ئەستێرە لە ڕۆژی ڕووناکدا!

ئەستێرە لە ڕۆژی ڕووناکدا!

ریبین فەتاح


701 جار خوێندراوه‌ته‌وه


لە هەرێمی کوردستان دا، دوو مۆدێل لە کاری میدیایی هەیە. مۆدێلی یەکەم هەوڵ دەدات پرس و بابەتێک زەق بکاتەوە و هەموو سەرنج و تێگەیشتنی جەماوەر بەرەو ئەو پرس و بابەتە ئاڕاستە بکات، لەو مۆدێلەدا ڕۆژنامەوانەکان کەمینەن، لەپشت پرس و بابەتەکەوە بزر و نادیارن، چونکە ئامانجەکە دەرخستنی پرسێکە، نەک دەرخستنی کارەکتەری ڕۆژنامەوانەکە خۆی.

مۆدێلی دووەم ڕاستەوخۆ هەڵگێڕانەوە و پێچەوانەکردنەوەی مۆدێلی یەکەمە. لێرەدا ڕۆژنامەوان هەوڵ دەدات لەڕێگەی وروژاندنی پرسێکەوە، خۆی نمایش بکات. ڕۆژنامەوان بەهەمان خەیاڵی کارەکتەرێکی سیاسی، خوازیاری ئەوەیە وەک کارەکتەرێکی دەرکەوتوو ببینرێت لەشێوەی ئەو سیاسییانەی حەزیان لە قسەی زل و بۆشی وروژێنەرە لەپێناو بەودەستهێنانی چەپڵەی جەماوەرێکی گێل و گەلحۆ.

تا دێت بەرەی دووەم لەژێر کەڵکەڵەی (ئەستێرەبوون)دا فرەوانتر دەبێ. لەکاتێکدا میدیا وەک پەیژەیەک دەبینن لەپێناو گەیشتن بە ئامانجێکی دیکە.

تێبینی بکە، بەرەی دووەم زیاتر خواستی لەدەرکەوتن لەسەر شاشە هەیە، بەهەستکردن بەو ڕاستییەی لە کۆمەڵگەیەکی نەخوێندەواردا، جەماوەر زیاتر کاریگەرە بە میدیای بینراوەوە، جەماوەر لێرەدا هەر خۆیشی تەنیا بینەر و تەماشاکەرە. میدیای بینراو دەرفەتی زۆر زیاتر بۆ خۆدەرخستن دەڕەخسێنێت.

هەڵبژاردنی بیرۆکەیەک بۆ کارکردن لەنێوان هەردوو مۆدێلەکەدا جیاوازی زۆری هەیە. ئەگەر لەمۆدێلی یەکەمدا ڕۆژنامەوان بەدوای بیرۆکەیەک یان پرسێکی بنچینەییدا دەگەڕێت، ئەوە لەمۆدێلی دووەمدا هەڵبژاردنی بیرۆکە دەوەستێتە سەر ڕادەی سەرنجڕاکێشی، دەبێ بیرۆکەکە سادە و بچووک بێ و بەئاسانی لەلایەن جەماوەرەوە هەرس بکرێ و لێکەوتی خێرا دروست بکا.

رێبین فەتاح



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved