بۆ حزب و وه‌زیره‌كانی

20/02/2019

د. رەعد رەفعەت

بۆ حزب:
پێش ئەوەی وەزیر ئاشنا بێت بەماف وئەركەكانی ومومارەسەیان بكات، پێویستە حزبی سیاسی پێكهێنەری حكومەت بزانی ئەركی چیە سەبارەت بە وەزیر وتیمە حكومیەكەی بۆ ئەوەی بەرنامە وكارنامە چاكسازیەكانی لە حكومەتدا جێبەجێبكات. گرنگترین ئەركی حزب لە پرۆسەی بەشداری حكومەتدا بریتیە لە:
یەكەم: دەبێ حزب وسەركردایەتی وكادیرەكانی بزانن كە پرۆسەی چاكسازی، پرۆسەیەكی فۆناغبەندی درێژخایەنە ونابێت وهەڵەیە گەندەڵی بە دامەزراوەیی ویاسایی وكولتوری كوردستان بیستو هەشت ساڵی رابردوو بە چاوتروكانێك چاكسازی تێدابكرێت و واتێبگەین كەبەچەند كورسیەكی كەمی پەرلەمان دەتوانرێ هەموو هیوا وئاواتەكانی چاكسازی لە گشت بوار وسێكتەرەكان ئەنجامدەدرێ. بەڵام ئەوە نابێ وابكات بە روحێكی داروخا و ورەیەكی بەزیو بەرەنگاری مافیاكانی گەندەڵی بكەیت لە كوردستان وبەپێچەونەوە دەبێ چاوڕونی ودیدگات رۆشن بكات بۆ ئامانجە پیرۆزەكانی خزمەتی خەڵك.
دووەم: نابێ پرۆسەی چاكسازی لە حكومەتدا كورتبكرێتەوە لەو چەند وەزارەتەی حزبەكە وەریدەگرێت، بەجۆرێك نابێ كارنامەی چاكسازی لە حكومەت پەڕوباڵی بكرێت لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان. ئەوەی لەكابینەی هەشتەمی حكومەت روویدا سوڕانەوە بوو بەسەر چاكسازی، بەشێوەیەك حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن بەرنامە چاكسازیەكانیان تەنها لەو وەزارەتانە ئەنجامدەدا كە بەركەوتەی خۆیان بوو، گشت وەزارەت ودەستەو فەرمانگە گرنگەكانی بەركەوتەی پارتی ویەكێتیان فەرامۆشكردبوو وتەنها خەریكی ئەو چەند وەزارەتەی خۆیان بوون. بۆیە لە ماوەی حكومەتی كابینەی هەشت نەماندیت حزبەكانی ئۆپۆزسیۆنی بەشدار لە حكومەت هیچ رۆڵ وكاریگەریەكی چاكسازیان هەبێ لە هەندێك وەزارەتی گرنگی وەك: خوێندنی باڵا، پەروەردە، شارەوانی، پلاندانان، ناوخۆ، هتد... چونكە ئەوانە هەموویان لەژێردەستی پارتی ویەكێتی بوون وكەوتبوونە دەرەوەی پڕۆژەكانی چاكسازی وحزبەكانی تریش رۆڵ وفشاریان نەبوو بۆ چاكسازی تێیاندا.
سێیەم: دەبێ بزانرێ كە دەسەڵاتی راستەقینە وفیعلی هەموو كۆنەبۆتەوە لە دیوانی وەزارەت یان تەنانەت لەخودی حكومەت، بەڵكو هەندێك دەسەڵاتی گرنگ هەن لە رێگای دامەزراوە حكومیەكان مومارەسە دەكرێن بۆ قازانجی كەسانێك لە سەرو ودەرەوەی ئەو دامەزراوانە. وەك دۆسیەكانی: نەوت وگاز (بە گرێبەست ودەرهێنان ودابەشكردن وگواستنەوەو فرۆشتن وپارەوەرگرتن)، وقەرزو خەرجیەكانی، وگومرگەكان وكۆمپانیاكانی دڵنیایی وكوالیتی، وباج ورسوماتی دامەزراوەكانی هەرێم.
چوارەم: پێویستە حزبەكان پۆستی باڵا وبڕیاربەدەست لەو دامەزراوانە بەدەست بێنن كە تیایاندا بڕیارەكانی چاكسازی جێبەجێ ناكرێ یان پەكدەخرێ یان بەلایەنی كەمەوە دوادەخرێن. ئەو دامەزراوە گرنگانەش وەك: سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم، دیوانی پەرلەمان، وەزارەتی پێشمەرگە وناوخۆ ودارایی وسامانە سروشتیەكان، سەرۆكایەتی زانكۆكان، بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزاكان، هتد...
پێنجەم: هەبوونی هەماهەنگی نێوان حزبەكانی خاوەن پڕۆژەی چاكسازی بۆ جێبەجێكردنی پرۆسەكە. ئەو هەماهەنگیەش دەبێت بەفەرمی رێكەوتنی لەسەر بكرێت ولەلایەن تیمی حكومەت و پەرلەمان وناوەند وژوەركانی حزبەكان پلانی بۆ دابنرێت وجێبەجێش بكرێت. تەنانەت پێویستە هەماهەنگی وپڕۆژە یاسای هاوبەش هەبێت لە نێوان ئەو حزبانەی ئۆپۆزسیۆنیشیان هەڵبژاردوە لەگەڵ ئەو حزبانەی بەشداری حكومەتیش دەكەن.
شەشەم: پێكهێنانی ئەجومەنی باڵای چاكسازی، هەرحزبێكی بەشداربوو لە حكومەت ئەندامێكی كارای بڕیار لەدەستی تێدا هەبێت وئەم ئەنجومەنە لەرۆژی بەخشینی متمانە بە حكومەت، ئەویش یاسای پێ دەرچێت وئەندامەكانی هەمان رۆژ متمانەیان پێ ببەخشرێ وپوختەی ئەركەكانی بریتی بێت لە:
أ‌- دارشتنی پلانی چاكسازی.
ب‌- بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی رێكەوتنە سیاسی وكارنامەی حكومەتی پەسەندكراو لەلایەن حزبەكانی پێكهێنەری حكومەت.
ت‌- چارەسەركردنی كێشەكانی جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەت ولادانی لەمپەر وئاستەنگەكان لەلایەن هەر كەس ولایەنێك دروستی دەكات.
پ‌- هەر دوو مانگ جارێك كۆبێتەوە بۆ بەدواداچوون بە كاروچاڵاكی وگرفتەكانی جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەت.
  حەفتەم: دەبێت حزب كەسانی ناسراو بە ئازایی ودڵسۆزی وشارەزایی وخاوەن ئەزمون وهەڵویست هەڵبژێری بۆ ئەو وەزارەتانەی وەری دەگرێت ولەهەمان كاتدا راوێژكاری خۆبەخشی بەتوانایان بۆ دابنێ.
هەشتەم: ناوەند وژوورەكانی توێژینەوە وحكومەت وپەرلەمانی حزبەكان راستەوخۆ رێنمایی وپڕۆژە وپلانی چوار ساڵی كاركردن وەزیرو دەستەو دامەزراوەكانیان ئامادە بكات. پێویستە ئەو دامەزراوەیە كەسانی شارەزا ودڵسۆز وخاوەن ئەزمون وتوانایەكی كارگێری بەرزیان هەبێت بۆ بەدواداچون ولێپرسینەوە لە وەزیر وپۆستهەڵگرە حكومیەكان ونابێ وەكو رابردوو حزب چاوپۆشی لە كەمتەرخەمی وكەموكورتی وهەڵەی وەزیرەكانی بكات. پێویستە لێرەدا بگوترێ ئەو وەزیر وپۆستهەڵگرانەی لە ماوەی رابردوو سەنگەرەكانیان دەگواستەوە بۆ حزبێكی دەسەڵات یان تێوەدەگلان لە گەندەڵی یان نەرمیان دەنواند لە بەرامبەر گەندەڵیەكانی دەسەڵات یان بڕیار وفەرمان ورێنمای دژی بەرژەوەندی خەڵك وخاكی كوردستانیان دەركردوە ئەوا بەرپرسی یەكەم وسەرەكی حزبەكانیان پاشان خودی ئەو كەسانە؛ چونكە هەر ئەو حزبە ئەو كەسەی هەڵبژاردوە بۆ ئەم پۆستە، پاشان هەر ئەو حزبە وەزیرەكەی ناردۆتە جەنگێك بێ ئەوەی چەكداری بكات یان بە لایەنی كەمەوە رێنمایی بكات ولێپرسینەوەی لەگەڵدا بكات.
نۆیەم: پاداشت وسزا: هەر وەزیر وپۆستهەڵگرێكی بچوك یان گەورە ئەگەر كار وچاڵاكی وپڕۆژەی چاكی ئەنجامدا پێویستە پاداشت بكرێت ئەگەر تەنها بە سوپاس وپێزانینێكیش بێت. پێچەوانەكەشی هەر راستە، هەر كەسێك لەوانە كەمتەرخەم بوو یان تێوەگلا بە گەندەڵی یان نەرمی نواند بەرامبەر گەندەڵی وگەندەڵكاران پێویستە لە ماوەیكی كورتدا ئاگاداربكرێتەوە وكارە هەڵەكانی راست بكاتەوە، وهەركاتێك زانرا وەزیر وپۆستهەڵگرەكە بەردەوامە پێویستە بێ دوودڵی ئەو كەسە متمانەكەی لەلایەن خوودی حزبەكەی خۆی لێبستێندرێتەوە وبكریتە پەند بۆ ئەوانی تر. بۆ ئەوەی پرۆسەی وەرگرتنەوەی متمانەكەش بە ئاسایی ویاسایی بەڕێوەبچێ پێویستە پێش بەشداریكردن لە حكومەت رێكەوتنی لەسەر بكرێت كە هەر كاتێك حزبەكان بۆیان هەیە وەزیر یان پۆستهەڵگرێك بەكەسێكی تر بگۆڕن وپێویستە لە گشت لایەنەكانی پێكهێنەری حكومەت كارئاسانی بۆ كارە پێشكەش بكەن.

بۆ وەزیر:
یەكەم: پێش هەر شتێك، پێویستە وەزیر بزانێ ئەو كاندیدی حزب وجەماوەر ودەنگدەری حزبەكەیەتی نەك كاندیدی سەرۆكی حكومەت، بۆیە پێویست ناكات وەكو وەزیرەكانی حزبی دەسەڵات مامەڵە لەگەڵ سەرۆك وجێگری حكومەت بكات وخۆی بەقەرزاری حزبەكەی ودەنگدەرەكانی بزانێ نەك سەرۆكی حكومەت.
دووم: پێویسە یاساكانی كاری پەرلەمان وئەنجومەنی وەزیران و یاسای وەزارەتەكەی وچەند وەزارەت ودەستە وفەرمانگەی پەیوەست بە وەزارەتەكەی و گشت هەموارەكانی شارزا بێت وهەروەها رێنمایی وپەیڕەوی وەزارەتەكەی شارەزابێت وخۆیشی لێكۆڵینەوە وتوێژینەوەی لەسەر كردبێت وبیكات.
سێیەم: پێویستە لیژنەی بەدواداچوون بۆ سەرپێچی وسزادراوە سیاسی وكەسیەكان لە سنوری وەزارەتەكەی پێكبهێنێ بێ رەچاوكردنی ئینتمای حزبی وئایدۆلۆژی، وسەرۆكایەتی لیژنەكە لەكەسێكی شارەزاو دڵسۆزی نزیكی خۆی دابنێت وئەندامەكانیشی لەكەسانی دڵسۆز وئازاو چاونەترس بن وپسپۆری یاسایی وكارگێری وپسپۆری وەزارەتیەكەی بێت.
چوارەم: پێویستە بەوردی ودووربینانە بڕیار وپڕۆژە وكارەكانی ئەنجامبدا، بەجۆرێك دیراسەی لێكەوت و كاریگەری بڕیارەكانی بكات كە دەچێتە بەرژەوەندی چاكسازی ریشەیی وراستەقینە یان دەچێتە گیرفانی گەندەڵكار وحزبەكانی دەسەڵات.
پێنجەم: زۆر ئاگاداری پڕۆژە وپێشنیار وبۆچونەكانی راوێژكار وبەڕێوەبەرە گشتیەكانی ناو وەزارەت بێت؛ چونكە ئەوانە –زۆربەیان نەك هەموویان- چەندین ساڵە تێوەگڵاون لە گەندەڵی وخزمەتكردنی بەرپەرسانی حزبەكانی دەسەڵات وشارەزایی وپسپۆریەكی زۆریان پەیداكردوە بەو ئەزمونەی چەندین ساڵەیان لەكاری ناو وەزارەتەكە. لەكابینەی هەشتەمدا بینیمان ئەو جۆرە راوێكارانە وەزیری حزبەكانی ئۆپۆزسیۆنیان توشی چەندین هەڵەی ستراتیژی كردو چەندین قۆناغ لە ئامانجە راستەقینەكەی چاكسازیان دوورخستنەوەو بوونە هۆكاری ناشرینكردنی حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن لە ناو شەقامدا.
شەشەم: پێكهێنانی بۆردێكی راوێژكاری خۆبەخشی لە كەسانی شارەزا ودڵسۆزی ناوەو دەرەوەی وەزارەتەكە. ئەركیان پێشكەشكردنی پێشنیار وپڕۆژەی چاكسازی بێت وهەروەها راستەوخۆ كۆبونەوەی دەوریان هەبێت لەگەڵ وەزیر.
حەفتەم: كەمكردنەوەی بیرۆكراتی وشۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكانی وەزیر و وەزارەت بۆ بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكان وبەڕێوەبەرایەتی قەزاكان بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوە ببێتە دەستپێكی چەسپاندنی سیستەمی لامەركەزیەتی ئیداری بۆ شارەكان. 
هەشتەم: بەهیچ شێوەیەك دیاری كەسیی پارەو شتومەك وئامێر لە سەرۆكی حكومەت وجێگرەكەی و وەزیرەكانی هەردوو حزبی دەسەڵات وەنەگرێت؛ چونكە بەرتیل وچاوشۆڕكردنی بەرامبەرە ودواتر سوودی لێوەردەگرن.

د. رەعد رەفعەت

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی