كێ زیانمه‌ند ده‌بوو؟ ئه‌دی كێ سوودمه‌ند بووه‌؟

كێ زیانمه‌ند ده‌بوو؟ ئه‌دی كێ سوودمه‌ند بووه‌؟

شاخەوان برایم عبدالله


663 جار خوێندراوه‌ته‌وه


له‌ چه‌ند هه‌فته‌ و رۆژی رابردوودا جارێكی دیكه‌ نێوانی پارتی و یه‌كێتی ئاڵۆز بووه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ راستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌، له‌كاتی هه‌ر دۆخێكی ئاڵۆزیشدا، خواستێكی نهێنی و هه‌ندێجار ئاشكراش بۆ لێكنزیكبوونه‌وه‌ی نێوانیان هه‌بووه‌ و به‌رده‌وامیشی ده‌بێت. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هه‌م مێژوو و هه‌میش ئه‌زموونی چه‌ند ساڵه‌ی رابردوو، ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌ پارتی و یه‌كێتی بڕیاری ئه‌وه‌یان داوه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌ڕێوه‌ ببه‌ن، سه‌رباری ره‌خنه‌كانیان له‌ یه‌كدی، به‌ڵام واقیعه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌ربازییه‌كه‌ وای ویستووه‌، كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانی ئاڵۆزیی نێوانیشیان بۆ كۆمه‌ڵگه‌ و ته‌واوی كایه‌كانی دیكه‌ شۆڕ بووه‌ته‌وه‌ و شۆڕده‌بێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر نێوانی پارتی و یه‌كێتی خۆشبووایه‌، ره‌نگه‌ دۆخی ئێستا كه‌ركووك به‌و ئاسته‌ی نه‌ده‌گه‌یشت!.

رێككه‌وتنی ئه‌مرۆی پارتی و یه‌كێتی، جگه‌ له‌وه‌ی چاوه‌ڕوانكراو بوو، به‌ڵام بۆ قۆناغی ئێستا پێویست بوو، به‌وه‌ی هه‌ركه‌ نێوانی ئه‌و دوو هێزه‌ ئاڵۆز بووبێت، كۆمه‌ڵگه‌ش ئاڵۆزی تێكه‌وتووه‌، به‌ گشتی و به‌ پله‌ی یه‌كه‌م خه‌ڵكی كوردستان زیانمه‌ندی یه‌كه‌می هه‌ر ئاڵۆزییه‌كی نێوان ئه‌و دوو هێزه‌ ئابووری و سیاسی و سه‌ربازییه‌ ده‌بن كه‌ ته‌واوی كایه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ به‌ پارتی و یه‌كێتییه‌وه‌ به‌ندن، ئینجا هه‌ر چۆنێك بێت، ئه‌وه‌ پرسێكی دیكه‌یه‌، ده‌كرێ حیزبه‌ بچووكه‌كان كێشه‌یان هه‌بێت و هه‌وڵی ئاڵۆزی له‌ دژی ئه‌و دوو حیزبه‌ بده‌ن، به‌ڵام هه‌رگیز كیشه‌ی ئه‌و حیزبه‌ بچووكانه‌ كاریگه‌رییه‌كانی هێنده‌ی كێشه‌ی نێوان پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ به‌ نه‌رێنی ناكه‌وێته‌وه‌! به‌وپێیه‌ی ئه‌و دوو حیزبه‌ ته‌واوی كایه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یان له‌به‌رده‌ستدایه‌.

دروسته‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ندێ هێزی سیاسی، هاوكات كه‌سانی مشه‌خۆری ناو هه‌ردوو حزبیش، نه‌بوو، به‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ كه‌س و حیزبانه‌ سوودمه‌ندی كێشه‌ و قه‌یرانه‌كانن و باكیشیان به‌وه‌ نییه‌ كوردستان به‌ هۆی كێشه‌كانه‌وه‌ چاره‌نووسی چی و چۆنیش وێران ده‌بێت، ئه‌وه‌ی به‌لای ئه‌و تایپه‌ له‌ حیزب و كه‌سه‌ مشه‌خۆرانه‌وه‌ گرنگه‌، ته‌نیا ئاڵۆزییه‌، چونكه‌ هه‌ست ده‌كه‌ن له‌ ناو ئاڵۆزییدا سوودمه‌ند ده‌بن و پێیانوایه‌ گه‌شه‌ ده‌كه‌ن، به‌وپێیه‌ی كێشه‌ی پارتی و یه‌كێتی وه‌ك كارتی سیاسی بۆ له‌ خشته‌بردنی خه‌ڵك به‌كارده‌هێنن، به‌جۆرێك هه‌ر رۆژه‌ی حیزبێكی بچووك له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ئاڵۆزییانه‌ له‌ پڕێكدا دێت و بانگه‌شه‌ی زیاتر له‌ قه‌باره‌ی خۆی ده‌كات، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی سوود له‌ كێشه‌ی ئه‌و دوو حیزبه‌ وه‌ربگرن، ئه‌گه‌رچی فره‌حزبی و بۆچوونی جیاواز له‌ كایه‌ی سیاسی و ده‌وڵه‌تداریدا له‌ قۆناغی هه‌نووكه‌ ئاماژه‌یه‌ك و مۆدێلێكی دیموكراسییه‌ و بایه‌خی زۆری له‌ كایه‌ی سیاسی نێوده‌وڵه‌تیدا هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ كوردستان له‌ په‌نای دیموكراسییه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌ر حیزب و كه‌سه‌ بۆ له‌ خشته‌بردنی خه‌ڵك په‌نایان بۆی بردووه‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك كولتووری دیموكراسیی نه‌بووه‌، ئاخر هێشتا خه‌ڵكانێك هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی پێگه‌یان به‌هێز بێت حه‌ز ده‌كه‌ن كوردستان نان نه‌بێت بیخوات و پارتی و یه‌كێتیش له‌ بری كۆنه‌ كاتیوشاكانی زوویان، میلانی ئێستا ئاڕاسته‌ی یه‌كتری بكه‌ن، ئه‌و عه‌قڵییه‌ته‌ نه‌ك ته‌نیا له‌ ناو حیزبه‌ نه‌یاره‌كانی پارتی و یه‌كێتی هه‌یه‌، به‌ڵكو له‌ناو خودی ئه‌و دوو حزبه‌ش ئه‌گه‌ر له‌ ئاستی لاوازیش بێت، به‌ڵام ئاماده‌گی هه‌یه‌.

واقیعێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌ربازیش هه‌یه‌ كه‌ پارتی و یه‌كێتی به‌بێ یه‌كتری زه‌حمه‌ته‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌ڕێوه‌ ببه‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌و وڵاته‌ش زه‌حمه‌ته‌ به‌بێ پارتی و یه‌كێتی به‌ڕێوه‌ بچێت، ئه‌وه‌ قسه‌ی من نییه‌ و ئاماژه‌كانی روونن. هه‌ر ناكۆكییه‌كی نێوانیشیان كاریگه‌ری به‌سه‌ر كۆی كۆمه‌ڵگه‌ هه‌بووه‌ و ده‌بێتیش، هه‌ر كاتێكیش نێوانیان خۆشبووبێت بازاڕ جوڵه‌ی كردووه‌ و بووژانه‌وه‌ش ده‌ستیپێكردووه‌، هاوكات خه‌ڵكیش هه‌ستیان به‌ سه‌قامگیری كردووه‌.

هه‌ر له‌ سبه‌ینێوه‌ كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌بینرێت و زۆرینه‌ی خه‌ڵكیش رووخسارێكی گه‌شیان ده‌بێت، هه‌تا ئه‌گه‌ر پاره‌ش له‌ گیرفانیان نه‌بێت، چونكه‌ سه‌قامگیری به‌شێوه‌ فراوانه‌كه‌ی به‌ لای خه‌ڵكه‌وه‌ گرنگ و پێویسته‌، ئیدی خه‌ڵكیش له‌و هه‌راوهۆریایه‌ی سیاسه‌ت بێزار بووه‌ و ته‌نیا ده‌خوازن بژین، به‌ تێكچوونی په‌یوه‌ندی ئه‌و دوو هێزه‌، پێش هه‌ر لایه‌نێك خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان زیانمه‌ند ده‌بوون، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ له‌ رێككه‌وتندا دیسان ئه‌وان سوودمه‌ند ده‌بن، به‌و مه‌رجه‌ی ئیدی پارتی و یه‌كێتی و هێزه‌كانی دیكه‌ش ركابه‌رێتی یه‌كتری بكه‌ن له‌سه‌ر بنه‌مای كێ كاری زیاتر بۆ میلله‌ت ده‌كات.



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved