نۆرەی کاک مەسعودیش بدەن

04/03/2019

کاوە شێخ عەبدوڵا


لە کاتی گفتوگۆی نێوان حکومەتی عێراق و ی.ن.ک لە ساڵی ۱۹٨٤ بەدواوە، مام جەلال (وەکو خەسڵەتە هەمیشەییەکەی خۆی لە سیاسەتدا) زۆر زیرەکانە دەیەوێ سەدام حسێن لە هاوکێشەی گفتوگۆکەدا بێنێتە دەرەوەو بە سەرانی بەعس دەڵێ: ەبێ سەدام حەکەمبێ نەک خاسم!

سروشتی گفتوگۆو ڕێککەوتنی نێوان دوو لایەنی ناکۆک و هاوسەنگ وایە، کە واباشترە میانگیرێک لەنێوان لایەنەکاندا هەبێ. هەم وەکو چاودێر، هەم وەکو شاهێد تا بزانێ چ لایەکیان پابەند نابێ بە رێککەوتنەکەوە.

ئێستا هەر سێ لایەنە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان بە نووسراو رێککەوتنی سیاسییان هەیە و وا دەردەکەوێ ناکۆکی قوڵیان نەماوە.

لەم میانەدا کاک مەسعود .... کە پارتی پلانی داناوە بیکاتە سەرۆکێک لە دەرەوەی حزب و حکومەت و بارەگای تازە بە لۆگۆ و ناونیشانی جیاوە بۆ کردووەتەوە.... وا خۆی دەردەخات لە دەرەوەی حزب چاوەڕێی قبوڵکردنیەتی وەکو سەرۆکێکی مێژوویی!

بۆ ئەم قۆناغەی حوکمڕانی سێقۆڵیی پارتی و یەکێتی و گۆڕان، واباشترە بارزانی وەکو حاکم بهێننە ناو ڕێککەوتننامەکانیان و ناچاری بکەن لە نێوان هەرسێ بلۆکی سەوز و زەرد و نیلی، خۆی نەخات بە بارێکدا و مام جەلال وتەنی حاسم نەبێ بەڵکو حاکمبێ.

بۆ پارتییەکان و بەشێکی زۆری کورد لە پارچەکانی تری کوردستان، کاک مەسعود پێگەیەکی گرنگ و یەکلاییکەرەوەی هەیە. یەکێتی و گۆڕان بێ هیچ سڵکردنەوەو شەرمکردنێک، دەتوانن زیرەکانە ئەو شەخسیەتەی کاک مەسعود بەکاربێنن بۆ سەرخستنی ڕێککەوتننامەکانیان و نەهێڵن تەنیا خۆی بەلای پارتی و بەرژوەندییەکانیدا بخات... کە ڕوون و ئاشکرا لەو ۱۰ ساڵەی سەرۆکی هەرێم بوو، زۆر پارتییانە و حزبییانەو زۆرجاریش خێڵەکییانە هەڵسوکەوت و مامەڵەی دەکرد.

ئەمەی من دەیڵێم بە مانای دروستکردنی مەرجەع نایەت، چونکە ژینگە و سروشتی سیاسەتکردن لە هەرێمی کوردستان هەرگیز رێگە بە دروستکردنی تاک مەرجەعی سیاسی نادات. بەڵام دەکرێ بۆ ئەوەی ئەزموونە قوپاو و شکاوەکانی دە ساڵی ڕابردوو چەندبارە نەبنەوە، دەرفەتێکی سیاسی... تەنیا سیاسی نەک حوکمڕانی و ئیداریی... بۆ کاک مەسعود بڕەخسێنرێ تا ناچاری بکەن چاودێر و شاهێدبێ و لە کاتەی ملەجوڕەکردن یان پێشێلی رێککەوتنەکان لەلای پارتییەوە ئەگەر کران، ئەوا کاک مەسعود ئیحراج بکرێ کە سەرکردایەتی پارتی بهێنێتەوە جێوڕێی خۆی لەناو ڕێککەوتنەکاندا.

هەوڵ بدە مەڵێ خەیاڵپڵاوییە ئەم پێشنیازە، چونکە لە سیاسەتدا هێز و بێ هێز جێگیر نین. دەکرێ لەم قۆناغەدا بێ هێزەکان ...کە حزبەکانی جیا لە پارتین... بەڕێی زیرەکانە بەهێزەکە.... کە پارتییە... ناچار بکەن بەرژەوەندی ئەوانیش لەبەر چاو بگرێ و خۆی نەبێتە حاکمی ئەوەڵ و ئاخیر وەکو لە دوای ۲۰۱٥وە بێمەنناتانە چی ویستووە کردوویەتی.

کاوە شیخ عەبدوڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی