«شیرین تەشی دەڕێسێ» لە خەیاڵێکی سێکسیدا

02/03/2019

ئەنوەر محەمەد


لەوە ناچێت ھیچ کوردێک ھەبێت ئەم شیعرەی نەبینیبێت لانی کەم لە گۆرانیدا گوێ بیستی چەند دێڕێکی نەبو بێت کە ھونەرمەند مەزھەری خالقی پیش پەنجا ساڵ لەمەوبەر کردویەتیە گۆرانی دواتریش چەندین ھونەرمەندی تر وتویانەتەوە شیعرەکەش زیاد لە سەد ساڵ لەمەوبەر وەفایی دایڕشتوە . ھونەرمەندی شێوەکاریش جمال بەختیار لە تابلۆیەکی شێوەکاریدا وەک کچێکی شۆخ وشەنگی تەشی ڕێس وێنەی شیرینی کێشاوە کە ھەر ئەو ناوەشی لێناوە « شیرین تەشی دەڕێسێ ».

زۆربەشمان بەم شیعرەوە وەفایی دەناسین ، وەفایی جیاواز لە ھەمو شاعیرە کلاسیکیەکانی تر زمانی شیعریەکەی تا بڵێی ناسک و پڕ مۆسیقایە ، وێنە شیعریەکانی زۆر بە دیقەت و سەرنجڕاکێشن ، بە کێشێکی خۆماڵی و کوردیەکی پاراو دایڕشتون، قوڵی ماناکانی لە ئاستێکی بەرز دایە ، ھەر بۆیە بە نالی موکریان ناویان بردوە ، چونکە لەو ناوچەیەدا لەو شاعیرتری تێدا نەبوە.

وەفایی کە ناوی میرزا عبدالرحیم بوە ھەمو خوێندنە ئاینیەکانی خوێندوە و شوێنکەوتەی ڕێبازی نەقشبەندی بوە یەکێ بوە لە مریدە باوەڕپێکراوەکانی شێخی شەمزینان ، زۆربەی شیعرەکانیشی عیرفانین.

ئەوەی کە من مەبەستمە لێی بدوێم خەیاڵە سێکسیەکانیەتی لە شیعری « شیرین تەشی دەڕێسێ »دا کە پێک ھاتوە لە چەند کۆپلەیەک یان پێنج نیوە دێڕی کە کۆتایی ھەر یەکەیان بە شیرین تەشی دەڕێسێ کۆتایی دێت، ھەندێکیان جوانی و شیرینی شیرینی بە شێوەیکی ناسک و ڕۆمانسیانە نیشان داوە ، وردەکاری جوانی شاعیرانەی تێدا بەرجەستە کردوە بەڵام زۆربەی ھەرەزۆری شیعرەکە زۆر سێکسیانە شیرین نیشان دەدات بە جۆرێک ھەندێک حاشا لەوە دەکەن کە ئەم شیعرە ھی وەفایی بێت چونکە گومانیان ھەیە کەسێکی ئاینی وەک وەفایی لەو ئاستە بەرزەدا ڕێگە بە خۆی بدات شتی وا بنوسێت ، بەڵام ھەر وەک مامۆستا ھەژار دەڵێت: ئەگەر ھی وەفایی نیە ئەی ھی کێیە؟.

لای منیش ئەگەر سوکە گومانێک ھەبێت تەنھا ھەر ئەوەندەیە کە بۆچی ھەندێ وێنەی جوانی و خۆشەویستی ھاتۆتە نێو ئەم شیعرەوە؟ دەنا ئاسیی بوە شاعرەکانی تریش لەو جۆرە شیعرانەیان نوسیوە ، ئەوەتا کەسێکی وەک نالی کە شای شاعیران بوە و مەلایەکی دوانزە عیلمی خاوەن بڕوایەکی ئاینی بەھێز بوە ، ئەو قەصیدە درێژەی بۆ «مەستورە» نوسیوە کە زۆر خراپتری وتوە.

گەر بەراوردێک بکەێن لە نێوان نالی و وەفایی دا ئەوا « شیرین تەشی دەڕێسێ » زۆر ئەھوەنترە لەوەی نالی ، چونکە وەفایی ناوی کەسی نەزڕاندوە تەنھا ئافرەتێکی سێکسی لە خەیاڵی خۆیدا وێنا کردوەو ناوی ناوە شیرین ، وەلێ مەستورە کەسایەتیەکی دیارو شوناس بوە لەسەر ئاستی ھەمو کوردوستان جگە لەوەی یەکەم شاعیرە بوە لە نێو ژناندا کە شیعری نوسیوە ، شاژنی میرنشینی ئەردەڵانیەکان بوە ، کەسایەتیەکی سیاسی و ڕۆشنبیری سەردەمی خۆی بوە ، کەچی نالی مەستورەی کردۆتە ژنێکی سێکسی، کە لەوانەیە ھەرگیز نەشیبینی بێ ، کە دیارە ھۆکاری سیاسی لە پشتەوە بوە، نالی سەر بە بابانەکان بوە لەوکاتەشدا ئەم دو میرنشینە کێشەیان ھەبوە لەگەڵ یەک، ئەم شیعرەی وەفایی کاریگەری شیعری نالی لەسەر دەبینرێت تەنانەت ھەندێ تەعبیری لە ھی نالی دەچێت .

با بێینەوە سەر شیرین لەبەر ئەوەی شیعرەکە درێژە بە جیا لینکەکەی دادەنێم ھەرکەس حەزی کرد دەتوانێ ھەمو شیعرەکە ببینێ من تەنھا کۆپلەیەک وەک نمونەی خەرمانێک وەر دەگرم کە زۆر بە وردی و دیقەتەوە نوسیویەتی ، بە ئاشکرا مەبەستی شیرین پیشان دەدات لە تەشی ڕستنەکەدا کە شیرین تەشی لەبری شتێکی تر بەکار دەھێنێت ، کەواتە ئەو شتە چیە کە لە تەشی دەچێت ؟ 

وەفایی لە سەرتاپای شیعرەکەیدا ئەو کەرەستانەش کە لە تەشی ڕستندا بەکار دێت و ئەو جوڵەو گرتن و بادانی تەشیەو ھێنان و بردنی بەڕانداو خولاندنەوەی بە ھەمو شوێنەکانی لەشیدا ھەر ھەموی « فرۆید»یانە پەیوەست کردوە بە حەزو ئارەزویەکەوە . دەڵێت:
شفای جەراحەتی دڵ تەشی نەبو کە ڕستی
شاپەڕی خاوی خۆی بو پەڕیبوە لە دەستی
ھەتیوی کەلەشەق بو بە داوی حیلە بەستی
لە تاوی ھاتوچۆدا بە لێوی خونچە گەستی
بەڕۆح و دڵ بە قەصدی ، شیرین تەشی دەڕێسێ
باشە گەر شفای برینی دڵ تەشی نەبوە ئەی چی بوە ؟ لە بری چی تەشی بەکارھێناوە؟ 
شاپەڕ یان شەش پەڕ یان شەست پەڕی خاوی کە لە سێ شوێنی جیاوزدا بینیومە لە تێکستەکەیدا ھەر یەکەو بە جیاوازتر نوسراوە بەڵام ھیچ کامیان ھیچێکی وا لە ماناکەی ناگۆڕێت ، ھەر کامێکیانی نوسی بێت باسی پەڕینێکی خاو دەکات ، دەنا خۆ شیرین باڵندە نەبوە پەڕی ھەبو بێت ھەر بە دوای پەڕی خاو دەڵێ پەڕیبوە لە دەستی جا بزانن چ پەیوەندیەک لە نێوان ئەو دو وشەیەدا ھەیە.

ھەتیوی کەلەشەق چیە؟ ھەتیو بە کەسێک دەڵێن کە باوکی نەبێت یان دایک و باوکی ھیچیانی نەبێت ، کەلەشەق کەسانێکە کە کەلەی سەریان شەقی بردبێت یان درزی تێدا بێت، بە کەسە شەڕانیەکانیش دەوترا چونکە بە ھۆی شەڕەنگێزیانەوە ھەمیشە سەریان قڵیشی تێدابوکە بە بەرد یان نوکە چەقۆ بریندار دەکرا ، جا کەلەسەرێک بێ دایک و باەک بێت شەقبونێکی تێدا بێت دەبێت لە چی بچێت؟ 

نالیش ئەم لێکچوانەی دەربڕیوە بۆ مەستورە دەڵێت :
«یا رەئسی یەتیمێکی کە بێ بەرگ و نەوا بێت» واتە سەری ھەتیوێک کە ڕوت و لاوازو بێ بەرگ بێت. 

وەفایی دواتر دەڵێت: لە تاوی ھاتوچۆدا بە لێوی خونچە گەستی. 

تاو یان تاوی بە دو مانا دێت واتە لە کاتی یان لە تاو شتێکی خۆش یان ناخۆش کە زیاتر مەبەستی خۆشیەکەیە، بە لێوی خونچە گەستی، خونچە ئەو گوڵەیە کە یەشتا نەکراوەتەوە بۆن و جوانیەکەی داپۆشراوە و لە ناوەوەیە، ئایا لێوی ئەو خونچەیە چی گەستوە ؟ بۆ وشەی گەستنی بۆ ئەو ھاوارە داناوە، ئەم وێنەیە ھێندە شاراوەیە ھەرگیز لە فلیمی سێکسیشدا ناتوانن نیشانی بدەن. 

داوجار مەبەستی شیرین ئاشکرا دەکات و دەڵێت :
بەڕۆح و دڵ بە قەصدی . کەواتە شیرین بە قەصدی تەشی بەکار ھێناوە نەک وەک کارێک.
وەفایی زانیویەتی لەسەر ئەم شیعرە لۆمە دەکرێت بۆیە لە دوا دێڕیدا دەڵێت: «مەکەن مەنعی وەفایی کە خاوێ دڵ بڵاوەبە داوی دڵ ، دڵی خۆی ، بە داوی زوڵفی داوە».

مەبەستی ئەوەیە لۆمەی وەفایی مەکەن کە کەسێکی کاڵ و کرچ و ھەرزەیە و دڵی بە بڵاوبۆتەوە بە ھەمو شوێنێکدا ، بە داوای دڵی خۆی، دڵی خۆی خستۆتە داوی ئەو زوڵفەوە ، خەتای کەسی تێدا نیەو خۆی واحەزی کردوە.

ئەنوەر محەمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی