رێککەوتنی پارتی و گۆڕان و بەزمی جاران!

22/02/2019

ئارێز عەبدوڵڵا


من قسەیەکم لەسەر ناوەرۆک و ھۆکارەکانی رێککەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان نییە، بەڵام بە ورد بوونەوە لە شێواز و کاتەکەی دەردەکەوێ کە ئەو رێککەوتنەش تیماری دەردی وڵات ناکات. ئەم جارەش گۆڕان دڵی بەوە خۆشە کە ژمارەیەکی زۆر لە پۆست و پلەو پایە بۆ بەشێک لە کادیرەکانی مسۆگەر دەکا، ئەوە لە کاتێکدا ئەزموونی یەکێتی لەبەر چاوە و باشیش دەزانێ ناتوانێ لەناو ئەو حکومەتە بەقەد یەکێتی کارا و کاریگەر بێ، بەڵام ئەنجام رێکەوت. من دڵنیام ئەنجامی ئەو رێککەوتنەش لە ئەنجامی رێککەوتنەکانی تری نێوان یەکێتی و پارتی و گۆڕان و پارتی باشتر نابێ چونکە:

 یەکەم: ئەو سیستەمە حوکمڕانیە سەقەتە بەرێککەوتنی ئەم حزب و ئەو حزب لەسەر دابەشکردنی پۆست و پلەو پایەکان راست ناکرێتەوە.

دووەم: لە بنەڕەتدا نییەتی چاکسازی راستەقینە و راستەڕێکردنی سیستەمی سیاسی و حوکمڕانی کوردستان نییە.

سێیە: بەو پێیەی کە پارتی ھێزی یەکەمە و مافی خۆیەتی حکومەت پێکبێنێ، بەرنامەیەکی گشتگیر و نیشتمانی فراوانی نییە بۆ رێککەوتنێکی سترایتیجی لە نێوان ھەموو لایەنەکانی کوردستان لە پێناوی تێپەراندنی قۆناغی راگوزاری و بە نیشتمانی و بەھێزکردنی دامودەزگا نیشتمانیەکان.

چوارەم: پارتی سودی لە ناکۆکیەکانی نێوان یەکێتی و گۆڕان وەرگرت و بۆ جێبەجێ کردنی ئامانجەکەی خۆی بەکارتی گۆڕان بێ منەتی بەرامبەر بە یەکێتی نیشاندا.

پێنجەم: کاردانەوەی پارتی بەرامبەربە ھەڵبژاردنی کاندیدی یەکێتی بۆ سەرۆککۆماری عێراق و ئەکتیفکردنەوەی سەرۆکایەتی ھەرێم لە پاڵ پێکھێنانی حکومەت و دواخستنی پێکھێنانی حکومەت و پلانی کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی دەسەڵاتەکانی کوردستانی دەردەخا.

شەشەم: ئامادە نەبوونی پارتی بۆ رێککەوتن لەسەر دانانی پارێزگارێکی کورد لە کەرکوک و دروستکردنی یەک دەنگی و یەک ھەڵوێستی لایەنە سیاسیەکان لە بەغدا پرسیاری زۆر ھەڵدەگرێ.

ھەموو ئەو خاڵانە بەڵگەی ئەوەن کە پارتی دەستبەرداری ھەڵوێستی خۆی و ئەو سیستەمە حوکمڕانیە نابێ، بۆیە تەنانەت ئەگەر لەگەڵ یەکێتیش رێکبکەوێ کێشە و قەیرانەکانی کوردستان چارەسەر ناکرێن، بەڵکو ھەڵدەپەسێردرێن. تەنیا لەیەک حالەتدا دڵنیا دەبین کە رێککەوتن یان رێککەوتنەکان ھۆکاری چارەسەری قەیران و کێشەکانن کە تەواوی لایەنە کوردستانیەکان لەسەر پڕۆژەیەکی نیشتمانی و نەخشە رێگایەکی کات دیاریکراو رێکبکەوین، دەنا ئەو رێککەوتنەی گۆڕان و پارتی ئەگەر چوار ساڵی ئارامیشی بەدوادا بێ کێشەکان چارەسەر ناکەن و بارودۆخەکە ھەر ھی بەزمی جاران دەبێ.

ئارێز عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە