گۆران..سیاسەت بەو مانایە نییە

22/02/2019

كەمال چۆمانی


کۆمیدیی دەبێت سبەی ببینیت بێرنی ساندەرز لەگەڵ دۆناڵد تڕامپ هاوپەیمان بێت. دڵنیام زۆربەی رەخنەگرە رۆشنبیر و فەیلەسوفەکانی گۆڕانیش لە کوردستانەوە بێرنی ساندەرز رەخنەباران دەکەن، بەڵام ئێستا هەوڵی شەرعاندنی رێککەوتنی پارتیی و گۆڕان دەدەن و سەد ئارگیومێنتی بێمانا دروستدەکەن. بێگومان نە ئێوە کەستان بێرنی ساندەرزن و نە پارتییش حیزبی کۆماریی یان تڕامپن، بەس هەر بۆ نمونە. ئێوە بەس واز لە دروشمە قەبەکان بێنن، خەڵکیش واز لە ئێوە دەهێنێت و چیتر پۆستەکانی ساڵی پارتان نوێ ناکاتەوە.

راستە سیاسەت بەو مانایە نییە بۆ ئەبەد ئۆپۆزسیۆن بیت، بەڵام بەو مانایەش نییە ئەمڕۆ هێزێکی پڕۆگرێسیڤ/پێشکەوتنخواز بیت و هێزێکی راستڕەوی وەک پارتیی بە مافیا، چەتە، بێئەخلاق، دز، رۆژنامەنوسکوژ، دڕندە، گەندەڵ، نەوتدز، جاشی تورکیا و ئێران، جاشی سەدام حوسێن، خاوەن میلیشیا، قۆرخکاری بازاڕ، تاوانباری جەنگ و هەرچی سیفاتی خراپە بانگ بکەیت و سبەی بێئەوەی هیچ لەو شتانە گۆڕا بن تۆ بچیت لەگەڵیدا هاوپەیمانێتیی دروستبکەیت. 

بزوتنەوەی گۆڕان راستە لەگەڵ پارتییدا خوێنی تێنەکەوتوە، بەڵام خۆ بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی هێزی چەکدار نەبوە، بزوتنەوەیەکی مەدەنیی بوە و چەندان جار ئۆفیس و بارەگاکانی سوتێنراون.

کەس نەیگوتوە ئێوە دوژمنی پارتیی بن، بەڵکو دەڵێ نەیاری پارتیی بن. گروپێک لە گۆڕان نە دەزانن نەیار بن، نە دەشزانن دۆست بن. نەیارێتیی فیکرییتان کردە رق و کینە و دوژمنایەتیی، ئێستاش بە دۆستایەتییتان هەوڵدەدەن جیاوازییەکان نەهێڵن. چۆن شەرم ناکەن بچنە ناو حکومەتێکە زیندانی سیاسیی هەبێت؟ دەی، لەوانەیە بڵێن بۆچی ئەو قسانە بە یەکێتیی ناڵێین. خەڵک لە یەکێتیی بێهیوا بوە بۆیە ئەو رەخنانەی لە ئێوەی دەگرن لە یەکێتیی ناگرن. بەڵام ئێوە بەو سیاسەتە ناتەندروستەتان روی یەکێتییشتان سپیکردۆتەوە و ئێستا یەکێتیی نازی ریفۆرمیستیی لێدەدات.

دەڵێن کوردستان لە کەناری شەڕی ناخۆیە بۆیە ئێوە دەچنە ناو حکومەتەوە. باشە، دەکرێ ئێوە نەچنە ناو حکومەتیشەوە و هەوڵیش بدەن نەیارێتیی خۆتان بە جۆرێکی وا مانیفێست و دەرببڕن کە خەڵک هاننەدەن بۆ خۆپیشاندان و دواتریش ئێوە لەسەر حیسابی ئەوان رێککەوتنی ژێر-بە-ژێر بکەن و لە پشتی پەردە لەگەڵ نێچێرڤان بارزانیی قاقا پێبکەنن کاتێک پێتان دەڵێت "پارتیی کاری بێقانونیی ناکات، دوێنێ ئێوەمان لە هەولێر دەرکرد و هەموشی لەڕێی قانون بو،" وابزانم تێدەگەن مەبەستم کێیە.

لەمەودوا چیتر رەخنە لە ئێوە ناگیرێت وەک هێزێکی ریفۆرمیست، یان رونتر هێزێک کە بانگەشەی ریفۆرم دەکات. بەڵکو ئێوە هێزێکن بەشێکن لە سیستەم، ئەو سیستەمەی کە خۆتان لە من باشتر پێناسەتان کردوە.

کەس داوای ئەوەتان لێ ناکات دوژمنایەتیی کەس بکەن، بەڵام چاوەڕێی ئەوەتان لێ دەکات جیاوازییەکانتان لەگەڵ پارتیی و یەکێتیی بپارێزن، بەداخەوە نەتانپاراست.


كەمال چۆمانی 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی