یەكێتی، بڕیارێكی بوێر، ھەڵوێستێكی دروست

19/02/2019

سەركەوت زەكی

ساڵانێكە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان،پێویستی بە كۆمەڵێك ھەنگاوی كردەیی بۆ بەخۆداچونەوەی سیاسەتە دور مەوداو ھەنوكەییەكانی خۆی ھەیە و نەیكردوە،ھۆكارەكانی ھەندێكیان بڕوا ھێن و ھەندێكیشیان تەنھا لەبەر یەكڕیزی یەكێتیی و ڕابوردوەكەی و خوێنی شەھیدەكانی بێدەنگەی لێدەكرا.سەرئەنجام پیادەكردنی ئەو چەشنە لە سیاسەتی ناواقعی و ھەندێك جار بەرژەوەند پەرستانە و مەزاجی،گەیاندیانە لێواری ھەڵدێرێكی ترسناك،كە چیتر بەردەوامی و پێدانەچونەوەی مەترسیەكانی سەر خودی یەكێتیی وەك دامەزراوەیەك و دەستكەوتە بەدیھاتوەكانی خستبوە بەردەم ھەڕەشەی جدیەوە.

بۆیە،پێداویستی قۆناغێكی نوێ،ھاتبوە ئاراوە،قۆناغێك یەكێتیی بگێڕێتەوە بۆ سەردەمی كاركردن و پەیوەست بون بە چەمكە بڕوا پێبوەكانی و سەردەمی تۆخكردنەوەی جیاوازیەكانی لەگەڵ دەوروبەرەكەی،قۆناغێك جارێكی تر خۆڕسكانە،بێ ئارایشت و سازش بنكەی كادر و جەماوەرەكەی بخاتەوە پشت سەركردایەتیەكەی.سەرئەنجام جموجوڵە سیاسی و ھەنگاوە تۆكمە و خێراكانی كەلەچەند مانگی پێشوەوە دەستیپێكردوە بەو ئاقارەدا ڕێگەی گرتوەتە بەر كە ئەو بەربەستانەی ڕابوردو تێك بشكێنێت و ھەوڵی گەڕانەوە سەر شاڕێ ڕاستەقینەكەی خۆی بدات،ئەو شاڕێیەی بۆ ئازادی و ژیانێكی باشتر لەپێناویدا دروست بو.

یەكێتیی،وەك ھێزێكی زیندو،لەسەر ئەو چەشنە لە سیاسەت كردن،دەمێكە ڕەخنەئاژن ئەكرێت،بەڵام بەدەست نەبونی ئیرادەیەكی بەھێزەوە بەم ئاراستەیە دەیناڵاند.بۆیە پێدەچێت ئەندازیارەكانی ئەم سیاسەتە نوێیە قۆڵیان لێ ھەڵماڵیبێت و بڕیاری ڕاستەقینەیان بۆ پێداچونەوە دابێت،بۆیە لانیكەم لە ئیستادا ڕوی ململانێ ناوخۆییەكانیان بە ئاراستەی دەرەوەی خۆیدا وەرچەرخاندوەو لەسەر دوو بنەمای گرنگ سیاسەت ھەڵدەسوڕێنن،بنەمایەك ئاراستەیەكی نیشتمانی كوردستانی ھەیە و باشوری كوردستان تەنھا لەچوار پارێزگاكەدا نابینێتەوە و كەركوك و ناوچەكوردستانیەكانی تری دەرەوەی ھەرێمی كردوەتە تەوەر،و بنەمای دوەم چیتر كۆمەڵانی خەڵك بەرگەی باجی سیاسەتی ھەڵەو گەندەڵی دەسەڵات،بێدادی و خراپی بژێوی،دواكەوتن و خۆخواردنەوە ناگرن و ئەبێت یەكێتیی ڕۆڵی پێشەنگی خۆی لەو بوارەدا بۆ چاكسازی جومگە ژەنگ تێداوەكانی بەدەست بھێنێتەوە.

بۆیە،ھەنگاوەكانی ئیستاو ئەمدواییەی،خوێندنەوەی پۆزەتیڤانەی جێی ئومێدیان بۆ دەكرێت و دواجار جگە لە ڕێكخستنەوەی باڵانسی ھێزی سیاسی لەسەر ئاستی ھەرێم و عێراق،پێشبینی بەخۆداچونەوەو چاكسازی لە سیستەمی حكومڕانی لەبەرژەوەندی خەڵكدا لێ بەدیدەكرێت و بۆ خودی خۆیشی ھەنگاوێكی بوێرانەو ھەڵوێستێكی دروستی ناوە،كەدوای ماوەیەكی زۆر لە دڕدۆنگی،متمانەی گێڕاوەتەوە بۆ بنكە جەماوەرییەكەی و ھەمویانی خستوەتەوە پشت سەركردایەتی و ئەندازیارە زرنگەكانی ئەم سیاسەتە ڕاستەقینە یەكێتییانەیەوە.بەڵام دەستەبەری ئەم بەدەنگەوەھاتن و یەكدەنگی و خرۆشی كادرو جەماوەرە،بەردەوامی ئەم ھەنگاوانە و پاشەكشەنەكردن و سازش نەكردنە لەسەر مافە سەرەتاییەكانی خەڵك و دواجار ڕێكخستنەوەی نێوماڵەكەشیەتی بۆ خۆ پاكردنەوە لە ژەنگ و ڕزیوییەكانی جەستەی خۆیشی.

سەركەوت زەكی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی