پارتی بۆ كەركوك و رێككەوتنەكە ئامادەیە؟

03/03/2019

 

پاش بەبنبەست گەیشتنی دانوستانەكانی یەكێتی و پارتی, بەهۆی پەشیمانبونەوەی پارتی لە ڕێككەوتنی  5ی شوبات و  سوربونی یەكێتی لەسەر( یەك پاكێجی كەركوك, بەغدا و هەرێم )و ئیمزاكردنی ڕێككەوتنی سیاسی . 

نامەكەی مەسعود بارزانی, بۆ كۆسرەت ڕەسوڵ و وەڵامەكەشی تاڕادەیەك بەستەڵەكی گرژییەكانی تواندەوە و لانیكەم درێژە بە دیالۆگ و دانیشتنەكانی نێوانیان دەدەن . 

بارزانی لە نامەكەی 23 شوباتداو لەدیداری لەگەڵ هەڤاڵێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان, ڕایگەیاندووە, بۆكەركوك لەگەڵ كۆسرەت ڕەسوڵ ئامادەین  كاندیدێك دیاری بكەین, ماوەیەك دابنرێت بۆ چارەسەری كێشەكان, دەبێت یەكێتی و پارتی لەم بارودۆخەدا لەگەڵ یەكتر بن ... ,,

ئەو نامەیە لای یەكێتی ڕێزی لێدەگیرێت و وەكو نیەت باشی بارزانی سەیردەكرێت, بەڵام وەڵامەكەی كۆسرەت ڕەسوڵ و هەوڵەكانیشی دەبێت بەهەمان شێوە سەیر بكرێن, كە هۆكاربون بۆ نوسینی نامەكەی بارزانی و دەبێت پارتیش ڕێز لەوە بگرێت, لەپاڵ ئەو هەڵوێستە شیاوەی نێچیرڤان بارزانی و فازل َمیرانی كەدژی رٍێككەوتن لەگەڵ گۆڕان و كۆبونەوەی 18ی شوباتی پەرلەمان بوون, بەبێ یەكێتی بێگومان دیسان یەكێتیش ڕِێز لەم هەڵوێستە دەگرێت, ئەگەرچی هۆكاری دواكەوتنی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی پەیوەندی بەوەوە هەبووە, گوایە یەكێتی داوای پۆستەكەی ئەوی كردووە(مەبەست سەرۆكی هەرێمە). 

ئێستا كەدانووستانەكان دەستپێدەكەنەوە ئەم خاڵانە جێگای پرسیار و ڕونكردنەوەن: 
یەكەم: پارتی بۆیە ئیمزای لەسەر رێكەوتنەكە و بەتایبەت پەیوەست بەپارێزگای كەركوكەوە نەكرد, پەیوەندی بەو بەڵێنانەوە هەیە كە پارتی بە توركیای داوە, كەهیچ بەڵگەیەكی ڕەسمی لەگەڵ یەكێتی لەسەر كەركوك ئیمزا ناكات, تا توركیای لێنیگەران نەبێت, هەربۆیەوتویەتی بە زارەكی دەیبڕێنینەوە . 

دووەم: بۆچی دەبێت یەكێتی چوار كاندید بداتە پارتی بۆ پۆستی پارێزگتری كەركوك, دواتریش ناوەكان لە سۆسیال میدیا بڵاوبكرێتەوە؟  بۆ پارتی لە دانانی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق, سەرۆكی حكومەت  .. چوار ناوی خستە بەردەستی یەكێتی؟.. بێگوومان ئەوە كارێك بوو كە یەكێتی نەدەبوو بیكات 

سێیەم: یەكێتی بڕیاری داوە تەنازول لە مەبادیئەكانی ناكات و هەوڵ تەساعودی وەزعەكەش نادات و هیچ كات پارتی و گۆڕان بە دوژمن نازانێت, بەڵكو وەكو ڕكابەری سیاسی دەیانبینێت , ئەوەشی بە پارتی وەتووە, پارتی كە ئێوە وتتان: سەرۆكی حكومەت وتمان: فەرموو, وتتان: سەرۆكی هەرێم وتمان فەرموو , بۆیە ئێستا ئێوەش دەبێت بڵێن فەرموو یان فەرمووی  ئێمەش تەواو بوو .

چوارەم: پارتی ئەوەی بە یەكێتی وتووە ,,واپێدەچێت دژی كاندیدی مەسرور بارزانی بن, گەروایە دەیگۆڕین,, ئەم بۆچونە هی یەكێتی نیەو, دەخالەت لە كاندیدی پارتی ناكات, بەڵام ڕونە كە یەكێتی و خودی قوباد تاڵەبانی لەگەڵا نێچیرڤان بارزانی ئاسودە و گونجاوتر بوون لە ڕابردوودا بۆیە ئەم خاڵە و وروژاندنی پەیوەندی بە كێشە ناوخۆییەكانی پارتیەوە هەیە .

پێنجەم: هەوڵی زۆریش هەن كە بەم زوانە پارتی وبارزانی بەڕەسمی پێشوازی لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بكەن, بەرهەم ساڵحیش ئەو ئامادەگیەی تێدایە كە بارودۆخەكە ئاسایی بكاتەوە و سەردانی هەولێر بكات, چونكە دەزانێت ئەوەی پارتی بەرامبەری كردی وتی, جگە لەناحەقی و بێویژدانی هیچی دیكە نەبوو بەتایبەتی قسەو فشەكانی ئەندامپەرلەمانەكەیان .

ئەنوەر حسێن (بازگر)

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی