاسەتی پەیڕەوكراوی ئێستای حوكومەتەكانیان دەبینم و دەخوێنمەوە و بەدڵنیاییەوە خراپتریش، چونكە ئەوكاتەش ئەو دەسەڵاتەش كە ئەمان دەیانەوێ بیهێنن، ئەوساش ئەو مافە بە خۆیان دەدەن كە بە ناوی پاراستنی خاكی خۆیانەوە، كە لەسەر دابەشكردنی خاكی نەتەوەكانی تر دروست بووە، جارێكی تر ستەمێكی تر لە بەرگێكی تردا، بۆ نەتەوەكەی من بە ڕەوا بزانن، هیچ یەكێك لەو حوكومەتانەی كە ئێستا لە بە شێك لە وڵاتە داگیركراوەكەی مندا، زوڵم و ستەم لە نەتەوەكەی من دەكەن، نەیان دەتوانی سی ساڵ و چل ساڵ و ...ساڵەهای ساڵ ئەو زوڵمە بەردەوامە دڕیژە پێ بدەن، ئەگەر چینی ڕۆشنفكریی، دەزگاكانی میدیایی، تاقیگە و قەڵەمڕانانیی ، هەڵوێستێكی ئینسانیان هەبایە بەرامبەر بە نەتەوە بندەستەكانی ئەو حكومەتانەی كە ئێستا ئەوان دەیانەوێت، شێوە و سیماكەی بگۆڕن و دەسەڵاتەكەی لێ بستێنن.

هاواری كەسێك كە زوڵمێك، یا ناهەقییەك، لە قاو دەدا، كە لە خۆی نەكراوە و باسی كەسێكی ترە، فرە جوانتر و لە ڕوی سەنگی ئینسانییەوە، هەستێكی قوڵتر و بەتەنگەوەهاتنێكی ڕاستگۆیانەترە. بەڵام ڕۆشنفكرانی نەتەوە سەردەستەكان، چاویان نوقاند، گویان كەڕكرد و زمانیان نەسوڕا سەبارەت بەو هەموو زوڵم و ستمەی بەدرێژایی هەزاران ساڵ لە نەتەوەكان كران، چوون، بە باسكردنی ئەو ڕاستیانە، زۆر درۆی شاخدار و هەڵبەستروای خورافی مێژووەكەیان پوچ و لەو قورساییە درۆین و هەڵبەستراوەی  مێژوو و كلتوری  نەتەوەكەی خۆیان كەمدەبۆوە. كە ئەوەش پایەیەكی گرنگی ئەو ستەمە هەزاران ساڵیە، كە ئەوان  بە ئاوەژووكردنەوەی مێژوو، شاخ و باڵ دروستكردن بۆ كلتوری خۆیان لەسەر كەمكردنەوە و دزین و گۆڕینی كلتوری نەتەوەكانی تر، حوكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی نەتەوە سەردەستەكەی خۆیان هاندا و ئەو جورئەتەیان، پێدا كە تا ڕادەی قڕكردن و و پاكتاوكردنی نەتەوەیی بڕۆن و سڵ نەكەنەوە، ئەمەش هاوبەشی كردنێكی زەق و ناشرینی ئەو فكر و قەڵەمانیە، كە بۆ هەموو شتێك دەگرین و ئەگەر جارێكیش  پێبكەنن بەو ستمە پێدەكەنن كە لەنەتەوە بندەستەكان دەكرێت.

كەی بینیتان و بیستان و خوێنتانەوە، قەڵەمیان ، فكریان و هەڵوێستیان باسی چارەنووس و ئازادی ئەو نەتەوە ستەمدیدانە بكەن؟! باسی ئازادی دەكەن و بۆی دەمرن، باسی چارەنووسی خەلكی خۆیان دەكەن بەدەست ستەمی حوكومەتەكانیانەوە، دەشزانن لە وڵاتەكانی خۆیاندا، ستەمی لەوەش گەورەتر سەدان و هەزاران ساڵە بەردەوامە و گیانی هەزاران تاكی ئەو نەتەوانە دروێنە دەكات، بەڵام ئەوان لە خاڵێكی گرنگدا، لەسەر ئازادی و چارەنووسی نەتەوەكانی تر لەگەڵ حوكومەتەكانی خۆیاندا هاوبەشن، ئەویش پاراستنی ئەو خاكەیە، كە بەشێكی گەورەی هی ئەوان نییە و هی نەتەوەكانی ترە.

من بۆم گرنگ نەبوو، لە وارشۆ چیان وت، كاردانەوەی ڕۆشنبیرانی دەرەوەیان بۆ من گرنگ بوو، لە كاردانەوەی ئەوانەوە، دەتوانم لێكدانەوە بۆ كۆنفراس و كۆبوونەوەی لەو جۆرە بكەم چونكە:
ئازاری دایك و
خوشك و
هاسەرەكەم، لە ئازاری دایك و خوشك و هاوسەری تۆ ناچێت
خەمەكانی باوكم، بۆ هەبوون و نەبوونی حیجاب و مانتۆ نییە
كاكم، نایەوێ یەكپارچەیی خاكێكی دروستكراو و دزراو بپارێزێ

هەڵبەجە بۆ نەتەوەكەی من بووە دۆزەخێك ، بەڵام بۆ حوكومەتەكەی  تۆ  بووە تاقیگایەك 

بۆ زیانیاری زیاتر لە سەر كاریگەریی گازە كیمیاوییەكان
هاواری تۆ بۆ سەندنەوەی دەسەڵاتە و 
هاواری من، هاواری نەتەوەیەك

چۆن دەتوانم وەك و تۆ، ڕوداوەكان ببینم؟!
لە كاتێكدا
تەنانەت، مریشك و جوجەڵەكانی وڵاتی من
گورگ و دڕندەی كەژ و كیوی وڵاتی من
وەك پەلەوەر و دڕندەی وڵاتەكەیی تۆش نامرن
بۆ پاراستنی یەكپارچەیی خاكی وڵاتەكەی تۆ!!

لێرە دار و مێرگ و كانیاوی وڵاتی من
گۆڕستان و قوتابخانە و مزگەوت  و كڵیسای وڵاتی من
لەژێر پۆستاڵی سەربازەكانی نەتەوەكەی تۆدا،  پێكەوە وێران دەكرێن
بۆ پاراستنی یەكپارچەیی خاكی وڵاتەكەی تۆ!!
چۆن دەتوانم وەك و تۆ بم
لێرە پشیلە و سەگ و (هیوا) ی تەمەن دوومانگی 
لە دۆزەخی پەلاماری سەربازەكانی نەتەوەكەی تۆدا
پێكەوە جەستەیان دەبێت بە خۆڵەمێشی دەم بایەكی ژەهراوی 
بۆ پاراستنی یەكپارچەیی خاكی وڵاتەكەی تۆ!!

كامەران قازی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە