گۆڕان و تارماییەکانی شەڕی ناوخۆ: چەند تێڕامانێک

21/02/2019

سەردار عەزیز


یەکەم،
تارماییەکانی شەڕی ناوخۆ لێرەن، لە گەڵماندان. گۆڕان هەوڵێکە بۆ دوور کەوتنەوە لەم تارماییانە. گۆڕان هێزی پۆست-شەڕی ناوخۆیە، بەوەی چەکداری نیە. ئەم دیدە فەلسەفیە پراکتیکیە، تەنها ئەوەنیە کە چەکدارت نەبێت، بەڵکو بە هیچ شێوەیەک زەمینەساز یان بەشێک نەبێت لە شەڕی ناوخۆ بە نەرم و ڕەقیەوە. لەم ڕوانگەیەوە گۆڕان ئەو هێزەیە کە دەیەوێت شەڕی ناوخۆ تێپەڕێنێت، کۆتایی پێبهێنێت. شەڕی ناوخۆ ئاستی ئابوری، مێژوویی، جوگرافی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و شوناسی هەیە، بۆیە کار و کاتی زۆری دەوێت. 
دووەم، پەیوەندی گۆڕان لە گەڵ هێزەکانی تردا دەبێت پەیوەندی سیاسی بێت. پەیوەندی سیاسی بە مانای ئەوە دێت کە پەیوەندی توندوتیژی و چاوسورکردنەوە نیە. پەیوەندی سیاسی ئەو جۆرە پەیوەندیەیە کە تێکەڵەیەکە لە هاوپەیمانی و رکەبەری. ئەم تێکەڵەیە دەکرێت بە پێی سات و دۆخ بگۆڕێت. لە هەمانکاتدا دەکرێت لە یەک کاتدا هاوپەیمان و ڕکەبەربێت.
سێیەم، لە کوردستان و عێراقدا پەیوەندییەکی ئاڵۆز لە نێوان توندوتیژی و سیاسەت و فیشەک و وشەدا هەیە. کە چەک هەبوو سیاسەت نیە، بەڵام هێزە سیاسیە چەکدارەکان دۆخێکیان دروستکردوە کە لە سایەی چەکدا سیاسەت دەکەن. ئەم دۆخە بێڕێزیە بە ڕا و خواستی خەڵک و دیموکراسی. گۆڕان نە چەکی دەبێت، نە لە پشتی چەکی کەسی تر سیاسەت دەکات. 
چوارهەم، ڕەنگە بۆشاییەک هەبێت لە نێوان گۆڕان وەک ئایدیایەک و گۆڕان وەک واقیع، بەڵام دەبێت هەمیشە پێداگری لە سەر ئایدیا بکەین، سەرباری ناجۆری واقیع. 
پێنجەم، هێزی سیاسی و هێزی توندوتیژی و سیاسەتکەر، بە ئاسانی پێکەوە نایانکرێت. بەڵام مانای ئەوە نیە کە دەبێت دوور لە یەک بن. هاوپەیمانێتی جۆرێکە لە هەنگاونان بۆ گەیشتن بە ئامانج، یان هیچ نەبێت بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە. چونکە تەنها لە دۆخێکی مەدەنیدا هێزی مەدەنی بەهای دەبێت. گۆڕان لە حکومەتدا دەبێت پێداگری لە سەر هێورکردنەوە و خزمەتگوزاری بکات . هێورکردنەوە بە مانا ئابوریەکەی کە خۆی لە دابینکردنی کاردا دەبینێتەوە، لە بوژانەوەی بازاڕ، لە کەمکردنەوەی ڕێگرییەکان. 
شەشەم، گەرچی هێزی چەکدار وەها دەردەکەوێت کە بەهێزە، بەڵام هەرگیز خاوەن بڕیاری سەربەخۆی خۆی نیە. هێزی چەکدار پێویستی بە دراوە بۆ بژێوی هێزەکانی و هەروەها هەمیشە پشتیوانییەکی دەرەکی هەیە. ئەم دوو هۆکارە لە سەربەخۆییان کەم دەکاتەوە. بەڵام هێزی سیاسی لە ژێر ئەم فشارانەدا نیە.

حەوتەم، هێزی بێچەک دەیەوێت حکومەت هەبێت، هێزی چەکدار دەیەوێت حکومەت کۆنترۆڵ بکات.

شەڕی ناوخۆ هەمیشە لێرەیە، نە ئەم روداوەی ئیستا هۆکاریەتی و نە هۆکارەکانی تر. شەو و ڕۆژ سوپا ئەلکترۆنیەکان بەردەوامی پێئەدەن. باڵەکان زەخیرەی بۆ دەهێنن، میدیاکان دەبنە مەتەرێز. بەڵام خۆشبەختانە خەڵکی بە ئاگان.
سەردار عزیز

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی