هاووڵاتیی جێگیر

هاووڵاتیی جێگیر

كارزان محه‌مه‌د


444 جار خوێندراوه‌ته‌وه


بیرمەندی فەرەنسەیی، ئیتیان دۆلا بواسێ، لە کتێبەکەیدا "کۆیلایەتیی ئارەزوومەندانە" دەڵێ:

کە وڵاتێک دوچاری سەرکوتکارییەکی درێژخایان دەبێ، چەندین نەوە لە خەڵک پێ‌دەگەن، پێویستییان بە ئازادی نییە و لەگەڵ ستەمکاری خۆ دەگونجێنن، ئەو شتەیان تێدا دەردەکەوێ کە دەتوانین ناوی بنێین "هاووڵاتیی جێگیر".

هاووڵاتیی جێگیر لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا لە دنیایێکی تایبەت بە خۆیدا دەژی و مەسەلەکانی جێگەی بایەخ‌پێدانی ئەو، لە سێ شتدا قەتیس‌دەبن:
١. ئایین.
٢. بژیوی ژیان.
٣. تۆپی‌پێ.
ئایین لای هاووڵاتیی جێگیر، پێوەندیی بە هەق و دادپەروەرییەوە نییە، تەنیا بەجێ‌هێنانی ڕێ‌وڕەسمەکان و بە ڕواڵەت خۆنوواندنە، بە زۆریش ناکێشێتەوە بۆ ڕەفتار. ئەوانەی وا بەبێ تەنگەتاوبوون خەریکی درۆ و دووڕوویی و بەرتیلخۆرین، تەنیا کە نوێژێکیان لە کیس دەچێ، هەست بە گوناح دەکەن! ئەم هاووڵاتییە داکۆکی لە دینەکەی ناکا، مەگەر دڵنیابێ هیچ ئازارێکی لەوەوە پێ ناگا. ڕەنگە جامی غەزەبی بەسەر ئەو دەوڵەتانەدا قڵپ بکاتەوە کە ڕێ بە چالاکیی هاوجنسبازان دەدەن، بە بەهانەی ئەوە کە شتی وا دژی ویستی خودایە! بەڵام ژمارەی بە ناهەق گیراوانی وڵاتەکەی و ژمارەی ئەوانەی کە لەژێر ئەشکەنجەدا مردوون، هەرچەندێک بێ، دەمی بە وشەیێک هەڵناهێنێتەوە! بە ئاشکرا خراپەکاری و گەندەڵی لە وڵاتی خۆیدا دەکا و پاشان سپاسی خودا دەکا!!

پارووەنانی گوزەران، کۆڵەکەی دووەمی ژیانی هاووڵاتییی جێگیرە. هەرگیز گوێ بە مافە سیاسییەکانی خۆی نادا و هەر سەرقاڵی پەروەردەکردنی منداڵەکانیەتی، تا گەورەدەبن. کچەکانی بەشوودەدا و کوڕەکانی دەخاتە سەر کار، پاشتر کتێبە پیرۆزەکان دەخوێنێتەوە و دواجار بە باشی لە ماڵی خودادا خزمەت‌دەکا. 

هەرچی یاریی تۆپی‌پێیە، هاووڵاتیی جێگیر قەرەبووی ئەو شتانەی تێدا دەکاتەوە کە لە ژیانی ڕۆژانەیدا لێیان بێ‌بەش‌بووە. تۆپی‌پێ خەمەکانیی پێ لەبیردەباتەوە و ئەو دادپەروەرییەی بۆ بەدی‌دێنێ کە لەدەستی داوە؛ چونکە ئەم یارییە لە ماوەی ٩٠ نەوەد دەقیقەدا ملکەچی ڕێ‌وشوێنێکی ڕوون و ئاشکرا دەبێ و بەسەر هەموواندا جێ‌بەجێ‌دەکرێ.

هاووڵاتیی جێگیر، لەمپەری ڕاستەقینەی بەردەم هەموو پێشکەوتنێکی چاوەڕوانکراوە. گۆڕانکاریش کاتێک بەدی‌دەهێنرێ کە ئەم هاووڵاتییە لە جیهانە بەرتەسکەکەی خۆی دێتەدەرێ و دڵنیادەبێ کە نرخی بێ‌دەنگ‌بوون لە ستەمکاری، زۆر لە سەرەنجامەکانی شۆڕشێک لە دژی، گرانترە! 

سەرچاوە: ئیتیان دۆلا بواسێ، کۆیلایەتیی ئارەزوومەندانە.

كارزان محه‌مه‌د



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved