رێكەوتنی پارتی و گۆڕان.. تێپەڕاندنی كولتوورێكی قەڵب

رێكەوتنی پارتی و گۆڕان.. تێپەڕاندنی كولتوورێكی قەڵب

عومەر عەلی غەفور


506 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئەگەر ناوێك لە قۆناغی دە ساڵی رابردوی پرۆسەی سیاسیی كوردستان بنێین، ئەوا دەكرێ بڵێین "قۆناغی ململانێ و مرخێش مرخێشی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان"، راستە گۆڕان لەگەڵ یەكێتیش گیروگازی هەبووە، بەتایبەت لە یەك دوو ساڵی سەرەتای دروستبوونی بزوتنەوەكەدا، بەڵام لەگەڵ یەكێتی بەو شێوەیە ستراتیژی و توند نەبووە، هەندێكی لەو رووەوە یەكێتی پاش جیابوونەوەی گۆڕان و دابەزینی بۆ پلەی سێیەم و پاشتر نەخۆشكەوتن و مردنی بەڕێز مام جەلال و فرەمەرجەعیی حزبەكە، وەك حزبی هاوتای پارتی نەما، هەندێكیشی لەو رووەوە یەكێتی و گۆڕان كابرا وتەنی (دوو چڵی دارێكن) و خزمن، كوردیش دەڵێ: "خزم گۆشتیشت بخوا ئێسكت ناشكێنێ"، لەبەرئەوە دوای هەندێ گیروگازی كاتی، هەر زوو ئاشت دەبوونەوە و رێكەوتنامە و تەنسیقیان لە كارەكانیاندا دەكرد (رێكەوتنی دەباشان وەك نمونە). بەڵام وەك وتمان سیمای زاڵی دیمەنەكە شەڕەقۆچانی پارتی و گۆڕان بوو، بەتایبەت كە گۆڕان پێی وابوو جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵاتی راستەقینە لای پارتییە و یەكێتی بوەتە پاشكۆی پارتی، لەبەرئەوە بەپێی ئەو پەندە كوردییەی دەڵێ (تۆ پادارەكان بگرە و بێ پاكان هی خۆمانە)، پێی وابوو پارتی "پادار"ەكەیە و ئەگەر ئەوی گرت، ئەوا یەكێتی بلجێبە!!.

هەروەها ئەگەرچی دوو حزبەكەیتریش (كۆمەڵ و یەكگرتوو) زۆر تاكەم ململانێی دەسەڵاتیان كردوە، بەتایبەت لە خولی پێشتر (2009-2013) كە لەگەڵ گۆڕان ئۆپۆزسیۆن بوون، بەڵام هەمیشە لەمبەر چەق و داینەمۆی ئۆپۆزسیۆن گۆڕان بووە، لەوبەریش سەری رمی دەسەڵات پارتی بووە، زۆرترین كێشمەكێش و قسەی زبر و سوك بەیەكتر وتن لەنێوان ئەو دوانەدا بووە.

گۆڕان لە 2009 شۆڕشێكی بەرپا كرد، هەم خەڵكی وریا كردەوە، هەم دەسەڵاتی لە خەڵك و لە ئۆپۆزسیۆن بەجدی ترساند، بەتایبەت چوار ساڵی یەكەم، كە بەشێكی كەوتە سەروەختی راپەڕینەكانی بەهاری عەرەبی و ئەوەیش گوڕ و تینێكی زیاتری پێ بەخشی. بەڵام مخابن نەیتوانی درێژە بەو سەرەتا بەهێزەی بدا و بەشێكی هێزی ئەویش بەسترابوو بەكاریزمای شەخسی بەڕێز نەوشیروان مستەفاوە، كە ئەو نەخۆش كەوت بزوتنەوەكەیش دای لەكزی و بەمردنیشی نیوەی هێزی لەدەست دا، بەشێوەیەك دوای دەساڵ، ژمارەی كورسییەكانی 50% دابەزی.

بەندە پێم وایە رێكەوتنەكەی ئەم دواییەی پارتی و گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەشێكی بۆ بێئومێدبوونی سەركردە تەقلیدییەكانی گۆڕان دەگەڕێتەوە لەوەی بەو سەنگەی ئێستا و بەو تۆرانە بەلێشاوەی ئەندامە زرت و زیندو و پەیامدارەكانی جارانیان، ناتوانن ببنە ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز، ئەگینا مەعلومە ئەوان ئەگەر خولی پێشوو، بە 24 كورسییەوە و لە بارێكدا پارتی خواخوای بوو گۆڕان بەشداری حكومەت بێ، نەیانتوانیبێ كارنامە و بەرنامەی خۆیان بەسەر حكومەتی پارتیسالاردا بسەپێنن، لەم قۆناغەدا كە پارتی نەشوەی سەركەوتنێكی نەوعی گرتویەتی و بەمەرجی خۆی حزب بەشداری كابینەی نوێی دەكا، مەحاڵە بتوانن دەنگێكی بیستراوی بەهێز بن لە حكومەتدا. 

بەهەرحاڵ من ئەو رێكەوتنەم پێ خۆشە لەو رووەوە كە –ئەگەر سەركەوتوو بێ- سنوورێك بۆ كولتورێكی قەڵب دادەنێ، كە ئەو دوو حزبە هەردووكیان بەبێ جیاوازی، لە دە ساڵی رابردوودا دروستیان كرد و ویژدان و ناخ و میزاجی جەماوەری خۆیان و هاوڵاتی ئاساییشیان پێ نەخۆش خست، ئەویش ئەو چاویلكە رەش و تەئامورییە بوو هەرلایەك لەپشتیەوە بەرانبەرەكەی پێ دەبینی و تۆسقاڵێك سپیایەتی لە سیمایدا نەدەبینی، كە بكرێ لەسەر خاكێكی هاوبەش لەگەڵیدا بژی، لەبەرئەوە قسەی سووك نەما ئەمیان بەویانی نەڵێ، ئەمە بۆ ناو جەماوەری خوارەوەیش دابەزی، بەتایبەت ئەوەی پێی دەوترێ گەنج و نەوەی نوێ، كە ئەسڵ ئەوەیە بیركردنەوەی دوور بێ لە بیركردنەوەی پڕ گرێی دەروونیی نەوەكانی پێشوو.

ئەم حاڵەتە بۆ ئێمەمانان كە بێلایەن بووین و بەدڵنیاییەوە لەو بیركردنەوە ئیقساییەدا هاوڕای هیچ لایەكیان نەبووین، دژوار بوو، بەتایبەت كاتێ لە مەجلیسێكی ئەملا یان ئەولادا دەمەتەقێ دروست دەبوو و تۆیش رێك دەكەوت –وەك كفرێكی گەورەت كردبێ- قسەیەكت لە بەرژەوەندیی لایەنی بەرانبەر دەكرد. چەندین جار كەوتومەتە هەڵوێستی لەم جۆرە، كە دڵنیام چەندین كەسی ئەمبەر وتویانە فڵان گۆڕانە، چەندینی ئەوبەریش –كە رەنگە خزم و دۆستیش بووبن- وتویانە فڵان پارتییە!!، كە هیچیان نەبووم و نیم (عەلی شەریعەتی دەڵێ وتارم بۆ شیعەكان دەدا دەیانوت ئەمە پیاوی سعودیەیە، وتارم بۆ سوننەكان دەدا، دەیانوت ئەمە پیاوی ئێران و شیعەیە).

كاكە هەركەس بگری دەیان كێشەی تایبەتی شەخسی هەیە، مێشك و رۆحی ماندوە، حزبەكان تكایە لێی گەڕێن خەڵك بژی، كوڕ و كچی ئەم وڵاتە مەكەنە بوق و سوتەمەنی شەڕە كورسیی خۆتان، كە لەپێناویدا برای دوێنێ دەكەنە دوژمنی ئەمڕۆ و خائینی دوێنێ دەكەنە برای ئەمڕۆ!. هەرچی دەكەن، بەململانێكانتان باری سەر گیان و ژیانی خەڵك قورستر مەكەن، ئەخلاق و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی مەشێوێنن و ژەهری حیقد و كینەی مێژوویی نێوانتان مەكەنە خوێنی نەوە دوای نەوەی ئەم گەلە.

عومەر عەلی غەفور



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved