دەربارەی مەھزەلەی دروستکردنی حکومەتێکی نوێ لە ھەرێمدا

18/02/2019

مەریوان وریا قانیع


سەرەتا واقیعێکی سیاسیی ناشیرین لە ڕێگای تەزویرکردنێکی گەورە و کەموێنەوە دروستدەکەن و دەیسەپێنن، دواتر کۆدەبنەوە لەسەر ئەوەی چۆن ئەو واقیعە تەزویرکراوە ڕێکبخەن و بیگۆڕن بە واقیعێکی ڕاستەقینە. کە ئەمەیان بە ئاسانی بۆناکرێت بەردەبنە گیانی یەکتر و گیانی کۆمەڵگاکە، ھەموو مێژووی یەکتر ناشیرینکردن و ھەڕەشەکردن زیندوودەکەنەوە. لەم یاریە ناشیرینەدا لەناو واقیعێکی ساختە و تەزویرکراودا ھەموو شوناسەکان بزردەبن و ھێزەکان دەکەونە ململانێیەکی گەورەیە لەیەکترچوونەوە.

بەھێزەکەیان وێنەکەی خۆی دەکاتە مۆدێلێک بۆ لاساییکردنەوە و لەم کردەی لاساییکردنەوەیەدا خۆشی دەبێت بە کۆپیەکی تر. بەمجۆرە کۆپی بەر کۆپی دەکەوێت و ھەمووانیش نمایشێک نیشانئەدەن تەواو ناکۆکە بەوەی لە ناو ئەو واقیعە تەزویرکراوەدا ئامادەیە. گوتارەکان دەبن بە نمایشکردنی درۆ وەک تەبریر و تەبریر وەک تاقە ڕاستیی و تەزویریش وەک تاقە ئەگەری ناو مێژوو.

لەم یارییە ساختەیەدا شتێک بەناوی ڕاستییەوە بوونی نامێنێت، ھەمووان دەبن بە کۆمەڵێک تارمایی کە نە دەتوانن بمرن و نە دەشتوانن بژین. ئەم مەھزەلە سیاسییە درێژەدەکێشێت و خەڵکی ئێمەش نائومێدتر دەبن. لەم دۆخەدا چارەسەر بەوە نابێت کۆمەڵگای ئێمە لە سیاسەت دووربکەوێتەوە و سیاسەت خۆشی وەک یارییەکی پۆخڵ و ناشیرین وێنابکات، بەڵکو بەوەدەبێت تێگەیشتنێکی نوێ بۆ سیاسەت سەروەربکرێت، تێگەیشتنێک سیاسەت وەک یەکێک لە چالاکییە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی مرۆڤ وێنابکات و وەک کردەیەکی بەرپرسی دروستکردنی ژیانێکی گشتیی ھێمن و ڕاستگۆ وێنایبکات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی