کوردستان لەبەردەم هەڕەشەی مادە هۆشبەرەکاندا

کوردستان لەبەردەم هەڕەشەی مادە هۆشبەرەکاندا

حەسەن بارام


879 جار خوێندراوه‌ته‌وه



جێگای داخە  وەک زۆر بابەت وپرسی گرنگ تر، بڵاوبونەوەی مادە هۆشبەرەکان لەهەرێم نەبووەتە جێگای بایەخی کاربەدەستان ولایەنە بەرپرسەکان وچۆنێتی بنەبڕکردن وڕێگەگرتن لەبازرگانی وبەکارهێنانی ، ماوەیەکە بڵاوبونەوەی ئەم ژەهرە لەکوردستان دەستی پێکردووە ولێرەو لەوێی گوێمان لێ دەبێت کەبەکار دەهێنرێت وتا دێت ئەبێتە دیاردەیەکی مەترسیدار بۆ سەر کۆمەڵگای کوردی ، کە پێم وایە ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەم ژەهرە کوشندەیە ، دوو هۆکاری لەپشتەوەیە ،هۆکاری یەکەم : هەندێک لەدوژمن ونەیارانی کورد زەمینە دەڕەخسێنن بۆ بڵاوکردنەوەی ، تاکو لەم ڕێگایەوە گەنجان وتاکەکانی کۆمەڵگای کوردی دووچاری ڕۆخان وداتەپین بکەن ، هۆکاری دووەم :  بابەتی بازرگانی وسود وقازانجە لەڕێگای فرۆشتنییەوە بەقاچاغ ، لەبەرانبەردا حکومەتی هەرێم لەئاستی پیویستدا نییە بۆ ڕێگەگرتن لەبڵاوبونەوەی وهەروەها نەبونی پلانێک بۆ پاکتاوکردن وبنەبڕکردنی ئەم دیارەیە ، هەر ئەم خەمساردییەش زەمینەی ڕەخساندووە بازرگانیکردن وبەکارهێنانی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر بێت ، ڕاستیەکیش هەیە کە دەبێت ئەم حکومەتەی خۆمان بیزانێت ، کە ئەم دیاردەیە بەپلەی یەکەم لە ناوچە دابڕێنراوەکانی دەرەوەی هەرێم ڕووی لەزیادبونە ، بەتایبەتی لەقەزاکانی داقوق وخورماتو وکرکوک وهەندێک یەکەی ئیداری لەسنوری پارێزگای موسڵ ، بڵاوبونەوەی مادە هۆشبەرەکان لەو دەڤەرانە بەزۆری لەڕێگای حەشدی شەعبییەوەیە ، بەتایبەتی حەشدی تورکمانی ، هەر بۆیە لەئێستادا بەدەیان گەنجی تورکمان بەهەردوو ڕەگەزی نێر ومێوە بەتۆمەتی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لەزینداندان ، بەپێ هەندێک زانیاری لەئێستادا لەقەزای داقوق(۱۷)کەس ولەقەزای خورماتو بەدەیان گەنجی تورکمان لەژێر لیکۆڵینەوەن ، چونکە هەم خۆیان بەکاری دەهێنن ، هەمیش بازرگانی پێوە دەکەن ، جیا لەوەش چەندین بەرپرس وکەسی دیاری حەشدی تورکمانی بەو بابەتە تۆمەتبارن ، هەروەها زانیارییەکان باس لەوە دەکەن تادێت ئەم ژەهرە لەنێو گەنجانی کوردیشدا بڵاو دەبێتەوە ، تەنانەت لەنێو خۆێندنگاکان دا ، کەواتا هەموو ئاماژە وزانیارییەکان باس لەتەشەنەسەندنی ئەم ژەهرە دەکەن چ لەناوچە دابڕێنراوەکان چ لەسنوری هەرێم دا ، پێم وایە ئەگەر حکومەتی هەرێم پلانی تۆکمە وخێرا نەگرێتە بەر بۆ ڕێگەگرتن لەبڵاوبونەوەی مادە هۆشبەرەکان بەهەموو جۆرەکانییەوە ، ئەوا لەڕێگای نەیاران وبازرگانە چاوچنۆکەکانەوە کوردستان دەکوێتە بەردەم هەڕەشە ومەترسی گەورەی مادە هۆشبەرەکانەوە .



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved