ئەگەر رێكنەكەوین چی بكەین؟

21/02/2019

مەجید ساڵح

(1) 
گومان لەوەدا نییە لەم هەلومەرجەدا چارەنووسی یەكێتی پارتی هەر رێكەوتنە، سازشێك لەم یان ئەو هیچ لەمەسەلەكە ناگۆڕێ، چونكە بەدیلی رێكنەكەوتنیان یان دوو ئیدارەییە، یاخود هەڵگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆیە. پێم وا نییە ئاوەزای سیاسی و بەرژەوەندییە ئابوریی و سیاسییەكانی زۆرێك لەسەركردە و بنەماڵەكانیان رێگەیان پێ بدات یەكێك لەو دوو بژاردەیە هەڵبژێرن. جگەلەوە هەلومەرجی ناوچەكە و بەرژەوەندی وڵاتانی دەرودراوسێ لە ئێستادا لە گەڵ هەڵگیرسانەوەی شەڕێكی دیكەدا ناگونجێ..بۆیە ئەگەری رێكەوتن لە نێوان پارتی و یەكێتی زۆرترە یان رێكنەكەوتن.

(2)
یەكێك لە دەردرە دێرینەكانی كورد ئەوەیەكە دایم (دوودڵن پیسن لە گەڵ یەك شێت و شەیدای عانە)ن، رۆشنبیرەكانی سەرەتای سەدەی بیستەم هەموویان رایان لە گەڵ ئەو بۆچوونەی فایەق بێكەس بووە، بۆیە لە شیعر و نووسینەكانیاندا هەوڵیان داوە ئەو كرمی دوو دڵی و پیسی و ناكۆكییە لە ناو كۆمەڵگای كوردی دەربهێنن بۆ ئەوەی پێكەوە داری ئازادی ئاو بدەن. ئەوان خۆیان پشتیان لە عانە كرد و بەرووتی و رەجاڵی ژیان تەنها بۆ ئەوەی قسەیەكیان هەبێ لە ناو كۆمەڵگادا كاریگەر بێ. بەداخەوە لەم سەردەمەدا هەندێ لە رۆشنبیران بە نووسین و قسەكانیان كۆمەڵگای كوردی كرمەژەن دەكەن و دوودڵی و ناكۆكی دروست دەكەن. زۆرێك لەوانە لەكاتی رێكەوتنی گۆڕان و یەكێتیدا هیچیان نەوت و كاتێكیش یەكێتی عیبرەتی وەرنەگرت و رێكەوتنەكەی جێبەجێ نەكرد، نوزەیان لێوە نەهات.. كەچی ئێستا زمانیان پژاوە و دژی رێكەوتنی گۆڕان و پارتین ەكە لەدژی هیچ لایەنێك نییە و بەنهینی نەكراوە و خاڵەكانی هەمووی لە بەرژەوەندی خەڵكدایە.

رۆشنبیری راستەقینە بەدوای خاڵە هاوبەشەكاندا دەگەڕێ و خاڵەناكۆكەكان دەستنیشان دەكات و چارەسەریان بۆ دەدۆزێتەوە.. نەك زەقكردنەوەیان ..

(3)
كێشەیەكی دیكەی كۆمەڵگای كوردی ئەوەیە پارتی و یەكێتی عیبرەت لەمێژوو وەرناگرن و تا ئێستاش خۆیان بە حزبی قائید و پێشرەو دەزانن. ئەم بیركردنەوەیە بە تایبەتی پارتی زۆر زەقە، پارتی پێی وایە دەتوانێ لە دهۆكەوە ئیدارەی سەرەتاسەری كوردستان بكات. درێژەدان بەم بیركردنەوەیە وای كردوە هیچ كات سەقامگیری لە كوردستاندا دروست نەبێ. پارتی دەبێ بزانێ لە ئێستادا كۆمەڵگای كوردستان دەیان رەوت و بیركردنەوەی جیاجیای تێدایە و بەشی زۆریشیان ناكوكی قووڵیان لە گەڵ عەقڵییەتی ئەواندا هەیە، ئەمەش وای كردوە بەگومانەوە تەماشای هەر رێكەوتنێك لە گەڵ ئەوپارتەدا بكرێ.. ئەگەر پارتی بەراستیەتی دەیەوێت كوردستانێكی بەهێز و سەقامگیرمان هەبێ، پێوسیتە لەوە تێبگات بەتەنها كوردستانی بۆبەڕێوە نابرێ.. دەبێ لەگەڵ (گۆڕان)دا بەڵێنەكانی بباتە سەر و خاڵەكانی رێكەوتننامەكەیان جێبەجێ بكات، لەوەش گرنگتر دەبێ سازش بۆ (یەكێتی)یش بكات و لە پێناوی پوست و پلە و پایەی بۆ ئەم و ئەو، قەزیە گەورەكە كە كوردستانە نەدابەفەتارەتدا..

بەدیلی ڕیكنەكەوتن چییە؟ مەرج نییە شەڕ بێ، بەڵام لەشەڕ خراپتر هێشتنەوەی دۆخەكەیە وەك خۆی. ئەزموونی چەندین ساڵەی كوردستان پێمان دەڵێ رێكەوتن لەگەڵ یەكتری لانی كەم خوێنی تێدا ناڕژێت و جۆرێك لە سەقامگیری كۆمەڵایەتی دروست دەكات.

مەجید ساڵح

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی