ئاشتکردنەوەی نیشتیمانی

20/02/2019

نەبەز جەلال

بە واتای ئاشکردنەوەی گروپ و تاقم نییە بۆ مەرامی کورتی سەرخستن و بردنەوەی دەستکەوتی کەم و کاتی.!

پارتی بۆ ئاشتکردنەوەی یەکێتی و، یەکێتی بۆ ئاشتکردنەوەی پارتی، دوای ٣١ ی ئاب، ڕێککەوتنی ستراتیژیان بۆ دەستکەوتەکان، واژۆ کرد.!

ھەردووکیان بە عەقڵی ڕازیکردنی پلەو پۆست و بەرژەوەند خوازی ، ئەو یەکگرتنەوە و پێکەوە کارکردنیان ڕێکخستبوو، نەیش گەیشتنە ئەنجام.!

ئەوان بۆ بەرژەوەندی سەرانی ھەردوو لا ڕێککەوتبون نەک بۆ خەڵک و دواڕۆژەکەی.کاتێک بەرژەوەندییە کەسییەکان تێکچوون، ئیتر سەراپای ڕێکەوتنەکە پووچەڵ بۆوەو مانای نەما.!

بە نموونە واژۆکردنی ڕێککەوتنامەی دەباشانی « گۆڕان و یەکێتی»یش چوون لەسەر بنەمای بەرژەوەندی کەسی و بازرگانی سەرانی سیاسی نەبوو ، پشت گوێ خراو ئاوڕی لێ نەدرایەوە.!

ئاشتبوونەوەی گشتی بۆ خەڵکە، نەک گروپێکی بچووک، کە خۆیان کردووە بە خاوەنی خەڵک و دەنگی بڕیاری زۆرینە.

کەم بینی و کاڵفامییە، خواستی زۆرینەی خەڵک لە گروپێکی دیاریکراوی نێو دەسەڵاتدا ڕام بکەن و لە دیدی سیاسەتی پارت و  بازووی کەسە پایەدارەکانی حیزبدا کۆم بەکەن.

پارتی و یەکێتی دوای ئەو ھەموو کردە ناجۆرە سیاسی و خراپییەی  بۆ خۆ چەسپاندن و مانەوەیان ئەنجامیان دەدا،  درێژەو بەردەوامییەکەشیان وەک کاری کردە لە  دۆخی چەقبەستوی گۆڕەپانەکەدا دەقۆستەوە بۆ خۆ گیرکردنی زیاتر لە مانەوەو سەرکەوتن و ، گرتنە دەستی باڵاترین پلە لە بەژنی دەسەڵاتدا.!

لە ئێستادا ھەموو لایەنەکان بە گومانەوە سیاسەت لە گەڵ یەکتردەکەن و متمانەیان بەیەک نەماوە.!
ئەم گومانەش گەرچی ناوەرۆک و ھۆکارەکانی دیار و کوشندەن،بەڵام ئەگەر و ئومێدی خۆ دەربازکردن و ڕەوینەوەی ئەستەم نییە بۆ کورد و سیاسەتەکەی.

ئێمە « کورد » بە زەمەنی سیاسی و ململانێ تێپەڕیوو،نیوەی جەستەمان نوقمی لیتاوی دوژمنە.!
بۆیە ئیتر کاتییەتی پێکەوە بەیەک دەست و ھەڵوێستی بەھێز، ھەوڵبدەین نیوە زیندوەکەی تری جەستەمان ڕزگار بکەین و بیخەینە خزمەت خەڵک و خاکەوە.


نەبەز جەلال

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی