ئەخلاقی کوێر !

ئەخلاقی کوێر !

پەیکار عوسمان


699 جار خوێندراوه‌ته‌وه


- کێشەی جەنگ چەکەکان نیە، کێشەی جەنگ مرۆڤەکانە.
چەکەکان لانیکەمی ئەوە جێبەجێئەکەن، کە لە خەیاڵی مرۆڤەکاندا هەیە، چەكەکان هەر بەقەت ئەوە ئەکەن کە پێیان ئەکرێ، زیاتر نا.
ئەو کاولکاری و کوشتنەی لە خەیاڵی مرۆڤەکاندا هەیە، زۆر زیاترە لەوەی کە لە توانای چەکەکاندا هەیە!
خەیاڵی جەنگاوەران کراوەیەو توانای چەکەکان مەحدود.. 
ڕەنگە ئەمە تاکە ئیجابیاتی شەڕبێت.

- کێشەی مرۆڤەکان ئەوەیە کە هێشتا تەقەبولی ئاشتی ناکەن وەکو ئەسڵ، شەڕیش وەکو ئیستیسناو لادانێك. 
تەنانەت واش بۆیان هەزم ناکرێ کە وەکو دوو پێچەوانە، هاوتاو هاوشانی یەك بن!
بەڵکو لایان وایە کە جەنگ نیشانەی هێزەو ئاشتیش نیشانەی لاوازی و کەمیی. 
ڕەنگە ئەمە شلترین برغوی عەقڵ بێت.

- کێشەی کورد ئەوەیە نیە کە ئاشتی نافامێ، کێشەی کورد ئەوەیە کە شەڕ نافامێ!
کورد لە شەڕ بەس تەقەو زرمەو گرمەو دوکەڵ.. تێگەییشتووە، ئەمەش لەباشترین حاڵدا چەكناسییە نەك شەڕناسیی!
تۆ ئەگەر تەماتە بناسیت هەمووی ناکڕیت، هەنێکی هەڵئەبژێریت، کورد هێشتا نەگەییشتووە بەو هەڵبژاردنە، هەموو شەڕەکان ئەکات، هێشتا نەگەییشتووە بەوەی کە هەنێکیان نەکات.
ڕەنگە ئەمەش خراپترین نەگەییشتن بێت.

- بێلایەنی بۆ ئەوە باشە کە لەنێوان دوو خەت خەتی سێیەم دروست بکات، بەمەش ئەوترێ "بێلایەنیی ئیجابیی"، چونکە ئەو کاتەی لەنێوان دوو دنیابینیی، دنیا ئەگاتە بنبەست، خەتی سێیەم پەنجەرەی دنیایەکی تر ئەکاتەوە.

بەڵام 'بێلایەنیی سلبیی' ئەوەیە: حەق کە شتێکی ڕێژەییە، لایەنێك بە عالەمی ئاشکرا ڕێژەیەکی زیاتری لایەو لایەنێك ڕێژەیەکی کەم، تۆ بەهەر هۆکارێك ئەمە نابینیت یان ناتەوێ بیبینیت!
ئینجا ئەوە هیچ خۆت دنیابینیی سێیەمت نیە، بەم نەبینینەش لەنێوان دوو دنیابینیی، خراپترینیان سەرئەخەیت و تۆخئەکەیتەوە!
ئەمەش بێگومان کوێریی چاو نیە، بەڵکو کوێریی 
ئەخلاق.



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved