وتەبێژی قوباد تاڵەبانی بۆ سەرۆکی هەرێم کاندیدە؟

20/02/2019

ڕێبین محممەد

پارتی لە کاتێکدا دەیزانی کە لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی کۆماری عیراقدا، مسۆگەر نیە دەیباتەوە، هیچ یەکێک لە بارزانیەکانی بۆ ئەو پۆستە نەخستە کێبڕکێوە، وتەبێژی بارزانی باوکیان خستە ناو کێبڕکێکەوە، هەرچەندە زۆر حەریص بوون لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری عیراق و پارەیەکی زۆریشیان لەو پێناوەدا خەرج کرد. 
ئێستا بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان یەکێتی هەمان سیناریۆی پارتی دووبارە دەکاتەوە، یاریەکی زیرەکانەیە، داوای زۆر بکە، بۆ ئەوەی مافەکەی خۆتت لێ کەمنەکرێتەوە. 
بەڵام ئەوەی زیرەکانە نیە، یەکێک لە قیادە باشەکانی یەکێتی، خاوەنی ٢٠٠ هەزار دەنگە، یەکەمە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان زۆرترین دەنگی بە دەستهێناوە، قوباد تاڵەبانیە، بۆ دەبێت سەرکردەیەکی ئیداری گەنجی وەک قوباد، کە لە حکومەتێکی خراپ و شکستخوارد تا لێواری داڕووخان بە دەستی ریفراندۆم براوە، بکرێتە کێبڕکێیەکی ئاواها. 
ئایا، قوباد تاڵەبانی وتەبێژی نیە بۆ ئەوەی کاندیدی بکەن، ئایا بافڵ تاڵەبانی وتەبێژی نیە کاندیدی بکەن، یان، چ قەسدێک لە پشتی ناوهێنانی قوباد تاڵەبانی هەیە بۆ ئەو پۆستە. 
لە کاتێکدا پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووجار هێڵی سوورە بۆ پارتی، تا دواهەناسەی بەرگری لێدەکات، ئەویش دڵدانەوەی نێچیرڤان بارزانیە، بەرامبەر پێدانی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بە مەسرور بارزانی و راگرتنی هاوسەنگیە بۆ ناوخۆی حزبەکەیان، دووەم، عورفی سیاسی رابردوو چەسپاندوویەتی کە سەرۆککۆمار بۆ یەکێتیە و سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پارتیە، هەرچەندە بە ئیتیفاقیش سەرۆککۆمار بە یەکێتی نەدراوە.

ڕێبین محممەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی