پلانی (B) یەكێتی، بلۆف‌و بادانەوە!

04/03/2019

رێبوار کەریم وەلی

 (1)
ئەگەر تا پێش 18ی شوبات، یەكێتی كارتی كاتبەسەربردن و كۆبوونەوەی بێئەنجامی لە بەرامبەر پارتیدا بەكارهێنابێ، ئەوا لە دوای ئەو مێژووەوە، ئەو كارتەی یەكێتی وەك شمشێری دوودەم ئەمجارە رووی لە خۆیەتی. پارتی بە هیچ شێوەیەك ئامادە نییە باجی رێكنەكەوتنی باڵە جیاجیاكانی ناو یەكێتی بدات و ناشتوانێ لە یەك كاتدا بەرژەوەندیی هەر هەموویان دابین بكات، بۆیەش ئامادە نییە پڕۆسەی سیاسیی كوردستان بخاتە رەهنی ئەوەی كە كەی یەكێتی لەناو خۆیاندا دەگەنە رێككەوتن؟!

گرفتی سەرەكیی یەكێتی ئەوەیە كە هەر باڵەی ناو یەكێتی دەیەوێ بە دەستەبەركردنی زۆرترین بەرژەوەندی بۆخۆی و كوتلەكەی لەگەڵ پارتیدا رێكبكەوێ، جا كە باڵەكانی دیكە بەوە دەزانن، بەناوی بەرژەوەندیی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و شەراكەتی راستەقینە و، وەك مەیدانخوازییەك بۆ پارتی دەرخواردی لایەنگرانی خۆیانی دەدەن. نموونەیەكی سادە ئەوەیە كە لە 18ی شوبات، ماڵباتی تاڵەبانی دەیانویست بەهەر نرخێك بێت بێگەرد تاڵەبانی لەناو پەرلەمان بمێنێتەوە و بەدزی ئەوانی دیكەوە بیكەنە سەرۆكی پەرلەمان!

هەفتەی رابردوو یەكێتی دوایین كارتی خۆشی تاقیكردەوە و رووی كردەوە بەغدا، بەڵام ئەو بەغدایەی كە جاران مەیلی لەناوبردنی قەوارەی دەستووریی كوردستانی هەبوو، ئێستا هەولێر وەكو شوێنی چارەكردنی كێشەكان نیشان دەدات. یەكێتی سەرباری ئەوەی ئەو راستییە دەزانێ كە چیتر كارتی بەغدا بەرامبەر بە پارتی بەكارنایەت، بەڵام دیسانیش لە دوای 18ی شوباتەوە هەندێك لە سەركردەكانیان باسی پلانی (B) دەكەن و تەنانەت ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی رۆژی شەممە سەركردایەتیی حزبەكەی سەرپشك دەكات لە هەر هەنگاوێك كە لە ئەگەری رێكنەكەوتن لەگەڵ پارتیدا بیگرێتە بەر! سەیرە، پلانی (B) چییە؟ سەرپشككردنی سەركردایەتی مانای چییە؟ یەكێتی یان بەشداریی حكومەت دەكات (كە عاقیبەت هەر دەیكات) یان دەبێتە ئۆپۆزیسیۆن (كە ئەوەیانی قەت پێناكرێت)، كەواتا پلانی (B) و هەر هەنگاوێكی دیكە مانای چییە جگە لە بلۆف و موزایەدە؟

گومان لەوەدا نییە كە كۆسرەت رەسوڵ و بەشێكی سەركردایەتی یەكێتی دوور لە موزایەدات دەیانەوێ رێككەوتنێكی عادیلانە لەگەڵ پارتیدا بكرێت و باش لەوە تێگەیشتوون كە ئێستا ئیتر وەك سەردەمی شەڕی ناوخۆ نییە نیوەی حزبەكان لە سلێمانی و نیوەكەی دیكەیان لە هەولێر و هەر یەكەیان بچێتە پاڵ ئیدارەیەكەوە.

بۆ گۆڕان حەرام و بۆ یەكێتی حەڵاڵ
(2)
هەموو شەڕی یەكێتی لەگەڵ پارتی جارێ لەسەر دوو پۆستە كە هیچ پەیوەندییەكان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 30ی ئەیلوولەوە نییە، دیارە دواتریش كە ئەوە چارەسەر بوو، ئەوجا دەچنە ناو پڕۆسەیەكی دیكە لە دابەشكردنی پۆستەكانی ناو كوردستان. بەڵام هەر لەو رۆژەوەی كە گۆڕان و پارتی رێككەوتوون، میدیای یەكێتی و سێبەرەكانی بە چەپ و راست پەلاماری گۆڕان دەدەن كە گوایە بۆ پۆست پشتیان لە ئامانجەكانیان كردووە! دیارە هەموو ئەوانەیش كە ئەو قسانە دەكەن، هیچیان رەنگبێ ناوەڕۆكی رێككەوتنەكەیان هەر نەخوێندبێتەوە كە دیدە هاوبەشەكەی پارتی و یەكێتی (كە بە رێككەوتنی سیاسی ناوی دەبەن) لەچاو ئەو رێككەوتنە، لە باشترین حاڵەتدا ئینشایەكی سیاسییە و بەس!

ئینجا وەك ئەوەی رێككەوتنی 5ی شوبات بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە نێوان گۆڕان و پارتیدا كرابێت و پارتیش پێشێلی كردبێت. نەك گۆڕان هیچ حزبێكی سیاسی لە كوردستان ئامادە نییە خۆی بكاتە قوربانیی ئەوەی كە یەكێتی پۆستی پارێزگاری كەركووك وەردەگرێ یان نا و یان وەزیرێكی لە بەغدا دەبێت یان نا؟ هەموو حزبەكان 16ی ئۆكتۆبەریان لەبیرە و گۆڕانیش 19ی ئابی لەبیرە كە چۆن یەكێتی سەرباری رێككەوتنی دەباشانیش پشتی تێكردن.

لە ئەساسدا یەكێتی خەمی ئەو پۆستانەیەتی كە بەر گۆڕان كەوتوون و خۆی چاوی لە هەندێكیان بڕیبوو، چونكە دڵنیایە لەوەی كە ئەمجارەیان پارتی وا بەئاسانی پشت لە گۆڕان ناكات، یەكێتی دەبێ شەڕی بەرماوەی ئەو پۆستانە بكات كە ماونەتەوە یانیش لای پارتین. 

گۆڕان لەو پڕۆسەیەدا یارییەكی سیاسیی زۆر زیرەكانەی كردووە و یەكێتی خەفەتی ئەوەیەتی كە چۆن ئەوان دەتوانن وا بە ئاسانی بڕیار بدەن، بەڵام خۆیان ناتوانن.

سەرۆككۆمار دێتە هەولێر
(3)
خەریكە وردە وردە بەستەڵەكی نێوان پارتی و دكتۆر بەرهەم ساڵح دەتوێتەوە. دیداری دوو قۆڵیی هوشیار زێباری و سەرۆككۆمار، بەر لە كۆبوونەوەی بەرفراوانی پارتە سیاسییەكان لە بەغدا، پەیام و پەیام گۆڕینەوەیەكی سیاسی بوو بە ئاراستەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان و ئەوە یەكەم هەوڵیش نەبووە. هەردوولا دەستپێشخەرییان هەیە و دوور نییە لەماوەی داهاتوودا ئەو گرفتەش چارەسەر بێت.

ئەگەر یەكێتی و پارتی بگەنە رێككەوتنێكی سەرەتاییش و لانیكەم یەكێتی بەشداریی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بكات و، یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم كارا و هەموار بكرێتەوە، ئەو كاتە نۆرەی ئەوەیە كە پەرلەمان سەرۆك و جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێرێت كە بە دڵنیاییەوە نێچیرڤان بارزانی دەبێتە سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

چاوەڕوانییەكان ئەوەیە كە بەبۆنەی سوێندخواردنی سەرۆك و جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دكتۆر بەرهەم وەك سەرۆككۆمار یەكەم سەردانی فەرمیی خۆی بۆ هەولێر ئەنجام بدات و بەشداری لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا بكات. ئەوە دەبێتە دەرفەتێكی باش بۆ سەرخستنی ئەو هەوڵانەی بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر لە ئارادان و، دەستی سەرۆكایەتیی هەرێم (بە سیفەتی نوێنەرایەتیی گەلی كوردستان لە دەرەوە)، سەرۆكی حكومەت و سەرۆككۆمار زۆر بەهێز دەكات.

رێبوار كەریم وەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی