داهاتووی هەرێم بەرەو کوێ؟
ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی، هەڵوێستی گۆڕان!

16/02/2019

دڵشاد ئەنوەر


پێش هەموو شتێک دەمەوێ ئەوە بڵێم ، ئەوەی لە هەرێم دا دەگوزەرێ ، ئەو نەهامەتیەی بەسەر ئەم میللەتەدا دێت، ئه‌گەر یەکێتی و پارتی هۆکار بن، ئەوا میللەت پشتیوانیان بووە.

بیرمە ساڵی 2014 کاتێک گۆڕان و پارتی رێککەوتن ، خەڵک جنێوی دەدا بە گۆڕان بۆ لەگەڵ پارتی رێککەوتووە.

کاتێکیش گۆڕان پشتی کردە پارتی و رێککەوتنەکەی هەڵوەشاندەوە، خەڵک و فەیسبوکەوانان هەر جنێویان دەدا، دواتر کاتێک گۆڕان کەوتە ژێر کاریگەری فەیسبوک و دۆخەکە تێکچوو، هەر ئەوانەی کە پێشتر دەیانگوت بۆ گۆڕان لەگەڵ پارتی رێککەوتووە، دەیانگوت گۆڕان لە پارتی دوورکەوتۆتەوە و رێککەوتنی پەرلەمانی تێکداوە و تێکدەرە موچەی خەڵکی بریووە.

ئاخر فەیسبوکەوانی بەرێز، مەعقولە من نەزانم ناوەرۆکی رێکەوتنی دوو حیزب چی تیایە، یەکسەر دەست بکەمە جنێو و قسە کردن، ئەی بەشکو رێککەوتنی ئەم دوو حیزبە باشکردنی دۆخی ئاسایش و ئابوری هەرێمی تیا بێت، ئەی بەشکو رێککەوتنەکە لە خزمەتی ئازادی بیر و ڕاو ئازادی تاکە کەس بێت؟ ئەی بەشکو ئەم دوو حیزبە رێککەوتبن گیراوەکانی بادینان ئازاد بکرێن و بژیوی تاک باش بێت.

یانی بۆ من نەزانم ناوەرۆکی رێککەوتنەکە چی تیایە، یەکسەر دەست بکەمە قسە و خاڵی کردنەوەی هەوای نێو زگم؟ یانی ئەم میللەتە کە تەنها میللەتە ٤٠ ملیۆن کەس بێت و دەوڵەتی نەبێ ، بێ هۆ نیە !.

دۆخەکە بۆ کوێ دەروات؟

ئەوەی ئەمرۆ روویدا ، من دوو مانگە لێی دەترسم ، بەردەوام لە خەیاڵمدایە، ئەویش بۆنی دوو ئیدارەییە.

دوو مانگ لەمەوبەر لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای عێراق دا دانیشتم ، سێ رۆژنامەوانی ترم لەگەڵ بوو، بەرپرسە عێراقیەکە پێشبینی دوو ئیدارەیی کرد ، وتی( دوو ئیدارەیی بۆ هەرێم باشە ، چونکە یەکێتی و پارتی پێکەوە نایانکرێ).

منیش کەمێ رەد فعل گرتمی ، قسەکەیم زور لا قورس بوو ، وتم مەعقولە ئێوە چل حیزب و سەدان گروپی چەکدار و ١٥ محافزەن ، کەرت نابن ، کەچی دوو ئیدارەییتان بۆ ئێمە پێ باشە ، لەکاتێکدا کەمترین خەڵکی هەولێر لەگەڵ پارتی و کەمترینی سلێمانیش لەگەڵ بنەماڵەی تاڵەبانیدایە.

وتی ( ئێمە جیاین ، ئێوەش جیان)
یانی ئەوەی لە هەرێم دەگوزەرێ ، پێشتر بەرنامەی بۆ دارێژراوە..
خەتای کێ یە ؟.

پێش هەموو شتێک، سەرچاوەی هەموو نەهامەتیەکان بۆ ریفراندۆم دەگەرێتەوە ، بارزانی ریفراندومی سەپاند، نەک تورکیا و ئێرانی نەیار ، بەڵکو وڵاتە زلهێزەکانیشی لەهەرێم رەنجاند.

گەر ریفراندۆم نەبایە، سەد ساڵی مابوو ، رێگە بەعێراق و ئێران بدرێ ، بەهێز کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان داگیر بکەن، بس تێناگەم بارزانی کاتێک دەیگوت (گەر ریفراندۆم سەرنەگرێ ، کەواتە من ناتەواوم؟).

پرسیارەکە ئەوەیە، ریفراندوم سەری نەگرت ، بارزانی نەک ئامادەی قوربانی نەبوو ، بەڵکو لە پێناو شکست هێنان بە حیزبە هاوزمان و هاونەتەوەکەیدا، بەجلی ئەفەندیانەوە رۆیشتەوە لای هێزە شیعیەکان و تەنازوبی کرد، چۆن شەرمی نەکرد؟.
راستە بارزانی قوماری بە هەرێمەوە کرد، بەڵام لە بارزانی تاوانبار تر یەکێتیە، یانی معقولە تۆ لە قەزیەیەکی گەورەی وەکو ریفراندۆم دا ، شوێن پای بارزانی هەڵبگریت ، بێ ئەوەی بزانی لەداهاتودا چی روو دەدات ، یاخود چی لە پشت مەوزوعەکەوەیە!.

یەکێتی شوێنی بارزانی کەوت ، گەر ریفراندۆم سەری گرتبا، دەیویست شەریک بێت لە دەستکەوتەکەدا ، کە زانی ریفراندۆم شکستێ هێنا، خێرا دەستی خستە دەستی نەیارانی کوردو ناوچەکەی بۆ جێهێشتن.

جا یەکێتی بەشیوەیەک چووە پاڵ ریفراندوم چاوەروان نەکراو بوو، بەشێوەیەکیش پشتی کردە ریفراندوم چیەکان، هەموو خەڵکی خورماتوی لەخەودا جێهێشت و بەگورگان خواردی دان.

یانی باش بیزانن ، دۆخی ئێستای هەرێم ،تەنها یەکێتی و پارتی لێی بەرپرسن، تا ئەوانیش بمێنن کورد چی لەناوخوی هەرێم ، چی لەناوچە کێشە لەسەرەکانیش ئیسراحەت ناکات.

گۆران چی بکات؟

راستە ئەوانەی ئێستا قیادەی گۆران دەکەن ، لە هەرە لاوازترین کەسەکانن ، راستە بەتەمەنەکانی نێو خانەی راپەراندن نەک خاوەن جەماوەر نین، بەڵکـو کەس و کارەکانیشیان لەگەڵ نین.

راستە گەنجەکانی نێو ئەم بزووتنەوەیە، کە بەناوی گەنجانەوە قسە دەکەن ، لە هەرە ئینتیهازیەکانی نێو کۆمەڵگان، تا ئەوکاتە دۆستی گەنجن، کە بەرژەوەندیان لە دۆخەکەدایە، ئەگینا نە گەنج حساب بۆ ئەوان دەکات ، نە ئەوانیش بە مێزە پڕ لە شەرابی سور و گۆشتی کەو و سوێسکەوە لە خەمی گەنجان.

بەڵام رێککەوتنی گۆران لەگەڵ پارتی ، بریاری عەقڵانی بوو، یانی لە ساڵی 2009ەوە تا ئێستا، یەکێتی جەماوەری لە سلێمانی لە دەستداوە ، هەمووان دەزانین ئەو حیزبەی ناوی یەکێتی یە، بەمانا زانستیەکەی حیزب نیە، بەڵکو کۆبونەوەی کۆمەڵێ بازرگان و مافیایە ناوی لە خۆی ناوە حیزب، ئەگینا گەر بێ عەقڵی گۆران نەبایە، شتێک نەمابوو بەناوی یەکێتی.

ئێستا یەکێتی کە بەرژەوەندی هاوتا نیە لەگەڵ پارتی ، لەم فەراغەشدا پارتی ناجارە هەندی وەعد بەگوران بدات، یەکێتی بە هاوکاری فەیسبوکەوانە دەم هەراشەکان ، دەیەوێ بڵێ گەر پارتی شەریکایەتی یەکێتی لە بازرگانی و خاڵە سنوریەکان قبول کرد، ئەوا بۆ گۆرانیش ئاساییە لەگەڵ پارتی رێکبکەوێ ، بەڵام گەر پارتی مەسڵحەتی تجارەکانی یەکێتی خستە مەترسیەوە، ئەوا بۆ گۆران خیانەتەلەگەڵی رێکبکەوێ ، چونکە مەسڵحەتی بازرگانەکانی یەکێتی کەوتۆتە مەترسیەوە!

دڵشاد ئەنوەر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی