قسەی جیاوازی یەکێتی

20/02/2019

ئاسۆ حاجی


قسەی جیاوازی یەکێتی ترساندنی پارتیە بەوەی بە کەمتر لە پۆستی سەرۆکی هەرێم رازی نابێت ئەوە پلان B ە،لەوە دەچێ ئەگەر پلان بی سەری نەگرت کە هەرگیز سەرناگرێ بچنە پلان C کە هەڵگیرساندنەوەی شەڕی ناوخۆ و دروست کردنەوەی دوو ئیدارەیە.

تێکەڵکردنی کاغەزەکان لەلای ئەوانەی عەقل بە سەرکردەکانی یەکێتی دەفرۆشن بە ڕوونی دیارە لەوەی پلانەکانیان بەر لە نەخشاندنیان لەسەر کاغەز کۆتاییان هاتووە.

دووئیدارەیی هێلێکی سوورە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قبوڵی ناکا واتا پلان C هیچ،داواکردنی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەرئەنجامەکەی لە چنینەوەی شەرمەزاری شتێکی دیکەی لێ وەبەر نایێ،بێگومان یەکێتی دەتوانێ داوای ئەو پۆستە و شتی دیکەش بکات بەڵام دەبێ ئەوەشی لەبەر چاو بێ کە بەگوێرەی یاسای سەرۆکایەتی کە ئێستا سڕکراوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لەلایەن خەڵک هەڵدەبژێردرێ،ئەگەر ئاساکەش هەموار بکرێتەوە و لە پەڕلەمان هەڵبژێدرێ ئەوە دەرئەنجامەکەی لە ئێستاوە روونە کە پارتی بە ئاسانی دەنگەکانی دەگەنە سەرەوەی حەفتا و لەو دەنگانەی کە دەشمێنەوە یەکێتی لەگەڵ بیست و یەک دەنگەکەی رەنگە بتوانێ چەند دەنگێکی دیکە ببات کە لە باشترین دۆخدا ناگەنە سی دەنگ،واتا یەکێتی دەچێتە ناو شەڕێک کە لە ئێستاوە دۆڕاوە.

یەکێتی کە لە پرسی ریفراندۆم خیانەتی لە ئیراەی گەلی کوردستان کرد و بڕیاری سەربەخۆیی و قوربانی سەت ساڵەی کردە قوربانی رێکەوتن لەگەڵ هێزی داگیرکەر و نیوەی خاکی هەرێمی کوردستانی کردە شاباشی لە ناوبردنی ئامانجی نەتەوەیی و نیشتیمانی خەڵکی کوردستان،یەکێتی ئەوجارەش لە بەرامبەر خواست و ئیرادەی خەلکی کوردستان وەستاوەتەوە و بە هەڵگیرسانەوەی شەڕی براکوژی و پارچەکردنی هەرێمی کوردستان وەڵامی بڕیاری خەڵک دەداتەوە کە لە پرۆسەیەکی دیموکراتی تەنها خانەی دووەمیان بە یەکێتی رەوا بینی.

یەک قسەی جیاواز و کرداری جیاواز لەبەردەم یەکێتی ماوە ئەویش ئەگەر مل بۆ ئیرادەی خەڵک نادا و بە بەشی خۆی قایل نابێت، ئەوەتا دەتوانێ رێگای ئۆپۆزسیۆن بوون هەڵبژێرێ و ئەو چوار ساڵە بکاتە دەرفەت بۆ چارەسەر کردنی کێشە ناوخۆیەکانی و پێداچوونەوە بە مێژووەکەی و خۆ ئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بە ئومێدی وەدەستهێنانی متنانەی زۆرینەی خەڵک و پێکهێنانی حکومەت بە دڵ و ویستی خۆی،یەکێتی بەو بڕیارە دەتوانێ بیسەلمێنێ کە هێزێکە رێز لە ئیرادەی خەڵک دەگرێ و باوەڕی بە دیموکراسیەت هەیە.


ئاسۆ حاجی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی