رێككەوتنی پارتی و گۆران لەنێوان ئامانج و دەستكەوتدا

19/02/2019

دانا مه‌نمی

دوای ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی ڕێكەوتنی سیاسی واژۆ كردو دوایین خاڵیان لەسەر پیتەكان دانا ، ناوەڕۆكی رێكەوتنەكەی گۆران و پارتی لەسەر ئاستی عێراق وهەرێمی كوردستان قسەو بەڵێنەكانی ساڵانی ڕابردووە كە هیچی كاری پێنەكراوە ، لەم رێكەوتنەدا پارتی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆران پرسی بەغداو كەركوك تێكەڵ بە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە ، هەمان ئەو داواكارییانەی یەكێتی یە  كە بووەتە گرێكوێرەی لەگەڵ پارتی دا ، پارتی لەگەڵ گۆران لەسەر ئاستی عێراق لەسەر پێنج خاڵ رێكەوتوون كە هەموو پەیوەستە بە پرسی هەرێم و غداو ناوچە جێناكۆكەكان و بەڕێوەبردن و ئاسایكردنەوەی شاری كەركوك ،هەر ئەوەی كە پارتی دیموكرات ئێستا لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان لەسەری رێكەوتووە یەكێتی بە كەمتر لەوپاداشت و خەڵات و دەستكەوتانەی بەخشراوە بە بزوتنەوەی گۆڕان ڕازی دەبوو ، نەدەگەیشتە مریشكە ڕەشەش!

پارتی و گۆران لەسەرئاستی هەرێمی كوردستان لە تێگەیشتنەكەی نیوانیان لە سەر ۱۲ خاڵ رێكەوتوون ، جارێ خاڵی یەكەم و شەشەم یەك شتەو هەردوو باس لە بەدامەزراوەیكردن بە نیشتیمانیكردنی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم دەكەن ، هەرچی خاڵی چوارەم و دووەمیشە هەمان لێكچوونیان هەیە وباس لە نەهێشتنی سیستەمی پاشەكەوت و موچەی فەرمانبەران دەكات ، هەرچی خاڵی نۆیەمیشە باس لە ئازادییەكان و سەروەری یاسا و سزای سیاسی دەكات لەكاتێكدا ۲۷ ساڵە حوكمڕانی كوردی لە زۆربەی حاڵەتە كاندا جێبەجێكردنی یاسا كراوە بە قوربانی سیاسەت ،داڵدەدانی تۆمەتباران یەكێكە لەو دۆسیانەی كە هەركاتێك دادگا داوای بكردنایە، ئەوا بە پاساوی ئەوەی كە كێشەكە سیاسییە و لایەنی بەرامبەر بۆی دروستكردووە تۆمەتبارەكان داڵدە دەران و رادەستی دادگا نەكراون ، ڕێكەوتنی پارتی و گۆران  خۆی‌ لە لایەنی‌ سیاسی‌‌و تیۆری‌، لایەنی‌ پەرلەمانی‌، كارنامەی حكومەت و پەیوەندی‌ دەرەوە‌ومیكانیزم‌و چاودێریی‌، بەڵام رێككەوتنەكە لە بنچینەوە بۆ دابەشكردنی‌ پۆستەكانە لە نیوان ئەو دوو حزبەدا.

دەستكەوتی بزوتنەوەی گۆران لە رێكەوتنەكەدا چییە و ئامانجی پارتی دیموكراتیش چییە ؟! بزوتنەوەی گۆران لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم دا دەستكەوتی زۆر زیاترە لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم ،پشكی بزوتنەوەی گۆڕان لە جێگری سەرۆكی هەرێم و وەزارەتی دارایی و پیشەسازی و كاروباری كۆمەڵایەتی و دەستەی دەست پاكی و وەبەرهێنان ۲٤ پۆستی ڕاوێژكاری و ۲٤پۆستی بەڕێوبەری گشتیش وەردەگرێت ،لەكاتێكدا لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا گۆران خاوەنی ۲٤كورسی پەرلەمانی بوو هێندەی ئێستا دەستكەوتی بەدەست نەهێنا،هەروەها لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم دا نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا مابوو سەنگ و قورسایی خۆی بوو لە گۆڕەپانی سیاسی كوردستاندا ،زۆر لە ئێستا كەمتر دەستكەوتیان بە دەسهێنا .

بە بروای من رێكەوتنی پارتی و گۆران، پارتی دەخاتە بەردەم  بەرپرسیارەتی ئەخڵاقی و یاسایی و مێژووییەوە ، چونكە پارتی خاوەن هیزو بریاری جێبەجێكردنە و گۆران چاوەڕێی هەنگاوەكانی پارتی دەكات بۆ جێبەجێكردنی ناوەرۆكی رێكەوتنەكە ،بەڵام ئەگەر ئەو ڕێكەوتنەیش نەكرایە پارتی مەیلی هەبوو بۆ هێنانە پێشەوەو بەشداریپێكردنی گۆران لە كابینەی نۆیەم و  دەستكەوتی زیاتری نەدایە لەوەی ئێستا كەمتری نەدەدا بە گۆڕان چونكە یەكەم : پارتی و یەكێتی لە دوای هەڵبژاردنەكانی ۱۲ـی ئایاری پەرلەمانی عێراق بە قورسایی حزبی خۆیانەوە مانۆڕی خۆیان بۆ ڕێكەوتن لەگەڵ هێزە عێراقییەكان دەست پێكرد ، پارتی و یەكێتی لە بری ئەوەی شەڕی ئەو وەزارەتانە بكەن كە مافی كوردن لای عەرەب بە وەكالەت پڕكراوەتەوە جاڕێ شەڕی ئەو پۆستانەیان دەكرد كە لای خۆیان بوو ، دۆڕانی پارتی لە بە دەستنەهێنانی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق بەتەنها شكست نەبوو لەبەردەم یەكیتی دا ،بەڵكو شكستیش بوو لەبەردەم هونەری رێكەوتن لە شەقامی عیراقیدا ،بۆیە پارتی بە دووی تۆڵەوەیە لە یەكێتی  و ڕێكەوتنی لەگەڵ گۆڕان بۆخۆی پەیامێكە بۆ تۆڵەكردنەوە لە یەكێتی .

دووەم : پارتی  زۆرباش خوێندنەوەی بۆ بزوتنەوەی گۆران كردووەو پێی وایە بزوتنەوەی گۆران تەنها كراسێك بووە لەبەری نەوشیروان مستەفادا ، ئەم هاوكێشەیە لە هەر لایەكەوە شیكاری بۆ بكەیت تەنها یەكسان دەبێتەوە بە نەوشیروان مستەفا ،چیتر ئەو گۆرانەی ئێستا گۆڕانەكەی نەوشیروان مستەفا نییە ،ئەو هێزەی كە ئیستا گۆران بەڕێوە دەبات ئەو هێزو پێگەو دەسەڵاتە نییە كە نەوشیروان مستەفا لە ناو بزوتنەوەی گۆراندا بوو شەقامی دەجوڵاند، دواجار ئەوەی كە تەحەكوم دەكات هێزو لۆژیكی هێزە. 

پارتی زیاترباوەڕی بە پڕەنسیپی بەشداری پێكردن هەیە نەك هاوبەشی ڕاستەقینە لەبڕیارداندا ، ئێستا مامەڵەی پارتی لەگەڵ یەكێتی بە دەنگە نەك بە سەنگ لەوانەیە یەكیتی لەمەودوا بە هۆشیاریەوە  پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ پارتی ڕابگرێت و نێو ماڵی خۆی یەكبخاتەوەو هیچ باڵێكی یەكێتی نەتوانێت دژایەتی باڵ و دژایەتی بڕیارەكانی یەكێتی بكات.

دانا مەنمی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی