گۆڕان لەبەردەرگای گۆڕاندا

21/02/2019

كه‌مال ره‌ئوف

 

دەوترێت ئەگەر رێككەوتن نەكەرێ چی بكرێت،  ئەمە پرسیارێكی بەجێیە،  بۆیە زۆربەی ئەو رەخنەو تێبینیانەی لەسەر رێككەوتنی گۆران و پارتی دەرخرێنە روو، لەو خاڵەدا ناهەقی پێوە دیارە كە مافی رێككەوتن وەك هێزێكی سیاسی لەگۆران دەسەنێتەوە، دیارە پاساوی ئەو رووداو و هەڵوێستە تاڵانەی رابردوی نێوانیشیان،  بەهانەیەكی دروست نییە، بۆ ئەوەی هێزەكان لەنێوان خۆیاندا رێككەوتن نەكەن، بەڵام لەگەڵ ئەم راستیانەشدا رابردووی سیاسی و رێككەوتنی نێوان هێزە سیاسییەكان،  بایی ئەوەندە دەرس و ئەزمونی تیایە، كە هەقە نییە مرۆڤ ئەوەندە خۆشخەیاڵ و سادە بێت، بەنوسین و بەڵێنی رێككەوتنەكان بروابكات، بەتایبەتی بۆ هێزێكی وەك گۆران كە لەرابردودا لەگەڵ پارتی و یەكێتی خاوەن ئەزمونێكی تاڵە.

بۆ گۆران بەدیلی رێككەوتن لەگەڵ پارتی، رێككەوتن نییە لەگەڵ یەكێتی، بەپێچەوانەشەوە هەر راستە، چونكە لەهیچ رێككەوتنێكی رابردووی لەگەڵ ئەوان سەركەوتوانە لێی نەهاتۆتە دەرەوە. بەڵام لەنێوان چی بكەین و چی نەكەین، گۆران دەبوو بیری لە چەند رێگایەك بكردایەتەوەو هەموو تۆپەكانی خۆی نەستایەتە سەبەتەی پارتییەوە، بەلام پێدەچێت هەرچەندە كۆمەڵێك رێگای تر لەبەردەمیدا هەبوو، بەڵام بەئەنقەست خۆی دەرگاكانی بەرووی خۆیدا داخست، تا شەرعیەت بدات بەوەی لەنێوان پارتی و یەكێتی، رێككەوتن لەگەڵ پارتی هەڵبژیّرێت. گۆران دەیتوانی وەك هێزێكی سیاسی  چەتری كۆكەرەوەی دەنگە نارازییەكان بێت، دەیتوانی لایەنە نارازییەكان لەبنباڵی خۆی كۆبكاتەوە، یان كەئەوانەی نەكرد دەیتوانی وەك هێزێكی سەربەخۆ رێككەوتن لەگەڵ هەردولایان بكات، چونكی دۆخە سیاسییەكە وایكردبوو هەردولایان دەستی رێككەوتنیان بۆ گۆران راكێشابوو،  بەڵام گۆران تەنها دەستی پارتی  بۆ رێككەوتن گوشی و پشتی كردە یەكێتی.

گۆران دەیتوانی پێش ئەوەی رێككەوتن بكات، دۆخی خراپی ناوخۆی چاك بكات، بەڵام گۆران بەم رێككەوتنەی ویستی دەرگای بەرووی ئەو گفتوگۆیانە دابخات كەئامانج چاككردنی دۆخی خراپی ناو گۆران بوو. ئێستا دەنگە نارازیەكانی ناو گۆران خرانە دەرەوەی خولگە و مانەوەیان لە ناو گۆران، ئەوان تەنها دوو رێگایان لەبەردەمدایە، یان رازی بوون و بێدەنگی بەهەمووی ئەوەی روویداوەو دواتر روودەدات، یان برۆن خواتان لەگەڵ، چونكە ئەم رێككەوتنە لەلایەك بەوەدەست پێدەكات خاڵی  كۆتایی دابنێت لەسەر گفتوگۆكانی ناوخۆی گۆران، لەلایەكی تریشەوە خاڵی دەستپێك دەبێت بۆ قۆناغێكی نوێی سیاسی بەئاراستەی خود رازیكردن بەواقیعەی كە پارتی و یەكێتی دروستیان كردوە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی هەرچەندە حیكمەتی دروست بوونی گۆران بۆ ئەوەبوو ئەو واقیعەیە بگۆرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی