گۆڕان چۆن گۆڕا؟!

17/02/2019

هونەر تۆفیق


گۆڕان لەسەرەتاوە پرۆژەیەک ؍ فیکرەیەک بوو لەپێناو چەند ئامانجێکی روون و دیاری کراو۰ لەپێناو چاکسازی ئیداری و ئابووری ؍ عەدالەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ؍ جیاکردنەوەی حیزب لە دەستەڵات و دەستەڵاتەکان لە یەکتر؍ لە پێناو دابەشکردنی عادیلانەی سامانی نیشتمانی ۰ ئەم ئامانجانە زۆرێک لە خەڵکی هاوڕای لەخۆی کۆکردەوە ؍ پرۆژەکە بووە پرۆژەیەکی سیاسی هەموو ئەوانەی خواستی گۆڕانکاریان هەبوو بەرەو ئەو ئامانجانە ۰ کۆمەڵگە دابەشبوو بەسەر دوو بەرەی بگۆڕ و نەگۆڕدا۰

هێزێکی سیاسی کاریگەر و نوێ ی لێ دروست بوو کە ۱۷ ی شوباتی ۲۰۱۱ و ڕۆژانی دواتر ئەو هێزە سیاسیەی دیاری کرد پێشەنگی بێت.

ئەمڕۆ لە ساڵیادی ئەو ۱۷ی شوباتەدا ؍ هێزە پێشەنگەکە کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی رێکەوتنی سیاسی لەگەڵ بەرەی نەگۆڕدا پەسەند بکات ۰ بریارێکە بۆ ئەوەی ئەو گۆڕانە ؍نەگۆرێت۰

گۆڕان خۆی خستە گۆشەیەکی گوشراوی ئەوەندە بەرتەسکەوە لەنێوان یەکێتی و پارتیدا هەر جوڵەیەکی سیاسی رووبدات بە زیانی ئەوان بشکێتەوە و کەسیش نەبێت لە کەوتنیدا بەهانایەوە بچێت۰

ئەگەر یەکێتی و پارتی رێکبکەون کە گریمانەی رێککەوتنیان زیاترە لە نەکەوتن ؍ گۆڕان دەبێتە قوربانی ۰ چونکە بەپێ ی پێداگریەکەی یەکێتی لە پارتی داوای شەراکەتی سیاسی و حکومی دەکات ۰ بەڵام گۆڕان شەراکەتی سیاسی پێناکرێت لەگەڵ پارتیدا ؍ بەڵکە هاوبەشی - بەشداری حکومەتی پارتی دەکات کە جیاوازە لە شەراکەت ۰ لە ئەگەری رێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتیشدا گۆڕان هەر زەرەر دەکات چونکە لەنێوان ئەو دوو بەرداشەدا ئەو دەبێتە بابەتی دەستارەکە و خۆی دەهاڕێت ۰لەهەردوو ئەگەرەکدا گۆڕان نەخۆی گۆڕی و نە سیستەمەکەی پێ گۆڕدرا۰

هونەر تۆفیق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە