کوشتنی فراکسیۆنی (بەرەو ئیسڵاح) (یەکگرتوو)ی بچوکتر کردەوە

کوشتنی فراکسیۆنی (بەرەو ئیسڵاح) (یەکگرتوو)ی بچوکتر کردەوە

ئاری عه‌بدوله‌تیف


770 جار خوێندراوه‌ته‌وه


فراکسیۆنی (بەرەو ئیسڵاح)ی بزووتنەوە و یەکگرتوو، بەس بە تەنیا ناوەکەی، هێز بوو، ڕەمز و قودرەتی دوو حیزبی سەرەکیی ئیسلامیی بوو، لوتکەی بەرەی ئیسلامخوازیی بوو، سەرەڕای کودەتای ڕەشی تەزویر بەسەریدا، پێنج کورسی هێنا، بەڵام ئەگەر یەک کورسیش بوایە بە مەرجێک یەکگرتوو ناوەکەی نەگۆڕییایە و بزووتنەوەی نەکردایەتە دەر، ئێستا ئاوا لە پەرلەمان و پشکی ئەندامێتیی لیژنە هەمیشەییەکان نەدەکرایە دەر.
با (بەرەو ئیسڵاح) بوایە و بزوتنەوەش خۆی بە خاوەنی بزانییایە و جا با عەنتەریاتی پەرلەمان بیتوانییایە ئەندامی پێ نەدا، ئاخر کە بچووک دەبیتەوە، ماسی گەورە قوتت دەدات، ئاخر کە هەیمەنەی مەعنەویی و قووەی شەرعیەتی شۆڕشگێڕیی و بۆنی چەک و سوارچاکیی و بوێرییت لێ نەهات، لە بەردەم هەموو جۆرە هێز و چەکوچۆڵ و حیزب و دەسەڵات و ستەمکارێکدا، دەبێت چاوەڕێی هەڵلوشین بکەیت.
پێش ئەوەی کودەتا بەسەر یەکگرتوودا بکرێت لە پەرلەمان بەتایبەت لە لیژنەی یاسایی، پێشتر بە گۆڕینی ناوی (بەرەو ئیسڵاح)، یەکگرتوو، کودەتای پەرلەمانیی بەسەر بزووتنەوەدا کرد.
ئەرک و شەرع و نەریت بوو کە تاچوار ساڵ ئیستحقاقی بزووتەوە پارێزراو بێت لە لیستی (بەرەو ئیسڵاح)دا، تا تاکێکی دەنگدەری بزووتنەوە، هەست بکات لە پەرلەمان خاوەن لیستە، بەڵام ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، بە گۆڕینی ناوی قەوارەکە بۆ فراکسیۆنی یەکگرتوو کوا بوون و ماف و دەنگ و ئیستیحقاقی بزووتنەوە و کادر و ئەندام و پێشمەرگە و دەنگدەرانی؟
هەر ماف و ئیمتیاز و ئیستیحقاقێک لە دانان و دامەزراندنی (کارمەندێک، تایپێسێک، کامێرامانێک، کارگوزارێک، چایچییەک)، لە فڕاکسیۆنی ئێستای یەکگرتوو، تا دەگات بە بودجەی فراکسیۆن و هەر کاروبارێکی تر لە ناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان، پشکی بزووتنەوەی تێدایە، چ عەجەب سەرکردایەتی یەکگرتوو ئەمەی قبوڵ کردووە، ئەوە گریمان سەرکردایەتی بزووتنەوە لەبەر برایەتییەکە قسە ناکەن.
ئیتر پاش یەکلابوونەوەی کوشتنی فراکسیۆنی هاوبەشی بزووتنەوە و یەکگرتوو، بزووتنەوەش دەستی کراوە دەبێت بۆ هەر هەڵوێستێک و وەک حیزبێکی خاوەن سەنگی مێژوویی و شکۆی مەعنەویی، لە بەفیڕۆ چوونی دەنگەکانیدا بەجۆری تر مامەڵەی خۆی دەکات لەگەڵ هەر لایەک.
بریا بزووتنەوەیان نەدەکردە دەری فراکسیۆنەکە جا با هەژموونی نیمچە فیمینیستگەرای کاتیی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێستا و عەنتەریاتی پەرلەمان، زاتی ئەوەیان بکردبا، قەوارەی مێزەر و خەباتی (حەرەکەی ئیسلامی)یان بێبەش دەکرد لە پشکی نەک لیژنەی یاسایی، بەڵکو هێزی ناشتنی چڵە نەمامێک لە حەوشەی پەرلەمان.

ئاری عەبدولەتیف



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved