حەوتەوانە

حەوتەوانە

هۆشیار عەبدوڵڵا


779 جار خوێندراوه‌ته‌وه

‎یەك:
‎گۆڕان رای لەسەر خراپیی سیستمی سیاسیی هەرێم نەگۆڕاوە، بەڵكو سورە لەسەر ئەوەی كە ئەم سیستمە خراپەو بێ كەڵكەو دەبێت چاك بكرێت هەر لەوپێناوەشدا زۆرینەی جڤات بڕیاری بەشداریكردنی لە حكومەتدا داوە، واتا گۆڕان بەشدارە نەك بۆ ئەوەی ببێتە بەشێك لە سیستم بەڵكو بۆ گۆڕینی سیستم بەشدارە.

‎گۆڕان زۆر هاواری كرد دژی نەخۆشەكە نیە هاتوە نەخۆشیەكە لەناوبەرێت

دوو:
‎ئەوە گۆڕان نەبو لەگەڵ خۆیدا بوغزو كینەی سیاسیی هێنا، بەڵكو لەگەڵ لەدایكبونی گۆڕاندا بو كە بە بوغزو كینەیەكی سیاسی زۆرەوە مامەڵەی لەگەڵدا كرا، گۆڕان زۆر هاواری كرد دژی نەخۆشەكە نیە هاتوە نەخۆشیەكە لەناوبەرێت، ئەوان بون كێشەكانیان لەگەڵ گۆڕان گەیاندە لوتكەی دژایەتی و دوژمنایەتی.

‎گۆڕان هات بۆ ئەوەی ململانێی سیاسیی بكاتە دۆخێكی تەندروست، خەباتی مەدەنی بكاتە مۆدێل، هات كۆمەڵگە هۆشیار بكاتەوەو كردی

‎سێ :
‎گۆڕان هات بۆ ئەوەی ململانێی سیاسیی بكاتە دۆخێكی تەندروست، هات خەباتی مەدەنی بكاتە مۆدێل، هات كۆمەڵگە هۆشیار بكاتەوەو كردی، ئەو هێزە بو كە رەخنەی سەرپێخست و چەكەكانی بێدەنگ كرد، ئەوە گۆڕان نەبو كە نەزانێ ململانێی مەدەنی چیە، ئەوە ئەوان بون كە بە جۆرەها شێوە پەلاماری گۆڕانیانداوەو توندوتیژیان بەرامبەر بەكارهێناوە، لە بەرامبەردا تاكە یەكجاریش گۆڕان پەنای بۆ توندوتیژی نەبردوە.

‎چوار:
‎گۆڕان بەم بەشداریەی لە حكومەت بلیتی پاكبونەوە ناداتە كەس، دیدی لەسەر بەدكاریەكانی رابردو نەگۆڕاوە بەڵام گۆڕان بۆ سبەی و ئایندە دەڕوانێت و نەچەقیوە لە گرێكانی رابردودا، بەڵكو هاتوە بە داڕشتنی بەرنامەیەكی كار بۆ كابینەی نۆ، بەرپرسیارێتی لەسەر لایەنە بەشداربوەكان زیادكردوەو باری شانی خۆی و ئەوانی تریشی بە بەرنامەیەكی سیاسیی بۆ چاكسازی قورسكردوە.

‎پێنج:
‎گۆڕان حزبی ریفۆرم و بەرنامەیە، تا ئەوكاتەش دەتوانێت بژیت كە دەستدەگرێت بەو بەرنامەیەوە، بەڵام بۆ جێبەجێكردنی بەشێك لەو بەرنامەیە پێویستی بە گۆرینی ئالیەت و هۆكارو پێداویستی قۆناغەكان هەیە كە مەرج نیە تەنها ئۆپۆزسیۆن یان لەدەسەڵاتا بون بێت، گرنگ دەستگرتنە بە ئامانجەكانەوە هەمو ئالیەتێكی مەشروع بۆ هێنانەدیان رەوایە.

‎گۆڕان هەمو قۆناغێك بەرپرسیارێتیەك دەكاتە ئەولەویەت، بۆ ئەم قۆناغە كە گۆڕان پێیایدا تێدەپەرێت بەشداری لە دەسەڵات بە باش زانراوە

شەش:
‎هەمو قۆناغێك بەرپرسیارێتیەك دەكاتە ئەولەویەت، بۆ ئەم قۆناغە كە گۆڕان پێیایدا تێدەپەرێت بەشداری لە دەسەڵات بە باش زانراوە، ئەوە بە مانای ئەوە نیە كاتێك بزانێ كێشە لە جێبەجێكردندایە سەبری ئەیوبی هەبێت و سڵیش ناكاتەوە لەوەی لەسەر بەرنامەكەی هەمو ململانێیەك بكات و دە جاری تر لە حكومەت بێتە دەرەوەو دەیتر بچێتە حكومەتەوە، گرنگ جێبەجێكردنی بەرنامە چاكسازیەكەیە، گۆرانخوازان ئەو گوتەزا پڕ حیكمەتەی كاك نەوشیروان كە وتی عیبرەت لە جێبەجێكرندایە نەك لە نوسیندا لایان قاعیدەیەكی گرنگەو لێی لانادەن.


حەوت:
‎لە وەفاتی كاك نەوشیروانەوە تا ئەم لەحزەیە، دەیان پیلان و موئامەرە لەسەر گۆڕان هەن، ئەو پیلانانە لەگەڵ چەندین هەڵەی ناوخۆیی وایكردوە كە گۆڕان قورسایی دو خولی رابردوی لە پەرلەماندا نەمێنێت، روداوەكانی رابردو هەمویان بە ئاشتی و ناكۆكیەكانەوە، لە رێكەوتن و ترازانەكانەوە وایانكردوە گۆڕان نەفەسێكی واقعی تر لە سیاسەتكردندا بگرێتە بەر بەشێوەیەك كە سیاسەت چیتر لای گۆڕان هەر ململانێ نیە بەڵكو لەپاڵ ململانێدا مناوەرەو هاوسەنگی راگرتن و خوێندنەوەی واقعی سیاسی سەر ئەرزە وەك خۆی.

‎ئەگەر لەسەرەتاوە و لە 2009وە، گۆڕان وەك هێزێكی ریفۆرمخواز وەرگیرایەو گۆڕانخوازان سزای سیاسی نەدرابان و بە جۆرەها شێوە توندوتیژی لەدژی گۆڕان ئەنجام نەدرایە، ئەگەر لەسەرەتاوە هۆشداریە پێشوەختەكانی گۆڕان لە بواری سەربازی و دارایی بە هەند وەربگیرانایە، پەیام و روبەڕوەكانی نەوشیروان مستەفا بە چاوی بەرژەوەندی نیشتیمانی سەیربكرانایە نەك چاویلكەی حزبی، دەزانرا كە گۆڕان پرۆژەیەكی مەدەنیی نەفەسدرێژە بۆ گۆڕانكاری.

‎ئەوانەی گۆڕان بەوە تۆمەتبار دەكەن كە پێشتر بەرامبەرەكانی بە دوژمن و شەیتان كردوەو ئێستا پەشیمانە خۆیان لەو هەمو دوژمنكاریەی دژی گۆڕان كراوە، لادەدەن و ناڵێن لەسەرەتاوە گۆڕان لەبری وەرگرتنی وەك پرۆژەیەكی نیشتیمانی وەك موئامەرەو تەخوین و مەترسی بۆسەر هەرێم ململانێی لەگەڵدا كراو هەوڵی سڕینەوەی دراوە بە جۆرەها شێوە.

‎گۆڕان پرۆژەیەكی مەدەنیی ریفۆرم خوازە لەو پێناوەشدا بەردەوامە.

هۆشیار عەبدوڵڵا



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved