قاسم‌و سلێمانی

21/02/2019

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

من نازانم ئەوەی لە بارەی 100 ملیۆن دۆلارەكەوە وترا ، راستە یان نا ، ئەو 100 ملیۆنەی بۆ كشانەوەی بەرهەم ساڵح و یەكێتی گوایە ئێران و قاسمی سولەیمانی ئامادەیانكردبوو ، ئەوەش بۆ دەرچوونی فواد حوسێن ، بەڵام دەزانم پارتی و ماڵباتی بارزانی زۆرزیاتر لە یەكێتی و هەر حزبێكی تر لە ئێران و قاسمی سولەیمانیەوە نزیكن ، هەر بۆیە كاتێ‌ داعش لە هەولێر نزیك بوەوە قاسمی سولەیمانی فریای هەولێر كەوت ، ئێرانیەكان دەیانجار ئەمەیان وتوەو پارتیش ناڕاستەوخۆ سوپاسی كردون .

سەرە ڕای هەموو ئەمانەش هەمیشە ناوی قاسمی سولەیمانی گرێدەدرێت بە سلێمانیەوەو وا نیشاندەدرێت كە سلێمانی سەفەویەكان و ئاخوندەكان و ئێران حوكمی دەكەن ، تەنانەت كاتێك كە بە هێمنی رەخنە لەو تۆمەتانەش دەگیرێت لە بەرانبەردا رەخنەگرەكەش دەخرێتە نێوئەو بازنەیەوە ، لە رابردودا زۆركەم كەس لەو تۆمەت و ناوزڕاندنانە دەربازیان بووە ، تۆمەت دانە پاڵ و ناوزڕاندن لێرە بووە بە نەریت و لە حیزبەكانەوە تا رۆشنبیران ورۆژنامەنوسان و خەڵكانی ئاسایی كاری لە سەر دەكەن .

كێشەی گرێدانی ناوی قاسمی سولەیمانی بە سلێمانیەوە هەر ئەوە نیە بڵێن یەكێتی و لایەنەكانی ئەم سنورە لارە خواری ئێرانن ، كێشەكە ئەوەیە بە كێشانی ئەم وێنەیە كار بۆ ئەوە دەكرێت ئەمەریكاو وڵاتانی ئەوروپاش خۆڵبكرێتە چاویان ، یان بەو جۆرە بڕوابێنن ، بە باوەڕی من ئەمەش كاریگەری خۆی هەبووە ، لە كاتێكا نەپەیوەندیەكان و نەمێژوو ئەوەمان پێناڵێن .

بەو جۆرە نیشاندانی وێنەكە دەبەستنەوە بە زۆر شتی ترەوە ، بۆ نمونە شەڕی ئەمەریكا – ئێران و وێرانبوونی سلێمانی و تێكچوونی بارو دۆخی ئەم ناوچەیە ، راستی شەرمێك و ناشرینیەكی گەورەیە تۆ ئارزووبخوازی شارێكی گرنگ و بایەخداری دیرۆكیی خۆت تەفرو تونا بێت و بۆ ئەوەش هەمیشە كار لە سەر گومان و وروژاندن و پڕو پاگەندە بكەیت .

جارێ‌ ئەوەی كە شەڕ لە نێوان ئەمەریكاو ئێران ڕوودەدات هێشتا ساغنەبوەتەوەو رەنگە لە هەركاتێكا تارمای شەڕ دور بكەوێتەوە ،تارمای شەڕ بە قەدەر ئەوەی نزیكە ئەوەندەش دوورە ، یانی ئەگەری ڕودان و ڕونەدانی ئەوەندەی یەكە ، ئەوە سەرەڕای ئەوەی كە ئیسرائیل و كیسنجەرو خەڵكانی زۆری تر بانگەشەی بۆ دەكەن ، لێرەدا گەوجیەكە ئەوەیە تۆ هیوا بخوازی و بانگەشەی ئەوەش بكەیت كە مەیدانی شەڕەكە سلێمانیە ، لە كاتێكا ئەگەر سلێمانی تێكبچێت ،نەهەولێرو نەهیچ شوێنێكی تری باشوری كوردستان پارێزراو نابێت .

لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی