ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕەپانی ململانێکانی ئێران و ئەمریکا

16/02/2019

 

چەند ساڵێکە وڵاتی ئێران کاریگەری ڕاستەوخۆیی بەسەر سیاسەتی چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیەو  ئەمەیش نیگەرانی لەلایی ئەمریکا و بەشێك لە وڵاتە عەرەبیەکان دروست کردووە. چەند ساڵێکە ڕاستەوخۆ و بووبێت یان لە ڕێگەی ئەو گروپ و هێزانەی کە بەباڵی ئێران هەژمار دەکرێن، وڵاتی  ئێران لە وڵاتانی وەك، عێراق و سوریاو لوبنان و یەمەندا، پێگەو کاریگەری دیار و بەرچاوی هەبووە و دژی بەرژوەندیەکانی ئەمریکا وەستاوەتەوە. 
ئەم کاریگەریەی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، نیگەرانی ئەمریکا و ئیسرائیل و بەشێك لە وڵاتەعەرەبیەکانی لێ کەوتۆتەوەو هەوڵدەدەن ڕێگری لەو  فراوانخوازیەیی  ئێران بکەن  و بەر لەبەرەو پێشچوونی زیاد تری بگرن.  لەسوریادا  ئیسرائیل ڕاستەوخۆ لە پێگە سەربازییەکان و بەر ژوەندیەکانی ئەو گروپانە دەدات کە بە دروستکراوی ئێران هەژمار دەکرێن، ئەوە جگە لەوەی کە  باس لەوە دەکریت، سوپای ئیسرائیل لە سالی ٢٠١٣ وە زیاتر  لە ١٣٠ هێرشی سەربازی  لە سوریادا دژ بە هێز و  ناوچە سەربازیەکانی حیزبواللە ئەنجامداوە، کە  کە دوا هەمین جاریان، کۆتایی ساڵی ڕابردوو بوو ڕوویدا و هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیان بۆ سەر چەند ناوچەیەکی سوریا ئەنجامدا. هەر چەندە دۆناڵد تڕەمپ، بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی دەرکرد لەسوریادا، جگە لەوەی بەشێك لە شیکەرەوان ئەم بڕیارە یان بە هەڵە ناوبرد، بەڵام دوور نیە کە ئەمە پلانێکی سیاسی و سەربازی ئەمریکابێت، بەوەی کە ئەمریکا ئەو ڕاستیە دەزانێت کە سوریا  پێگەیەکی گرنگی هەیە بۆ ئیسرائیل و  ئەو وڵاتە هێندە بەئاسانی ڕادەستی ئێران و ڕوسیا ناکات.  جگە لەوە ئەمریکا لە ڕێگەی هاندانی سعودیەوە، ئەو وڵاتە هان دەدات کە دژ بە حوسیەکانی یەمەن بجەنگێت و پێش لە فراوانبوونی هێز و دەستەڵاتیان بگرێت لەو وڵاتەدا، چونکە دەزانێت کە فراوانبوونی دەستەڵاتی حوسیەکان لەیەمەن، فراوانبوونی  زیاد تری دەستەڵات و هەژموونی   ئێرانە لە ناو چەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.   دەتوانین بڵێین کە ڕووبەڕووبوونەوەی حوسیەکان و سعودیە، ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئەمریکایە بە شێوەیەك لە شێوەکان، کە بکەرە سیاسیەکانی ئەم دوو وڵاتە ئەنجامی دەدەن. ئەوە جگە لەوەی کە هەوڵ دەدات سعودیە بهێنێتە نێو گۆڕەپانی سیاسی عێراقەوە و کاریگەری هەبێت لە ڕوداوە سیاسیەکاندا. ئەمریکا بۆ ڕێگەگرتن لە زیادبوونی هەژموون و کاریگەری ئێران لەناو چەکەدا، بەردەوام لە ململانێی ئابووری و سیاسیدایە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا و  لەو ئامانجی ئەوەیە ئابووری ئەو وڵاتە لاوازبکات و  بەر دەوام لەهەوڵدا دەبێت هەتا دەستی ئەو بەسەر سیاسەتی بەشێك لە وڵاتانی ناوچەکەوە نەهێڵێت و خۆیی وەك یاریکەرێکی بێ ڕکابەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نیشان بدات. بەڵام ئەوەی کە لێرەدا جێگەی پرسیارە ئەوەیە کە، ئایا ڕوسیا ڕێدەدات، ئێران کە ساڵانێکە دۆستی ئەو وڵاتەیە  لەبەرانبەر سیاسەت و بەرژوەندیەکانی ئەمریکادا  بەزوویی شکست بهێنێت؟ یان بە پێچەوانەوە دەزانێت کە شکستی ئێران لە ناو چەکەدا بەجۆرێك لە جۆرەکان شکستی ڕوسیاشە و پاڵپشت و  یارمەتی دەری سەرسەختی ئێران دەبێت. ئەوەی لێرەدا بۆ کورد گرنگە ئەوەیەکە، لەنێوان ململانێی سیاسی و سەربازی دوو وڵاتی خاوەن هێزدا کە لەناوچەکەدا کاریگەریان هەیە، بەوریاییەوە مامەڵە بکات و هەنگاوی ژیرمەندانە هەڵبێنێت بۆ  ڕاگرتنی باڵانس، لەنێوان ئەم هێزانەدا،  بۆ ئەوەی نەبێتە قوربانی بەرژوەندیەکانی وڵاتە زلهێزەکان.

عەلی عەبدول‌صەمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی