هەرێم‌و ئابووری سەربەخۆ

هەرێم‌و ئابووری سەربەخۆ

مەلا فرمان


415 جار خوێندراوه‌ته‌وه

جاران ئابوریەكی بەهێزی سەربەخۆ پشت بەستو بە فكر و فەلسەی گونجاو لە پاڵ فاكتەرەكانی دیدا یەكێك  بو لە مەرجەكانی دروستبونی كیانی سەربەخۆی نەتەوەیی. بەڵام ئێستا و لە سەردەمی دونیای جیهانگیری و ئەم دونیا بچوكە زیاتر باس لە نزیكبونەوە و ئابوری و بازاڕی هاوبەش دەكرێت. لە هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی سیاسەتێكی كلاسیكی بێ پشتیوانی فكر و فەلەسەفە  و رەفتاری خێڵەكیدا سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ تاقیكرایەوە، هەندێ لە دەركەوتەكانی ئەم سیاسەتە سەرەخۆرەیە، بریتین لە:
1-قەیرانی خنكێنەر
2- لەدەستدانی كەركوك و زۆر بە ئاسانی رادەستكردنەوەی ٥١% خاكی هەرێمی كوردستان.
3-دەمەزەردكردنەوەی چەقۆی قینی سیاسی لە مێژینە و دوبارە تاوانباركردنی یەكتر بە خیانەتكار.
4-لە دەستدانی زۆربەی دۆستەكانی كورد.
5-چاوشكاندن و لێدان لە شكوی چەندین نەوە. بەو رادەیەی بەشێ لە كوردی ئەم ناوچانە بڵێن " بجینە سەر ئەو حكومەت و هەرێمە جوانەی كە موچەی پێدابین ناكرێ"

بازاڕی ئازاد 
لە دونیادا یەكێك لە مەبەستەكانی ئازادكردنی بازاڕ و بە جیهانیكردنی دابینكردنی بژێویەكی باشە بۆ خەڵك، كە خۆی لە زۆربونی هەلی كار و داهاتی باش دەبێنێت. كەچی لەم هەرێمەی ئێمە ، لەبەر ئەوەی ئەم سیاسەتە ئابوریە و ئەم بازاری ئازادە لەسەر بنەمای فكری سیاسی تەندروستدا بونیاد نەنراوە ، بۆیە دەبینین لە بری خۆشگوزەرانی قەیرانی یەك لە دوای یەك جومگەكانی ژیانی رۆژانەی خەڵكی گرتۆتەوە، چونكە ئەم سیاسەتە دزی چاونەترسی گیرفان بڕی بەرهەم هێناوە. بە نمونە:

كەرتی پەیوەندیەكانی وەك  تەلەفۆن  و ئنتەرنێت
ئەم دو ئامرازی پەیوەندیە هێند بەربڵا و بوە  خەریكە بەتەواوی  جێی سەردان و مەجلیس و دیوەخانەكانی جاران  بگرێتەوە، بۆتە پێداویستیەكی خۆراكئاسای ژیان، دەستبەرداربونی زۆر ئەستەمە. ئەم پێداویستیە لە لایەن كۆمپانیاكانەوە تەواو قۆرغكراوە، بەو رادەیەی خەڵك ناویان بنێ دزی چاونەترسی گیرفانبڕ. موخابن دەسەڵات لەم هەرێمە نەك لێی بێدەنگە بەڵكە بۆتە بەشێك لێیان. پێدەچێت ئەم قۆرخكاریە  لێرەدا نەوەستێت و كەرتەكانی وەك پەروەردە و كارەبا و ئەوانی تریش بگرێتەوە. حكومەتیش لە حكومەتی خەڵكەوە  بە تەواوی ببێت بە پاسەوانی پاراستنی بەرژەوەندیەكانی ئەم كۆمپانیایانە.

بەغدا و بودجە و موچە
ئەم سیاسەتی ئابوری سەربەخۆیەی هەرێم كاریگەری راستەوخۆی  كردۆتەسەر  پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغدا، نەوت و بودجە رۆڵی سەرەكی تەواوی هەیە لە دیاریكردنی جۆری ئەم پەیوەندیە ، كاریگەریەكە گەیشتۆتە ئەو رادەیەی جێی پرسی خاك و پرسە نشتمانی و نەتەوەییەكان بگرێتەوە. لە لێكەوتەكانی ئەم جۆرە پەیوەندیە :
1-نەگەڕانەوەی زەوی و موڵكی كورد لە ناوچە دابڕێندراوەكانی كوردستان.
2-دوركەوتنەوە لە یەكتر و پەرتبون لە جیاتی یەكڕیزی و تەبایی.
3-بە حیزبیكردنی پەیوەندیەكان.
4-بەكەم  (گرتن و سەیركردنی) بەغدا بۆ كەسایەتیە سیاسیەكانی كورد و حیزبەكانیان.
5-موچە و بودجە موچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی بە دەردی گیسكەكەی هەیاس بردوە. لە داهاتوی نزیكدا پێشبینی ناكرێت ئەم پرسە چارسەر بكرێت، چونكە پێناچێت كابینەی داهاتو بتوانێ لە سیاسەتی نەوتی رابردو لابدات و پەیوەندیەكی سەلیم لەگەڵ ناوەند دروست بكات.  

چارەسەر
لەداهاتودا دەبێت كار بكرێت لەسەر:
1-رێكخستنی پەیوەندیەكان لە گەڵ بەغدا لە رێگەی دامەزراوەی فەرمی حكومەت و پەرلەمانەوە.
2- پرسە نیشتمانیەكان ببن بە فاكتەری سەرەكی لە رێكخستنی پەیوەندیەكان لەگەڵ ناوەند.
كێ چارەسەری بكات؟
خەڵك، دەڵێن  " ئەمە گرێكوێرەكە و گرفتەكەیە".

مەلا فرمان



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved