كەركوك و مامەڵەی پارتی و یەكێتی

كەركوك و مامەڵەی پارتی و یەكێتی

دانا مه‌نمی


530 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بارودۆخی كەركوك بووتە كارتی فشار لە نێوان پارتی و یەكێتی دا ، هەرلایەك لە گفتوگۆكانی نێوانیان لە ڕێگەی كەركوكەوە فشار لەسەر یەكدی دەكەن ، پارتی ئاسایكردنەوەی دۆخی كەركوك وەكو كارتیكی سیاسی دژ بە یەكێتی بەكاردەهێنێت، ڕوداوەكانی ۱٦ـی ئۆكتۆبەر لای پارتی خیانەتەو كەركوك بە "خیانەت"ی گروپێكی ناو یەكێتی لەقەڵەم دەدات ، لای پارتی هێشتا نەجمەدین كەریم پارێزگای شەرعی كەركوكەو شارەكە لەژێر حوكمی میلیشیای چەكداریدایە بۆ ئاسایكردنەوەی شاری كەركوك داوای گەڕانەوەی دۆخی شارەكە بۆ ساڵی ۲۰۱٤ دەكات ، هەرچی یەكێتی نیشتیمانیشە پێیوایە ڕوداوەكانی ۱٦ـی ئۆكتۆبەر دەرئەنجامی پرۆسەی ئەنجامدانی ڕێفرامدۆم بوو لە ۲۵ـی ئەیلولی ۲۰۱۷، یەكێتی پێیوایە شكستی ریفراندۆم بارگرانیەكەی كەوتە سەر شاری كەركوك .

دواجار ڕیفراندۆم یەكەم نسكۆو شكست نییە كە لە میژوودا توشی كورد بوبێت ، ئەوەی لە كەركوك ڕویدا شەرم و شەرمەزاری بوو بۆ سەركردایەتی كورد كە هۆكاری شكستەكانیش بەرلەوەی لوتبەرزی و غروری بەغدا بیێت ، بەرلەوەی پلانی ئەمریكا وئەوروپا بیت ،بەرلەوەی فێڵی ئێران و توركیا بێت ، خودی خۆمانین ! شكست و نسكۆی ۱٦ـی ئۆكتۆبەر كارەساتێكی بە سوێ و برینێكی قوڵ و پڕ لە نەهامەتی و شوێنەواری خراپی لەسەر دەرونی تاكی كورد و نەوەی نوێ بەجێهێشت ، شكستی ۱٦ـی ئۆكتۆبەر پاش ۲۷ ساڵ لە تەمەنی حوكمڕانی كوردی كە خاوەنی سەرچاوەكانی هێز لە بواری ئابوری و سیاسی و مەعریفی و سەرچاوەكانی دارایی بەهێز وەك نەوت و گاز و گومرگ و داهاتە ناوخۆییەكان، خاوەنی پشتیوانی نێودەوڵەتی و هاوكاری بەردەوام لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە بووە كە دەیتوانی لە هەموو ئەو بوارانەدا ببێتە نموونەی بنیاتنانی حوكمڕانیەكی سەركەوتوو ، بەڵام نەبوو ، ئێستاش كەركوك بووەتە قوربانی دروشمی بریقەداری حزبیی لە نێوان پارتی و یەكێتی دا !

كەركوك بۆ پارتی شارێكە پڕلە شكست ونائومێدی ،پارتی لە لایەك داوای ئاسایكردنەوەی دۆخی كەركوك و لابردنی حوكمی سەربازی دەكات ،لەلایەكی تر بە لۆژیكی هێز مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا دەكات و هەموو كات هێزێكی مەشقپێكراوی پڕچەك پێكدەهێنێت و بۆ كاتی گەڕانەوەی بۆ كەركوك ،ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ خۆسەپاندن  وخواستی لۆژیكی هێز لای پارتی ڕەوایە نەك هێزی لۆژیك ، ئاسایكردنەوەی ئەو بارودۆخەیش پێویستی بە هێزی لۆژیكە نەك لۆژیكی هێزو خۆسەپاندن ، یەكێتی و پارتی دوای ساڵێك لە شكستی ۱٦ـی ئۆكتۆبەر ، به “‌زمانێكی زبر و بازاڕی”، دەچنە شەڕێكی توندی میدیاییەوەو یەكتر بە “قومارچی، پیلانگێڕ، خیانەتكار و خەنجەرلێدان”، دژ بە گەلی كوردستان تۆمەتباردەكەن ، هەردوو حیزب بۆ دۆخی كەركوك كار لەسەر فەلسەفەی پۆزەتیڤ نرخاندنی توندوتیژی دەكەن وەكو فۆڕمێكی ڕەمزی كە هەم خۆیان و هەمیش خاك و خەڵكیان لەو شارەدا بێ ئەرزشكردووە.

پارتی لە ئێستادا زۆرینەی كورسییەكانی لیستی برایەتی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی بە دەستەوەیە ،ئەم زۆرینەیەی پارتی لە ناو لیستی برایەتیدا هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەو بەجێهێشتنی بەشێك لە ئەندامانی یەكێتی لە لیستی برایەتی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك وایكردووە كە ئەندامانی پارتی جێگایان بگرنەوە لە ساڵانی ڕابردوودا و ببنە زۆرینە ،پارتی سودی لە پڕكردنەوەی شوێنی حزبی شیوعی و یەكێتی و بینیوە و بە چۆڵ بوونی شوێنی هەر ئەندامێكی ئەنجوومەن پاڵێوراوێكی پارتی جێگەی گرتووەتەوە ،له ‌دوای دەستلەكاركێشانەوەی عەبدولڕەحمان مستەفا و ڕزگار عەلی و لەیلا حەسەن كە له ‌پشكی یەكێتیی بوون، سێ ناوی دیكەی پارتی لە ڕیزبەندی ناوەكاندا له ‌شوێنەكانیان دانران كە سەرجەمیان لە پشكی پارتی بوون.

دوای ئەوەی پارتی و یەكێتی نەگەیشتنە رێكەوتن لەسەر پرسی كەركوك و یەكێتی بەشداری كۆبونەوەكانی ۱۸ـی شوباتی پەرلەمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی نەكرد ،هاوكات بەشداری كۆبونەوەی رۆژی سێشەممە ۲٦ـی شوباتیشی نەكرد كە لیژنەی یاسایی هەڵبژێردرا ، بۆچونێكی نوێ لە ناو یەكێتی دروست بووە ئەویش ئەوەیە كە دۆسیەی كەركوك وەكخۆی بهێڵدرێتەوە تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە كۆتایی ئەمساڵ دەكرێت.

دانا مەنمی



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved